كۆنفرانسێك بۆ ئاڵنگارییەكانی كشتوكاڵ

لەبارەی ئاسایشی خۆراکەوە، هۆشداری بە هەرێم و عیراق دەدرێت

10:07 - 2022-06-19
ڕاپۆرت
511 جار خوێندراوەتەوە
# رۆژی یەكەمی سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستە كشتوكاڵییەكان

راپۆرتی: رێزە حسێن

رۆژی 15ی حوزەیرانی 2022، لەناو كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی، سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستە كشتوكاڵییەكان بەڕێوەچوو، لە وتارێكیدا سەرۆكی لیژنەی باڵای كۆنفرانسەكە، داوای لە هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان كرد، ئاڵنگارییەكانی بەردەم كەرتی كشتوكاڵ و كەشوهەوا و ژینگە و ئاسایشی خۆراک، بە هەند وەربگرن و كاری بەپەلە و زانستی لەسەر بكەن.
عیراق و هەرێم لە مەترسیدان
لە دەستپێكی كۆنفرانسەكەدا، د.كارزان تۆفیق راگری كۆلێجی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكانی زانكۆی سلێمانی و سەرۆكی لیژنەی باڵای كۆنفرانس، ئاماژەی بە ئاڵنگارییە جیهانییەكانی بەردەم ئاسایشی خۆراك كرد، لەو چوارچێوەیەدا داوای لە هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان كرد، ئەو ئاڵنگارییانە بە هەند وەربگرن و كاری بەپەلە و زانستی لەسەر بكەن، تا جارێكی دیكە رەفەی ماركێتەكان خاڵی نەكرێنەوە لە خۆراك، وەكو ئەوەی لە سەردەمی پەتای كۆرۆنادا بەسەر جیهاندا هات.
ئەو توێژەرانەی كە بەشداری كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستە كشتوكاڵییەكانیان كردووە، توێژینەوەكانیان لە گۆڤاری زانستی (ProEnvironment)دا بڵاودەكرێتەوە كە ئیندێكس كراوە لە كلاریڤەیت ئەنالیتیكس.
لەبارەی گرنگی كۆنفرانسەكەوە، سەرپەرشتیاری كۆنفراسەكە روونیكردەوە: بەڕێوەچوونی ئەم كۆنفرانسە، دەستكەوتێكی زانستیی گەورەیە، چونكە بۆ یەكەمینجارە لەسەر ئاستی زانكۆ، كاری لەمجۆرە لە هەرێمی كوردستان بكرێت، بە جۆرێك زیاتر لە 149 توێژەر بەشدارییان كردووە، هاوكات حەوت سپیكەر كە شەشیان لە وڵاتانی (ئەوروپا، ئەمریكا، ئاسیا و ئەفریقیا)ن، سیمیناری تایبەتیان لە كۆنفراسەكەدا پێشكەشكردووە.
49 توێژینەوە بۆ چارەسەركردن 
لای خۆیەوە، د.دانا ئازاد ئەندامی لیژنەی باڵای كۆنفرانسەكە، وتی: «لە كۆی پێشكەشكردنی 70 توێژینەوە، بۆ چارەسەركردنی ئاڵنگارییەكان و سەرجەم ئەو كێشانەی روبەڕووی كەرتی كشتوكاڵ و ژینگە و كەشوهەواو دەبنەوە، 49 توێژینەوە رەزامەندییان لەسەر دراوە، بەشێوەیەك لە هەموو توێژینەوەكاندا سەرجەم كێشە و ئاڵنگارییەكانی بەردەم (كەرتی كشتوكاڵی، وشكەساڵی، كەمبوونەوەی ئاو، بەبیابانبوون و گۆڕانی كەشوهەواو مەترسییەكانی) خراونەتەڕوو».
راشیگەیاند: هەر لەو توێژینەوانەدا، ئاماژە بە چارەسەركردنی سەرجەم ئەو كێشانە دراوە، ئەوەشی جێگەی دڵخۆشییە لەسەر ئاستی جیهان و ناوخۆ، چەندین پرۆفیسۆری زانكۆ جیهانییەكان، لە رێگەی سپیكەرەوە لەگەڵمان بەشداربوون، بەمەبەستی تاوتوێكردنی بابەتەكان، بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی راستەقینە.
بەڕێوەچوونی كۆنفرانسەكە بە دروشمی «كشتوكاڵی بەردەوام و ئاڵنگارییە جیهانییەكان»، لەكاتێكدایە جیهان لە بەردەم مەترسی گۆڕانكارییەكانی ژینگە و كەشوهەوادایە، ئەمە جگە لەوەی دیاردەكانی وشكەساڵی و بەبیانبوون، بوونەتە هەڕەشەیەكی گەورە بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە. لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆكی لیژنەی باڵای كۆنفرانسەكە جەخت دەكاتەوە: «پێویستە هەرێمی كوردستان بخرێتە سەر رێچكەی كشتوكاڵكردن بە تەكنیك و شێوازی سەردەمیانە».
خۆناساندن بە ناوخۆ و جیهان
د.ژینۆ محەمەد، مامۆستا لە كۆلێجی كشتوكاڵ لە زانكۆی سلێمانی، روونیدەكاتەوە: گرنگی ئەمجۆرە كۆنفرانسانە لەوەدایە، بواری زانستی خۆمان بە چەند توێژینەوەیەكی جۆراوجۆر خستۆتەڕوو، بە جۆرێك توانیومانە لە حەوت بواری جیاوازی زانستە كشتوكاڵییەكاندا، چەندین توێژینەوە بە جیهان و ناوخۆی كوردستان بناسێنین كە سەرجەمیان خۆیان لە چارەسەركردنی كێشەیەكی سەرەكی لە بواری كشتوكاڵدا دەبیننەوە، وەك بابەتەكانی بواری (زانستی ئاژەڵ، زانستی خۆراك، بەبازاڕكردن و ناوچەی گوندنشینان، بەروبوومە كشتوكاڵییەكان، سامانە سروشتییەكان) و زۆر بواری تری خاك و ئاو.
سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستە كشتوكاڵییەكان، ماوەی دوو رۆژی خایاند كە زیاتر لە 150 توێژەر بە 49 توێژینەوە لە حەوت بواری جیاوازدا بەشدارییان تێدا كردبوو. كۆلێجی زانستە كشتوكاڵییەكانی زانكۆی سلێمانی، لە ساڵانی 2013 و 2018دا دوو كۆنفرانسی دیكەی لەو چوارچێوەیەدا رێكخستووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان