״سەركەوتنی پرۆسەی فێركردن، پێوەری سەرەكیی پێشكەوتنی وڵاتە״

10:41 - 2024-06-10
عیراق
222 جار خوێندراوەتەوە
کۆبوونەوەی سەرۆك كۆمار و وەزیری خوێندنی باڵا

سەرۆك كۆمار، دووپاتیدەكاتەوە كە سەركەوتنی پرۆسەی فێركردن، پێوەری سەرەكیی پێشكەوتنی وڵاتە.
د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا پێشوازی لە د.نەعیم ئەلعەبودی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، كرد و لە دیدارێكدا جەختیكردەوە لەسەر پێویستی گرتنەبەری ستراتیژیەتییەكی نیشتمانی بۆ خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەپێناوی دابینكردنی كەشێكی هاندەر بۆ پەرەپێدان بەزانست و زانیاری هاوتەریب لەگەڵ پێشكەوتنە زانستییە هاوچەرخەكاندا، كە سەركەوتنی پرۆسەی فێركردن لە زانكۆدا، پێوەرێكی بنەڕەتییە بۆ پەرەپێدان و پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی لە وڵاتدا.
سەرۆك كۆمار، گرنگی باشتركردنی پرۆگرامەكانی خوێندن و بایەخدان بە لایەنی زانستی و ئەكادیمی دووپاتكردەوە لەپێناوی دەستەبەركردنی وزە و شارەزایی لەبوارە جۆراوجۆرەكاندا و تیشكیشی خستەسەر پێویستی كاراكردنی هاوئاهەنگی نێوان زانكۆكانی عیراق و پەرەپێدانی میكانیزمەكانی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕكردنی ئەزموون و زانیاری و باشتركردنی پرۆسەی هاوبەشیكردنیان لەگەڵ زانكۆكانی وڵاتە پێشكەوتووەكاندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان