یادگار

مام جەلال: * شەهید شەهاب لە داڕشتنی بناغەی کۆمەڵەدا زۆر چالاک بوو * بەهۆی کاک شەهاب لەمردن ڕزگارم بوو

11:42 - 2024-06-10
دووتوێ
211 جار خوێندراوەتەوە

مام جەلال

 ساڵی 1948 شەهید شەهابم ناسی. ئەو ساڵە شەهید شەهاب خوێندکاری کولیەی مەلیک فەیسەڵ بوو لە بەغدا و منیش لە پۆلی یەکی ناوەندیی کۆیە بووم. کولیەکەی شەهید دوای ڕاپەڕینەکەی کانونی دووەمی 1948 بەسترا. خاڵی شێخ نوری شێخ ساڵحی شاعیر و کوردپەروەر دۆستی باوکم بوو. بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەقیش بوو. بۆیە شەهید شەهابی ناردبووە کۆیە بۆ ماڵی ئێمە بۆ ساڵ تەواو کردن. هەر بۆیەش لەگەڵیدا ئاشنا بووم و بووینە برادەر. هەردوکیشمان ئەندامی پارتی بووین. بۆیە پێکەوە زۆر تەبا بووین. لەوساوە من و شەهید شەهاب بووین بە دوو هەڤاڵ و برادەر، تەنانەت کە هەندێک جار ڕێبازی سیاسیشمان لێک دادەبڕا، ئێمە هەر دۆست و هەڤاڵ دەماینەوە.

لە دەستپێک و سەرەتای برایەتییەکەمانەوە، شەهید شەهابم چوو بوو بە دڵدا و لاوێکی خوێنگەرم، بەوەج و بەگوڕ و تەوژم. ژیر و بەدەموپل بوو.
دوای کودەتا شومەکەی شوباتی 1962، کاک شەهابیش لەو لاوە دڵسۆزانە بوو کە ڕوویان کردە ناوچەی شۆڕش. شەهید ناوچەی چەمی ڕەزانی هەڵبژارد، سەبارەت بەوەی کە دەیزانی بارەگای سەرکردایەتیی هێزی ڕزگاریی لێیە کە بەندە فەرماندەی بووم.
لە دوای لێکدابڕانێکی چەند ساڵە، بە دیداری یەکتر شاد و شکور بووینەوە و کاک شەهاب بۆ هەر کارێکمان دادەنا، سەرکەوتووانە ئەنجامی دەدا. هەر لە ڕێبەری سیاسییەوە تا لێپرسراوی ئیداریی و تا پێشمەرگایەتیی ناو سەنگەرەکانی شۆڕش. لەو ماوەیەدا زۆر پێکەوە دەدواین و زۆر باشتر لە یەکتر دەگەیشتین. ئیتر بەتەواوی بووینە برای گیانی بە گیانی و هاوسەنگەر و هاوڕێی خەباتی شۆڕشگێڕانە و پێشکەوتنخوازانە، لە بیر و بۆچون و هەڵوێستە سیاسییەکاندا بەتەواوی لێک نزیک و هاوبیر بووین.
لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا پێکەوە هاوڕێباز بووین. لە کۆتایی شەستەکانیش زۆر لێک نزیک و هاوکار بووین، پێکەوەش هاتینە سەر بیری دامەزراندنی کتێبخانەی «بیری نوێ» کە کاک دارۆ شێخ نوری برای شەهیدمان کرد بە خاوەنی.
کاتێک خۆی و چەند هەڤاڵێکی هاتبوونە سەر بیروباوەڕی دامەزراندنی ڕێکخراوێکی تایبەتی مارکسیست لینینیست، هاتە لام و پرسی پێکردم و پێکەوە بناغەی کۆمەڵەمان داڕشت.
شەهید شەهاب لە داڕشتنی بناغەی کۆمەڵەدا زۆر چالاک بوو. ژیرانە بەرەنگاری گیروگرفتەکان دەبۆوە، لە هەموو هاوڕێیانی ناوەوە کامڵتر و ژیرتر بوو. لە جورئەت و ئازایەتی و ئیقدام کردندا کەموێنە بوو. بۆیە دوای دوو ساڵ لە دامەزراندنی کۆمەڵە، پێشنیارم بۆ هاوڕێیان کرد بیکەنە سکرتێری کۆمەڵە. ساڵی 1972 لە بەیروت بوو. نامەیەکم بۆی نارد تا سەردانم بکات. نیازم ئاڵوگۆڕی بیروڕا و شێوەی تاووتوێکردنی شێوازی نوێی کارکردن بوو.
نامیلکەیەکم بۆ نووسی بوون، دەمویست لەگەڵی باس بکەم و بیر و بۆچونەکانی ئەویشی لەسەر وەرگرم. چەند مانگێک لە بەیروت و دیمەشق پێکەوە بووین. جارێک کاک شەهاب بوو بە مایەی ڕزگاربوونم لە مردن یان ئەسیر کران. ئەویش بەمجۆرەی خوارەوە بوو:
من لە شوقەیەکی بەرەی ڕزگاریی گەلی فەلەستین دەژیام کە لەسەر جادەی فردان بوو، هی دکتۆر وەدیع حەداد بوو. وا دەرکەوت ئیسرائیلییەکان دەمێک بوو بەتەمای پەلاماردانی کۆڵان و شوقەکانی جادەکە بوون. شەوی هێرشەکە، هەر چی لە شوقەکاندا بوون، کوژران یان گیران. من ئەو شەوە بە ڕاسپاردەی کاک شەهاب نەگەڕامەوە، نازانم هۆکەی چی بوو، بەڵام تەلەفۆنێکم بەناوی ئەوەوە بۆ هات، بووە هۆی نەگەڕانەوەم بۆ شوقەکەم. واتە بەهۆی ئەوەوە ڕزگارم بوو لە مردن یان هیچ نەبێ لە ئەسیر کران.
کاتێک کاک شەهاب و هەڤاڵەکانی لە ئێران گیران، زۆر بە داخەوە من درەنگ پێم زانی، ئەگینا ڕەنگە بمانتوانیبا دەربازیان بکەین، بەڵام کاتێک برانەوە بۆ بەغدا، پێمانزانی و دوای هەڵوێستی قارەمانانەیان هەڵمەتێکی جیهانیمان بۆیان کرد و لەم ڕووەوە دەیان هەزار ئیمزا و بروسکەیان بۆ کۆکرایەوە و لە دنیادا شەهید شەهاب کرا بە «زیندانیی ساڵ». هەوڵێکی زۆری بۆ درا، بەڵام سەددامی خوێڕێژی دڵڕەشی داخ لە دڵ، بە هیچ جۆرێک گوێی نەدایە هاوار و بانگەوازی ئازادیخوازانی دنیا و بێشەرمانە بە «نازەنین» خانی هاوسەر ڕاگەیاند کە هەر دەیکوژێت. بەمجۆرە، کاک شەهاب شەهید کرا و بوو بە سەرقافڵەی شەهیدانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و و شۆڕشە نوێکەمان، بەڵام نە خوێنە گەشەکەی خۆی و شەهیدی نەمر جەعفەر عەبدولواحیدی جوانەمەرگ و شەهید ئەنوەر زۆراب بەفیڕۆ ڕۆیشت و نە خەبات و ڕەنجیان. وا داری ئازادی و ڕزگاری و مافی چارەی خۆنووسین لە کوردستان بەو خوێنانە و خوێنی دەیان هەزار شەهیدی نەمر هاتۆتە بەر.
دە با سەربنێتەوە، لە بەهەشتی نەمریدا بە ئاسوودەیی سەربنێتەوە. ڕێبازەکەی و یەکێتییەکەی پارێزراون و کاروانەکەشی هەر بە ڕێگەوەیە. وا هاکا لە لووتکەی ڕێگا سەرکەوت و بە ئاوات گەیشت.

*‌ سەرچاوە: کوردستانی نوێ، ژمارە (248) ڕۆژی (22/11/1992)

شەهیدان شاسوارجەلال (ئارام) و شەهاب شێخ نوری

 

 لەڕاستەوە: دارۆ شێخ نوری، شەهاب شێخ نوری و نەناسراوە

فاروق مەلا مستەفا و شەهاب شێخ نوری - سوریا 1973

سێیەم کەس لە چەپەوە شەهاب شێخ نوری شێخ ساڵح

بابەتە پەیوەندیدارەکان