سەرۆک بافڵ بڕیاری دەستبەکاربوونی بۆ فەرماندەی نوێی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان دەرکرد

07:54 - 2024-06-10
کوردستان
594 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاری دەستبەکاربوونی بۆ فەرماندەی نوێی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان دەرکرد.

لە مەراسیمێکدا لە بارەگای هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کە پێشمەرگە و تێكۆشەر عومەر عوسمان، باوكی شەهیدی فەرماندە ئاكام عومەر و وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر و سەرخێڵ كەمال، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایش ئامادەبوون، بافڵ جەلال تاڵەبانی بڕیاری دەستبەکاربوونی بۆ موقەدەم دیار عومەر، وەک فەرماندەی نوێی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان دەرکرد.

سەرۆک بافڵ لە مەراسیمەکەدا ستایشی رۆڵی قارەمانانە و دڵسۆزانەی شەهید ئاکامی کرد لە پاراستنی خاکی کوردستان و چەسپاندنی یاسا و یادەوەرییەکی ئەو فەرماندە تێکۆشەرەشی وەبیرهێنایەوە و وتی، شەهید ئاکام پێیگوتم ئەوەی دوای من دێت، زۆر بەهێزتر و ماندوونەناسانەتر پارێزگاری لە خاکی کوردستان دەکات، توندتر بەگژ گەندەڵیدا دەچێتەوە و پارێزگاریی لە سەروەریی یاسا دەکات.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەشێکیتری وتەکەیدا وێڕای پیرۆزبایی و هیوای سەرکەوتن بۆ موقەدەم دیار عومەر، سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەکرد لە بەرامبەر راپەڕاندنی ئەرکەکانی رابردووی و راشیسپارد، وەک هەمیشە و بەهەمان رۆحییەتی شەهید ئاکامەوە پارێزەری خاکی کوردستان بن، کۆماندۆی کوردستان ئەمانەتی فەرماندە ئاکامە و دەبێت هەمووتان هاوشێوەی ئەو سەرڕاست و ئەمەکداربن بۆ یەکێتی و کوردستان.

لە درێژەی مەراسیمەکەدا باوكی شەهید ئاكام عومەر پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە موقەدەم دیار عومەر كرد، هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركە نوێیەكەیدا و باسی لەوەكرد، کۆماندۆی کوردستان بەخوێنی ئاکام و پۆلێک شەهیدی کۆماندۆی کوردستان دروستبووە و قوربانیی زۆری لەپێناودا دراوە، دڵنیام ئێوەش بەو رێگەیەدا دەڕۆن و پارێزگاری لەو هێزە دەکەن کە خۆشەویستی هەموومانە.

لە كۆتاییدا فەرماندە دیار عومەر، فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی کوردستان سوپاسی متمانەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد بۆ راسپاردنی بۆ ئەو ئەركە گرنگە و راشیگەیاند، پێشتر لەگەڵ شەهید ئاکام و کوڕانی کۆماندۆ بەڵێنمان بە خوا و نیشتمان داوە کە ئێمە کوڕە دڵسۆز و بەئەمەکەکانی کوردستان بین، ئێستاش دووپاتیدەکەینەوە وەک هەمیشە و بە پشتیوانیی سەرۆک بافڵ، درێژەپێدەری رێبازی یەکێتی و شەهیدان دەبین و لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەدا دەبین.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی #هیزی کۆماندۆی کوردستان #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان