بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش لە سلێمانی لەگەڵ لێپرسراوانی ئەمنی، هەواڵگری و هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی ئەمنی و هەواڵگری، هەماهەنگیی نێوان هێزەکان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە بەردەوامیی هاریکارییەکان کرایەوە لەپێناوی پاراستنی ژیانی خەڵک و ئارامیی ناوچەکەدا.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی بەرەوپێشچوونی توانا مرۆیی و سەربازییەکان و فراوانکردنی هەماهەنگیی نێوان هێزەکان بەرچاوڕوونی دا و ئاماژەی بەوەکرد، ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە پەیوەستە بە توانا و لێهاتوویی ئێوەوە، بۆیە پێویستە هەموو هەوڵەکان لەو چوارچێوەیە و لەپێناوی ژیانی خەڵکدا بێت، زیادکردنی هەماهەنگییەکان و کاری هاوبەشی نێوانتان، فاکتەری بەدیهێنانی ئەو ئامانجە باڵایە. پابەند بە یاسا بەرکارەکان و بڕیارەکانی دادگا بەتوندترین شێوە رووبەڕووی یاساشکێنی ببنەوە و هیچ دەرفەتێک بەو کەسانە مەدەن کە هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە و ژیانی خەڵکەکەمان دەکەن.
لەبارەی پەیوەندی و هاریکاریی نێوان هێزە ئەمنی، سەربازی و هەواڵگرییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا، سەرۆک بافڵ رایگەیاند، ئەو پەیوەندییە بەهێزەی بونیادنراوە بەردەوامیی پێبدەن، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانتان لەپێناوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە، ئەنجامی ئەرێنی و دڵخۆشکەری هەیە و هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەرامبەر هەوڵ و ماندووبوونی بەردەوامیان بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە، سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی هەریەک لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، سەرۆک، ئەفسەر و کارمەندانی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری، دەزگای ئاسایشی هەرێم، دژەتیرۆر، کۆماندۆ، ئۆپەراسیۆن، هەواڵگریی هێزی پێشمەرگە، هێزەکانی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس کرد کە هەمیشە و بە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە کار و ئەرکە نیشتمانییەکانیان بەجێدەگەیەنن.