دیموکراسی و چەپ گەلان و راسان

10:38 - 2022-06-19
کەلتور
531 جار خوێندراوەتەوە

ئا: كامۆ حەوێزیی

دیموكراسی و چەپ،  گەلان و راسان، تازەترین كتێبی نووسەر مەلا بەختیارە، مامۆستا جەعفەر پێشەكی بۆ نووسیوە، ئەم كتێبە نۆ لێكۆڵینەوە لە خۆ دەگرێت، سەرەتا لەسەر رووداوی هەرەسهێنانی دەوڵەتە كارتۆنییەكان هەڵوێستەی كردووە، كە نێوی سوسیالیزمیان بەسەردا بڕابوو، بەشەكانی تری ئەم كتێبە دیالۆگ و گفتوگۆی قوڵ و فرەلایەنە لەگەڵ هێزە چەپەكانی كوردستان، كە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوو لە نێوان دوولایەندا تەقیوەتەوە، هەر لایەنێكیش بە هەموو توانایەوە داكۆكی لە گۆشەنیگای خۆی كردووە و، هەوڵیداوە بە لۆجیك یان پۆلیمیك بەڕە لەبن پێی لایەنی بەرانبەر دەربكات.
« مێژوو وایە، یان سەردەكەوی، یاخود شكست دەبنە مایەی وانەی گەورە. ستراتیژی چەپ لەنیو سەدەی رابردوودا شكستی خواردووە، بە ئاڵای شۆڕشیشەوە.
لەدوای راپەڕینیشەوە بۆشاییەكی گەورەی نەبوونی بزوتنەوەی چەپ لە عیراق و كوردستان، زەق زەق دیارە، هەربۆیە جۆرەها لایەنی سیاسی تایفەگەریی و پۆپۆلیستی سەریانهەڵداوە، نەبوونی بزوتنەوەی چەپی دیموكرات و ریالیست، زیانێكی گەورەی بە هاوسەنگیی سیاسی و پرۆسەی دیموكراسی و بەرگری لە كرێكاران و رەنجدەران داوە.
دوای دەركەوتنی راستییەكان و توانای هێزە دەسەڵاتدارەكان، لە بەدینەهێنانی دیموكراسی و تێك و پێكچوونی باری ئابووریی و كۆمەڵایەتی لە هەمووشی زیانبەخشتر تەشەنەسەندنی گەندەڵی و دروستبوونی توێژی لۆمپنی سیاسی حكومڕانیە. بەرەنجام وا خەریكە جارێكی دی بزوتنەوەی چەپ لە زەمان و زەمینی شكستخواردنی بۆرژوا لەرزۆك و هێزە نادیموكراتییەكان دەبووژێتەوە.» 

مەلا بەختیار

ئەو پەرگرافەی نێو كەوانەكە، تایتڵی پشت كتێبەكەیە و نووسەر وەك سەرنجێك بۆ خوێنەر خستوویەتییە ڕوو، ئەوەی مایەی سەرنج و قسە لەسەركردنە، لەم سەردەمی نیولیبرالیزمەدا كاك بەختیار ئاماژە بە بووژانەوەی بزتنەوەی چەپ دەدات، لە كاتێكدا هەموو بزوتنەوەكانی چەپ تووشی شكستی گەورە بوون، بە بڕوای من ئەوەی لەم پەرەگرافەدا نووسراوە، لەدەرەوەی كتێبەكەیدایە، چونكە خودی كتێبەكە بابەتی كۆنن و پەیوەندییان بە هەنووكەوە نییە، ئیدی ئەو دەربڕینەی بەڕێز مەلا بەختیار تەنها لە سیاقی بەهێزبوونی روسیای ئێستاوە تەماشای بزوتنەوەی چەپ دەكات و ئاماژە بە زیندووبوونەوەی دەدات. ئەگەر بە پێوەری عەقڵ و لۆژێك لەو بابەتە بڕوانین، دەبێ‌ پرسیاری ئەوە بكەین ئاخۆ لەم سەردەمی كاپیتالیزمەدا كام هێزی چەپ خەریكە زیندوو دەبێتەوە؟  لە كوێدا زەمینەی فیكریی بۆ گوتاریی چەپ ماوە؟ ئایا دۆخی ئابووری روسیا و چین و هاوپەیمانەكانی ئامادەگیی بزوتنەوەی چەپیان تێداوە ماوە؟ یاخود لە كوێی دونیا روسیا و چین هێزی دی چەپ وەك ئەلتەرناتیڤ بۆ فیكری چەپ قبوڵ دەكەن؟

كاك بەختیار لە لاپەڕە «25» بەناونیشانی یەكەمیان چەپەكان و ئیسلامگەرا دەڵێ‌:
رێبازی جیاوازی چەپ لە پێش داڕمانی شورەویی و پەیڕەوەكانیان هەر هەبووە، بەڵام بە كۆتایی جەنگی سارد، ئەو رێبازە جیاوازە ئایدیۆلۆجیانە دەركەوت نەك ناتوانن لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكاندا، بەڵكو لەناو بەشێكی هەرە كەمی ناو كرێكاران و چەپەكانی وڵاتانی خۆشیاندا ببنە ئەلتەرناتیڤ، تەنانەت لە هەڵبژاردنی یەك شارەوانی قەزاكانیشدا لە كوردستان و عیراق و ناوچەكەدا سەرنەكەوتن.
ئەم پەرەگرفە بۆ خۆی راستەوخۆ وەڵامی خودی كاك بەختیار خۆی دەداتەوە، كەوا چەپەكان لەم هەلومەرجەی ئێستای كوردستان و عیراق و ناوچەكەدا ناتوانن وەك بزوتنەوەی چەپی كاریگەر دەربكەون.
ئەم كتێبەی كاك بەختیار چەند رۆژێكە كەوتووەتە بەر دیدەی خوێنەر، رەنگە هێشتا زۆری مابێت تاكوو قسەی جیدیی لە بارەیەوە بكرێت، بۆیە من دڵنیام قسەی زۆری لەبارەوە دەكرێت و ئەرگیومێنتی چڕی لەبارەوە دەبێت، ئەوەی بەلای ئێمە گرنگە كتێب بە باش و خراپییەوە ئەرگیومێنتی گەرم و گوڕی لەبارەوە بكرێت و خوێنەر ناچار بكات دەست بۆ كتێبەكە ببات و سەرنج و تێبی خۆی لەبارەیەوە بنووسێت، بەتایبەت ئەم كتێبەی بەڕێز مەلا بەختیار كە لەم هەلوومەرجەدا گوزارشت لە هەستانەوەی بزوتنەوەی چەپ دەكات، هەرچەند بەشێكی كەمی بابەتەكانی نێو ئەم كتێبە بابەتی فیكریین، وەلێ‌ بەشە زۆرەكەی دیدارەی بەڕێزیانە لەگەڵ هێز و كەسایەتییە جیاوازەكان، كە بێگوومان ئەو دیدارەنەش لە فیكر خاڵی نین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان