تیپی یانەی نەورۆز بە پشت بەستن بە ئەنجامێكی زۆر باشی هەفتەی پێشوویان كاتێك رۆژی هەینی 31/5 لە یاریگای سلێمانی 4-2 لە قووە جەوییان بردەوە، پاش ئەم یارییە رویان كردە بەغدا بۆ ئەنجامدانی یارییەكی دواخراویان كە بەرامبەر یانەی تەڵەبە بوو.
لەم یارییەدا تامی ئەو سەركەوتنە گرنگەیان نەهێشت كاتێك رۆژی شەممەی رابردوو 8/6 یارییەكەیان بە یانەی تەڵەبە 0-1 دۆڕاند، ئەمەش بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەو ئەنجامە باشەی هەفتەی پێشوویاندا یەكناگرێتەوە كە لە یاریگای سلێمانی تۆماریانكرد.
نزار مەحروسی راهێنەری یانەی نەورۆز بۆ ئەم دۆڕاندنەیان ووتی: پیرۆزبایی لە یانەی تەڵەبە دەكەم، ئیتر تۆپی پێ وایە یان دەیبەیتەوە یان دەدۆڕێت.
هەروەها ووتی: یاریزانەكانمان یارییەكی باشیان كرد، ئەو گۆڵەی تەڵەبە لەسەرەتای یارییەكەدا و لە دەقیقەی 6 دا كردیان، باری دەروونی تێكدان و هەرئەمەش هۆكاری دۆڕاندنەكەمان بوو.