شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق، پێشوازی لە لەیلا بەکر، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەرێمایەتی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوانی ناوچەی عەرەبی کرد.
لە دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا بەڕێوەچوو، نستور ئۆمۆهانجی بەڕێوەبەری نووسینگەی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان لە عیراق و سوها نەمر پسپۆڕی بەرنامەکان لە سندوقەکە ئامادەیبوون، خانمی یەکەمی عیراق پێشوازی لە وەفدەکە و سەردانی لەیلا بەکر کرد بۆ عیراق، ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان کرد لەبنیاتنانی کۆمەڵگە و خێزاندا.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی بەهەوڵەکانی لەیلا بەکر کرد لە چەندین بواردا بەتایبەت رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی خێزانی، هەروەها لە بواری تەندروستی خێزانی و مافەکانی منداڵ خستنەوە، هاوکات پرسە گرنگەکانی پەیوەست بە کچان و ژنان و خێزان و ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی عیراق دەبنەوە، تاووتوێ کران.
خانمی یەکەمی عیراق پێویستیی یەکخستنی هەوڵەکانی دووپاتکردەوە، بۆ بەرەنگاربونەوەی دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و بەهێزدا، هەروەها ئاماژەی کرد بە گرنگی پشتیوانیکردنی مافەکانی ژنان لە کارکردن و گوزارشتکردن لە خۆی و پێویستی پێشکەشکردنی هاوکاری و خزمەتگوزارییە پێویستەکان بۆ ئەو ژنانەی توندوتیژییان بەرامبەر کراوە.