موجتەبا میرزادە، میوزیكژەنی ناوداری كورد

11:13 - 2024-06-12
کەلتور
499 جار خوێندراوەتەوە
موجتەبا میرزادە

ئامادەکردنی/ مستەفا فاتیح

كەم كەس هەیە ناوی موجتەبا میرزادەی نەبیستبێت. ناوی میرزادە بۆ هەموومان بە بیرهێنەرەوەی بەشێكی زۆر لەو ئاوازانەیە كە بە گوێمان ئاشنایە. میوزیكژەن و ئاوازدانەرێك كە شوێن پەنجەی كارەكانی لەسەر میوزیكی كوردی و تەنانەت میوزیكی ئێرانیش دیارە. هونەرمەندێك بە كەمانەكەی رۆحی دەكرد بە بەر ئاوازەكاندا. كەمانەكەی میرزادە، ئاوازی تاقوەسان و بێستونی دەچڕی.
لە رێگەی رادیۆیەوە هۆگری میوزیك دەبێ
موجتەبا میرزادە، 18ی ئازاری 1946 لە شاری كرماشان لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە. باوكی كارمەندی میری بووە، هەربۆیە چەند ساڵێك لە ئیلام نیشتەجێ دەبن. كە دەگەڕێنەوە بۆ كرماشان تەمەنی شازدە ساڵ دەبێت. میرزادە لە تەمەنی منداڵیدا بەهۆی گوێ‌ راگرتن لە رادیۆی دراوسێكەیانەوە لەگەڵ مۆسیقا ئاشنا بووە و  لەو كاتەدا زۆر تامەزرۆی كەمان ژەنی «مەهدی خالیدی» و « پەرویز یاحەقی»  بووە و هۆگریان بووە و هەر لە رێگەی رادیۆوە گوێی لە كارە هونەرییەكانی ئەم دوو هونەرمەندە ناودارە ئێرانییە گرتووە.
سەرەتا بە ئامێری نەی دەستپێدەكات
میرزادە سەرەتا لە تەمەنی منداڵیدا دەست دەداتە ئامێری «نەی»، دواتر ئامێری « سەنتوور» و لە كۆتاییدا ئامێری كەمان هەڵدەبژێرێت و پێش ئەوەی دەست ببات بۆ كەمان بە سەنتووری برا گەورەكەی كاری موسیقی كردووە.
میرزادە دەڵێت: هەر لە سەرەتای منداڵیمەوە هۆگر و خولیای كەمان بووم، بەڵام لەبەر كەمدەرامەتی باوكمەوە توانای كڕینی ئەم ئامێرەم نەبوو، لە تەمەنی منداڵیدا و بەهۆی كاروباری باوكم لە كرماشانەوە بەرەو ئیلام كۆچمان كردبوو، لەوێ‌ دراوسێیەكی تارانیمان هەبوو كە خۆی خەریكی ئامێری دڵخوازی من واتە كەمان بوو، بە هۆی بوونی پەیوەندیی و هاتوچۆ لەگەڵ دراوسێكەمان، ئەو كە خۆی ژەنیاری كەمان بوو، هەستی كرد من حەزی هونەریم هەیە، هەر بۆیە پێشنیاری بە باوكم كرد كەمانێكم بۆ بكڕێت، بەو شێوەیە من بووم بە خاوەنی یەكەم كەمانی خۆم كە بە 70 تمەن كڕدرابوو و بەشێكی زۆری گۆرانییەكانی مامۆستا حەسەن زیرەكم بەو كەمانە ژەندووە، دوای چەند ساڵ مانەوەمان لە ئیلام گەڕاینەوە بۆ كرماشان.

 

 ئەوكات لە كرماشان مامۆستایەكی بە توانای وای لێنەبوو كە من كەمانی لێ‌ فێر بم، هەر بۆیە هیچ مامۆستایەكی تایبەتم نەبووە و هەرچییەكی هەمە خۆم، خۆم پێگەیاندووە و فێربووم

 

هیچ مامۆستایەكی نەبووە
 ئەوكات لە كرماشان مامۆستایەكی بە توانای وای لێنەبوو كە من كەمانی لێ‌ فێر بم، هەر بۆیەش من هیچ مامۆستایەكی تایبەتم نەبووە و هەرچییەكی هەمە خۆم، خۆم پێگەیاندووە و فێربووم.
ساڵی 1967  میرزادە دەچێتە تاران و لەوێ لە رێگەی گۆڤارێكەوە بە ناوی (موزیك ایران) كە هەفتانە نۆتی چەند گۆرانییەكی تێدا بڵاو دەكرایەوە هەوڵیدا خۆی فێری خوێندنەوەی نۆت بكات. لەم بارەیەوە دەڵێت: لەبەر ئەوەی هەموو ئاوازەكانم لەبەر بوو، بە شێوەی خۆڕسك دەمتوانی بیان ژەنم، دەچووم لە هەمان كاتدا سەیری نۆتەكانم دەكرد و دەمخوێندنەوە و پاشان چەندبارەم دەكردنەوە و دەكەوتمە بەراورد كردنیان تا نۆتەكان بناسمەوە، بە راستی كارێكی تاقەت پڕوكێن بوو. لەبیرمە بەهۆی گۆرانییەكی(مەجید وەفادار)ەوە بۆ یەكەمین جار (ترێل) فێر بووم، تا بەو شێوەیە فێری نۆتە خوێندنەوە بووم.
پەیوەندی زیرەك و میرزادە
یەكێك لەو كەسانەی كە میرزادە كاری لەگەڵ كردووە، حەسەن زیرەكی نەمر بووە. بەشێكی زۆر لەو كارانەی حەسەن زیرەك كە لە رادیۆ كرماشان تۆمار كراون،  میرزادە كاری مۆسیقاكەی كردووە. زیرەك هەر ئاهەنگێكی بە زاردا هاتووە، میرزادە زۆر زوو توانیویەتی ئاهەنگەكەی رێكبخات. دەگێڕنەوە جارێك هایدە گۆرانیبێژی ناوداری ئێرانی بە میرزادە دەڵێت : «بەڕێز میرزادە ئەو مۆسیقایەی كە تۆ دەیژەنی، وەحشییە، مرۆڤ سەرسام دەكات، میرزادە لە وەڵامی هایدەدا دەڵێت: خانمی هایدە، ئەو مۆسیقایە، مۆسیقای كوردییە.
ساڵی 1967 میرزادە لە كۆلێژی هونەرە جوانەكانی تاران بە پلەی سێیەم وەردەگیرێت، بەڵام كۆلێژ تەواو ناكات و بەجێیدەهێڵێ. هەر ئەو كاتە لەگەڵ ژمارەیەك هونەرمەندی وەك مورتەزا حەنانە، جەلیل شەهناز، حوسێن یاحەقی، حەسەن كەسایی دەست دەكات بە كاری هونەری.  پاشان ئۆركسترا گەورەكانی وەك فاڕابی، نەكیسا و بابەرد و هەروەها بەرنامەی (گلها)ی ئەوكات بە سۆڵۆ لەگەڵ گۆرانیبێژەكانی ئەو سەردەمە بۆ وێنە ئیرەج و گوڵپایەگانی كار دەكات.
میرزادە لە تەمەنی هونەری خۆیدا بۆ كۆمەڵێك هونەرمەندی كورد وەكو حەسەن زیرەك، مەزهەر خالقی، محەمەد ماملێ‌، ئیبراهیم خۆشنەوا، مورتەزا توندڕە‌و، هاشم رەبیعی، خەلیل سەدیقی، عەزیز شاروخ، حوسێن شەریفی، ناسر رەزازی، جەمشید عەزیزخانی، پەیام عەزیزی، خەبات مەولوودی، كەیوان عەلی‌ محەممەدی، ئاوازی داناوەو مووزیكی ژەندووە.هەروەها یەكەم كەس بووە بە هاوکاریی عوسمان هەورامی مۆسیقای هەورامی بردۆتە ناو ئۆركێستراوە و كەڵكی لێ وەرگرتووە.
بەداخەوە ئەم هونەرمەندە ناسراوەی كورد، ئەو كەسەی پەنجەی بە رۆحی هەموومان ئاشنا بوو، 17ی تەمووزی 2005 لە تەمەنی 59 ساڵیدا، لە حاڵێكدا هێشتا دەیتوانی زۆر خزمەت بە هونەری كوردی و میوزیكی كوردی بكات، بە هۆی نەخۆشی دڵەوە لە تاران ماڵئاوایی لە ژیان كرد.

#کەلتور

بابەتە پەیوەندیدارەکان