قه‌ڵای كه‌ركوك سه‌ره‌كیترینه‌

״بودجه‌ بۆ به‌شێك له‌ شوێنه‌واره‌كان دابینبكرێت״

01:14 - 2024-06-12
عیراق
287 جار خوێندراوەتەوە

هێمن ئه‌حمه‌د

 
شوێنه‌واری كه‌ركوك لیژنه‌یه‌كی بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵای كه‌ركوك ده‌ستنیشانكردووه‌، كه‌ له‌ گشت پێكهاته‌كانی شاره‌كه‌ پێكدێت. به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵی رۆشنبیریی كه‌ركوكیش ته‌ئكیدده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت نۆژه‌نكردنه‌وه‌كان چوارچێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمیی دروست وه‌ربگرێت و له‌ خزمه‌ت شوێنه‌وار و ته‌لارسازیی شاره‌كه‌دا بێت.
په‌روین شوانی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، له‌سه‌ر نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌كانی كه‌ركوك، له‌ لێدوانێكدا، به‌كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاندووه‌: به‌غدا ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكی ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پاره‌یه‌ك له‌ بودجه‌دا بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ شوێنه‌واره‌كانی كه‌ركوك دابینبكات، كه‌ قه‌ڵای كه‌ركوك سه‌ره‌كیترینیانه‌، وتیشی: ئێستا له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌داین كه‌ لیژنه‌یه‌كی هه‌ماهه‌نگ له‌ هه‌موو پێكهاته‌كان دیاری بكه‌ین و ئێمه‌ش وه‌ك پێكهاته‌ی كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌داین كه‌ نووسه‌ران و رۆشنبیران و ئه‌ندازیار و ته‌لارسازان كۆبینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ رووی راسته‌قینه‌ی مێژووی شوێنه‌واره‌كان، كه‌ تا ئێستا دوو كۆبوونه‌وه‌ی گرنگمان كردووه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كاندا بۆ سه‌ركه‌وتنی كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و راسپارده‌ و پێشنیاری گرنگیش گه‌ڵاڵه‌كراوه‌.
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌، سمكۆ به‌هرۆز شاره‌زا له‌ مێژووی كه‌ركوك و شوێنه‌وار، پێیڕاگه‌یاندین: له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادیی عیراقه‌وه‌، چه‌ندین شوێنه‌وار كاریان تێدا كراوه‌، به‌ڵام نۆژه‌نكردنه‌وه‌كان چوارچێوه‌یه‌كی شوێنه‌واری و گرنگیان نه‌بووه‌ و ئه‌وانه‌شی كاریان تێدا كردووه‌ شاره‌زانه‌بوون له‌ بواری ته‌لارسازی و نه‌خش ‌و نیگاری شوێنه‌واریدا. وتیشی: هه‌ندێكجار له‌و نۆژه‌نكردنه‌وانه‌دا ده‌مارگیریی نه‌ته‌وه‌یی تێدا به‌كارهێنراوه‌ و مێژووی شوێنه‌واریی هه‌ندێك شوێن ده‌شێوێنرێت.
هه‌روه‌ها، یوسف تاڵب به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵی رۆشنبیریی كه‌ركوك، پێیوتین: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌مان راوێژ و پێشنیازه‌كانی له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌كاندا خستۆته‌ڕوو تا چوارچێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمیی دروست وه‌ربگرێت و له‌ خزمه‌ت شوێنه‌وار و ته‌لارسازیی شاره‌كه‌دا بێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان