لەمەودوا نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێی کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت و داهاتەکەشی دەخرێتە ناو داهاتی گەنجینەی گشتی حکومەتی عیراق.
لەو بارەیەوە حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند: رۆژی چوارشەممە 12/6/2024 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی سەردانی ئەمدواییەی وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عیراق لەسەر دۆسێی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمم، لەلایەن ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە خرایەڕوو.
هەروەها وتیشی: لە باسی رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و وردەکاریی گفتوگۆی ئەمدواییەی نێوان هەردوو حکومەت و کۆمپانیا نەوتییەکان، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پێویستە هەرچی زووە رێکار و میکانیزمی چارەسەرکردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دابنرێت تاکو لە نزیکترین دەرفەتدا، لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکرێت و داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمیش بخرێتەوە ناو داهاتی گەنجینەی گشتی عیراق بۆ خزمەتی خەرجییەکان، تاکو چیتر زیان بە گەنجینەی گشتیی عیراق و هەرێمیش نەگات.