هیوا قادر
لە ئازاری روواندنی دوو باڵ دەچێت
لە شانمەوە بێنە دەرەوە،
بەدەم ئاهەوە زەردە دەمگرێت،
چونکە دەزانم بەو باڵانە تێر دەفڕم.
2
کە زەردە دێتە سەر لیوت،
وەک کۆشکێکی چۆڵکراو
سەدان کۆتر پێکەوە لەناومدا هەڵدەفڕن،
کە چاویشت دەبریسکێتەوە
وەک دوورگەیەک
شەپۆل دایپۆشێت، ئاوها وندەبم.
3
ئەو ساتانەی دێیتە چاومەوە
بەخۆم دەڵێم:
دەبێ شیعرێک بنووسم،
ئەو برینداریەمی پێ سارێژکەم
کە جوانیت دەیخاتە دڵمەوە.
4
سێوەکەت داکرمێنە
هیچ گوناهێک لە ئارادا نییە،
ژیان خۆی ئەمەیە.
5
کە باران دەباری بیرم دەکردیت
کە خۆشیش بووەوە هەر بیرم دەکردیت،
لە نێوان بارین و نەباریندا
سەحرایەکی بێ سنوور هەیە
ناوی بیرکردنە.
6
خەمباریی
دەنگی هەیە،
وەک تێکچوونی ترپەی دڵ،
دڵخۆشیش لە زەنگی ملی بەرخۆلەیەک دەچێ
لە ساتی بازدان بەسەر جۆگەلەیەکدا.
7
دەترسم با
پێش خۆم،
نهێنییەکەمت لا بدرکێنێت،
چونکە هەزاران جار
پێش ئەوەی بتبینم،
بەدەم خۆمەوە وتوومە: خۆشمدەوێت.
8
ماڵەکەم تاریکە
سەری پەنجەکانت داگیرسێنە
جەستەم ئامادەیە
رووناکی بکەیتەوە.
9
عەشق
گۆرانییە
بە قوڕگ نا،
بە دڵ دەوترێت و
بە جەستە دەژەنرێت.