راپۆرتی/ ئهیاز ههركی
شوێنەواری خنس، دەکەوێتە باکووری خۆرهەڵاتی قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک، یەکێکە لە گەورەترین و بەناوبانگترین شوێنەوارەکانی کوردستان و عیراق، ناوچەیەکی گەشتیارییە و هاووڵاتیان داوا لە بەرپرسانی قەزاکە دەکەن، شوێنەکە فراوانتر و نۆژەن بکەنەوە و خزمەتگوزاری بۆ دابین بكهن.
قائیمقامی شێخان:
حکومەت كار لەسەر جێبەجێکردنی باشترین ماستەرپلان دهكات بۆ شوێنەواری گەشتیاریی خنس کە ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە
بێوار عەلی گهشتیارێک بوو لە شوێنەواری خنس وتی: شوێنەواری خنس ناوچەیەکی زۆر خۆش و سەرنجڕاکێشە، دڵخۆش بووم بە بینینی، بەڵام پێویستە شوێنە بەرزەکانی شوێنەوارەکە تەلبەند بکرێت بۆ ئەوەی گیانی گەشتیاران سەلامەت بێت.
پێکهاتەی بەشێکی شوێنەوارەکە
دروستکردنی بەنداوی خنس لە ناوچەکە وایکردووە هاووڵاتی و گەشتیارێکی زۆرتر سەردانی شوێنەوارەکە بکەن و ببێتە ناوچەیەکی گەشتیاریی سەرنجڕاکێش.
رۆژهات ئامێدی گەشتیارێکی تر بوو لە شوێنەواری خنس دەڵێت: له رێگەیهكی دوورهوه هاتوومهته سهیرانگهی مێژوویی خنس و شوێنێكی گهشتیاریی خۆش و دڵڕفێنه، بەڵام نەبوونی خزمەتگوزاری و شوێنی مانەوە ئاستەنگی زۆری بۆ گەشتیاران دروست کردووە. وتیشی: هاوینەهەواری گەشتیاریی خنس شوێنێکی سەرنجڕاکێشە و پێویستە گرنگی زیاتری پێبدرێت بۆ ئەوەی گەشتیاری زۆرتر رووی تێ بکات.
شوێنەوارەکە پێکهاتووە لە تابلۆیەکی بەردینی گەورە کە لەناو چیاکە هەڵکەندراوە و وێنەی چوار کەسی تێدایە، هەروەها چوار ئەشکەوت دروستکراوە کە دەکەوێتە ناو تابلۆ شوێنەوارییەکەوە. لە بەشی سەرەوەی ئەم تابلۆ شوێنەوارییەدا پەیکەری شێرێک دروستکراوە کە دەڕوانێتە دەشت و ئاوەکەی بەرامبەر شوێنەوارەکە.
هاوینههەوارێكی مێژوویی و شوێنەواریی
لەسەر دیوارەکانی ئەم شوێنەوارە دوو شێوازی خەت و نووسین بەکارهاتووە، خەتی هیرۆگلیفی و بزماری، لە نووسینە هیرۆگلیفییەکە، باس لە پەیوەندی دەوڵەتی میتانی لەگەڵ وڵاتی میسر دەکات کە لەوکاتەدا پەیوەندییەکی دیپلۆماسییان هەبووە، بەڵام نووسینە هیرۆگلیفییەکە لەناو چووە و نەماون.
چالاکوانێک:
پێویستە حکومەت گرنگی زیاتر بە خنس بدات بۆ ئەوەی ببێتە هۆی راکێشانی گەشتیاری زیاتر و سەرچاوەی داهات بۆ ناوچەکە
خالید قاسم چالاكوانێكی قهزای شێخان وتی: خنس هاوینههەوارێكی مێژوویی و شوێنەوارییە و پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی زیاتری پێبدات، چونکە رۆژانە دەیان گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی سەردانی دەکەن. بەتایبەتی پێویستە پاک بکرێتەوە و خزمهتگوزاری و سەوزایی لە ناوچەکە زیاد بکرێت، بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەی داهات بۆ خەڵکی قەزای شێخان و چهندین هەلی کار بۆ گهنجانی بێكار بڕهخسێنێت.
سهردار یەحیا قائیمقامی قهزای شێخان به كوردستانی نوێی راگهیاند: خنس ناوچەیەکی شوێنەواری و گەشتیاری مێژوویی زۆر گرنگە لە قەزای شێخان و ناوچەکە، بۆیە بەپێی پێویست گرنگیمان پێداوە رێگەوبانی بۆ دروستکراوە و بەنداوێكیشی لێ دروست کراوە بە تێچووی نزیکەی 10 ملیار دینار، کە خزمەتێکی باشی بە ناوچە شوێنەوارییە گەشتیارییەکە کردووە و بووەتە هۆی راکێشانی گەشتیارێکی زۆر بۆ ناوچەکە.
ماستەرپلانی شوێنەواری گەشتیاریی خنس
وتیشی: حکومەت كار لەسەر جێبەجێکردنی باشترین ماستەرپلان دهكات بۆ شوێنەواری گەشتیاریی خنس کە ئێستا لە قۆناغی کۆتایدایە، به مهبەستی دابینكردنی خزمەتگوزاری و جێبهجێكردنی پڕۆژهی گەشتوگوزاری زیاتر لە هاوینەهەوارەکەدا، وەک دروستکردنی هۆتێلی پێنج ئەستێرە، خواردنگه، کافتریا و شوێنی نیشتەجێبوون بۆ گەشتیاران، هەروەها دانانی چهندین یاری جۆراوجۆر بۆ گەشتیاران.
مێژووی شوێنەواری خنس، بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان و پاشا سەنحاریب دەگەڕێتەوە، لەناو بەڵگە مێژووییەکاندا وا هاتووە کە خنس هاوینەهەواری پاشا سەنحاریب بووە کە بۆ ماوەی 24 ساڵ دەسەڵاتداریی کردووە، بەشێکی ئەم شوێنەوارە مێژوییە گرنگە داڕماوە و شکاوە. بەشێکی بە هۆکاری سروشتی و بەشەکەی دیکەی بە هۆکاری مرۆیی و تێکدانی شوێنەوارەکانی ناوچەکە لەناوچووە.
بەپێی ئامارێکی شوێنەواری هەرێم، تائێستا ٪47 خاکی هەرێمی کوردستان پشکنینی شوێنەواریی بۆ کراوە و شەش هەزار ناوچەی شوێنەواریی دۆزراوەتەوە، کە بە گرنگی پێدانیان دەکرێت بکرێنە شوێنی گەشتیاریی گرنگ بۆ راکێشانی سەرنجی گەشتیاران، بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەی دەستکەوتنی هەلی کار بۆ بێکاران.