خاتوو شاناز: رۆڵی ژنانی عیراق دیار و كاریگەرە و رۆڵی باڵایان گێڕاوە

12:44 - 2024-06-13
عیراق
380 جار خوێندراوەتەوە

خانمی یەكەمی عیراق، تەئكیددەكاتەوە لە هاوكاریكردنی ژنانی عیراق بەتایبەتی ئەوانەی لە سەردەمە جیاوازەكاندا لەسەر دەستی رژێمی دیكتاتۆر و تیرۆریستانی داعش، رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەم، لە دوو دیداری جیادا، لەگەڵ خاتوو لەیلا خەفاجی ئەمینداری گشتیی مەكتەبی سیاسیی رەوتی حیكمە و ژمارەیەك لە ژنانی زیندانی سیاسی و خاتوو لەیلا بەكر بەڕێوەبەری نووسینگەی هەرێمایەتی سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دانیشتوانی ناوچەی عەرەبی، دووپاتیكردەوە، كە ژنانی عیراق رۆڵی كاریگەریان هەبووە لە رووبەڕووبوونەوەی ستەمی رژێمی بەعس و جەنگی دژی تیرۆر و ئەو ئازادی و دیموكراسییەش کە  ئێستا بەدیهاتووە، بەرهەمی خەباتی تەواوی گەلانی عیراقە كە ژنانیش لە هەموو نەتەوەكان پاڵەوانانە تێكۆشاون و خەباتیان كردووە.
خاتوو شاناز، ئاماژەی بە پێویستیی دەركردنی ئەو یاسایانە كرد كە مافەكانی كەسوكاری شەهیدان و زیندانییان مسۆگەردەكەن و تەئكیدیكردەوە لەسەر كاركردن بۆ پشتیوانی لە دامەزراوەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، لەوبارەیەشەوە هەوڵەكانی دامەزراوەی شەهیدانی بەرزنرخاند لە پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و بەشداریكردن لە پشكنینی تەرمەكان و دیاریكردنی ناسنامەكانیان و رادەستكردنەوەیان بە كەسوكاریان.
خانمی یەكەم، پێویستیی یەكخستنی هەوڵەكانیشی دووپاتكردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان لەپێناوی بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی تەندروست و بەهێزدا. سەبارەت بە بارودۆخی ژنانی ئێزدیش، وتی: ژنانی ئێزدی كێشەی زۆریان هەیە، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان لەپێناوی راهێنان و دووبارە ئامادەكردنەوەیان بۆ ناو كۆمەڵگە، هاوكار و هەماهەنگ بن، لەوڕووەشەوە باسی لەو بەرنامەیە كرد كە سندوقی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ دانیشتووان پێشكەشی دەكات بۆ پشتیوانی لە ژنانی ئێزدی و ئەوانەی قوربانیی توندوتیژین لە عیراقدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان