ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆک بافڵ لەگەڵ سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران

10:58 - 2024-06-14
کوردستان
197 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وەفدێکی باڵای یاوەری .

لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، دۆخی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی هەرێمی کوردستان، عیراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە هەماهەنگیی و کاری هاوبەش کرایەوە لەپێناوی پاراستنی سەقامگیری و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بەردەوامیی هەماهەنگی و دیالۆگی جدیی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ بەئامانجی چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور دووپاتکرایەوە بەشێوەیەک دادپەروەری و هاوبەشیی راستەقینە رەچاو بکرێت.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتایبەت لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد کە مێژوویەکی دێرینی هەیە، خواستی یەکێتیشی بۆ گەشەپێدان و بەهێزترکردنی پەیوەندی و هاریکارییەکان دووپاتکردەوە بەشێوەیەک لە خزمەتی بەرژەوەندییە گشتییەکان و بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکاندا بێت.

لای خۆیەوە عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران سوپاسگوزاریی گەل و وڵاتەکەی بە سەرۆکی یەکێتی و هەرێمی کوردستان گەیاند لە بەرامبەر هاوخەمی و بەشدارییان لە پرسەی ئیبراهیم رەئیسی و یاوەرانی. هەروەها بەردەوامیی پشتیوانییەکانی وڵاتەکەی بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە، جگەلەوەی رۆڵ و کاریگەریی یەکێتیی لە ناوچەکەدا بەرزنرخاند و ئاماژەی بەوەکرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێزەوە لە رۆڵی سەرۆک مام جەلال دەڕوانێت لە بونیادنانی عیراقی نوێ و پەیوەندیی دۆستانەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە ئێمە پابەندین پێوەی، بەردەوامیی راوێژ و هەماهەنگییەکانی نێوانیشمان لە بوارە جیاوازەکاندا فاکتەرە بۆ پاراستنی سەقامگیری و گەشەپێدانی ناوچەکە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان