بەداخ و خەمێکی قوڵەوە. ئەمڕۆ پێشمەرگەی دێرینی یەکێتیی نیشیمانیی کوردستان و هونەرمەند و میدیاکاری بەتوانای کوردستان (بەرزانی قالەی خەڵوز) لە شاری سلێمانی کۆچی دواییکرد و جێی هێشتین.
ئەم کۆچە ناوەخت و پڕ خەمە دڵتەنگی کردین و بۆ ئەم کۆستە بەناوی بۆردی ڕاگەیاندن و سەرجەم میدیاکارانی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکار و هاوڕێ و هاوپیشەکانی کاکە بەرزان دەکەین و دەپاڕێینەوە لە یەزدانی مەزن، جێگەی کۆچکردو بەهەشتی نەبڕاوە بێت و سەبووریی و ئارامیش بە هەموو لایەک ببەخشێت.
بەرزان - ی هونەرمەند و پێشمەرگە، هەموو ژیانی بۆ خزمەت و ئامانجە باڵاکانی نەتەوەکەی تەرخانکردبوو، ڕۆژگارێک بە تفەنگەکەی بەرگری لە خەونی ڕزگاری کوردستان دەکرد و لە سەردەمی ئازادیشدا بە ڕەخنە و زمانی تەنز و بەرنامەکانی بە شوێن دادپەروەری و خەونی وڵاتێکی بێ چەوسانەوەوە بوو، بەم کۆچەشی کەلێنێکی گەورەی دروستکرد و هەرگیز شوێنەکەی پڕنابێتەوە.
جارێکی تر سەرەخۆشی دووبارە دەکەینەوە و سڵاو بۆ گیانی هونەرمەند و پێشمەرگە دەنێرین
بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان