بەهۆی گەرماو بوونی سەرچاوەی ئاوی، لە ناوچە گەشتیارییەكانی پارێزگای هەڵەبجە، ڕێژەیەكی زۆر گەشتیار سەردانی ناوچەكە دەكات و، لە ڕۆژانی جەژنی قوربانیشدا، زیاتر لە هەشتا هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانییان كردووە
چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتی گەشت و گوزاری هەڵەبجە بە كوردستانی نوێی وت: بە بۆنەی هاتنی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە ئامادەكاریمان كردبوو وە بەردەوامیش ئامادەین بۆ پێشوازی كردن لە گەشتیاران، بۆ ئەم ساڵ هەندێك ڕێگەی ناوچەی
گەشتیاری; پێویستیان بە دانانی تابلۆ و ڕێنمایی و ڕەنگ كردنی ڕێگەی ناوچە گەشتیارییەكان هەبوو، كە بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی هەڵەبجە، ئەنجامماندا، وتیشی: تیمەکانمان لەسەرجەم شوێنە گەشتیارییەکان بوون و هەماهەنگیمان لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتووچۆ و تەندروستی وبەرگری شارستانی وشارەوانی دا هەبووە و تیمی تایبەتمان دانا بۆ هەر حاڵەتێكی نەخوازراو
ناوەچەی گەشتیاری هەڵەبجە
چیا قاسم، ئەوەشی وت: لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە(٣٦) سی و شەش ناوچەی گەشتیاری هەیە، كە لە نێویاندا ناوچەی شوێنەواری و چارەسەری سروشتی و مێژووی ئاینی و سروشتی تێدایە، كە هۆتێل و مۆتێل و خانە باخ و كابینەی گەشتیاری و ڕێستۆرانت و كافێش بەشێوەیەكی پێویست تێیاندا بوونی هەیە، هەروەها پێشبینیمان دەكرد، كە بەهۆی گەرماو جەژنەوەو، بوونی سەرچاوەی ئاوی لەناوچە گەشتیارییەکانمان; ڕێژەی هاتنی گەشتیاران بەو ڕێژە زۆرەبێت
زیاتر لە هەشتا هەزار گەشتیار سەردانی هەڵەبجە دەكات
بەڕێوەبەری گشتی گەشت و گوزاری هەڵەبجە، لەبارەی ڕێژەیی سەردانی گەشتیاران، وتی: لە ماوەی تەنها چوار ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزدا، پێشوازیمان لە
(٨٤١٧٦)هەشتاو چوار هەزار و سەدو حەفتاو شەش گەشتیار كردوە، بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە، وتیشی: لیژنەکانی پشکنینیشمان توانیویانە بەشێوەیەی سەرکەوتوانە چاودێری نرخ و پاک و خاوێنی ناوچە گەشتیارییەکان بکەن، هەروەها توانیویانە(٤٠) چل سەرپێچی و ئاگادارکردنەوە تۆماربکەن، خۆشبەختانە هیچ ڕوداوێکی نەخوازراویش ڕوی نەداوە.
ڕاپۆرت/ محەمەد تۆفیق نەورۆڵی