داهێنانەکانی گەنجان لە چاوەڕوانیی پاڵپشتیدا...

06:36 - 2024-06-23
ڕاپۆرت
191 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

پەریچە خالید خوێندکارێکی زانکۆیە، ئامێرێکی شەکرەی زیرەکی دروست کردووە و دەیەوێت لە رێگەی داهێنانەکەیەوە هەوکردن و ئازاری پشکنین بۆ توشبووانی نەخۆشی شەکرە کەم بکاتەوە، ئامێرە زیرەکەکە تەنها بە نزیککردنەوە لە دەست دەتوانێت رێژەی شەکر لە خوێنی کەسەکەدا دیاری بکات.
پەریچە دەڵێت: توشبووانی نەخۆشی شەکرە پێویستیان بەوەیە رۆژانە رێژەی شەکرەیان دەستنیشان بکەن، تا بزانن لە چ ئاستێکدایە، رێگە باوەکە ئەوەیە بە دەرزییەکی تایبەت شوێنێکی جەستەی کەسەکە کون دەکرێت بۆ ئەوەی دڵۆپێک خوێن دەربهێنرێت و بخرێتە سەر ئامێری پشکنینەکە، ئەوەش دووبارەکردنەوەی هەموو رۆژێک سەختە بۆیە بیرم لە دروستکردنی ئامێرێکی زیرەک کردەوە بەبێ کون کردن و تەنها بە نزیککردنەوە لە جەستەی کەسەکە رێژەی شەکرەی کەسەکە دیاری بکات، دواتر ئامێرەکەم دروست کرد و خەیاڵەکەم کردە راستی.
وتیشی، تێچووی دروستکردنی ئامێرەکە 10 دۆلار بوو، ئەگەر پاڵپشتی بکرێم و ببێتە پڕۆژەیەکی گەورە تێچووەکەشی کەمتر دەبێت و دەتوانرێت بە ئاسانی بخرێتە بازاڕەوە، هاوکات نەخۆشانی شەکرە دەپارێزێت لە توشبوون بە هەوکردن و ئازار.
خەونی هاوکاریکردنی ئەوانی دیکە
بیرکردنەوە و داهێنانی گەنجان بەردەوامە، خەونی هاوکاریکردنی ئەوانی دیکە و بە تایبەت خاوەن پێداویستە تایبەتەکان، ئاسانکاری بۆ کارەکانیان وای لە محەمەد رەمەزان کردووە داهێنان بکات، بەپێوە وەستابوو دەستکێشێکی لە دەستدا بوو بە دانانی چەند ئامێریكی زیرەکی بچووک لە سەری ئوتومبێلێکی ئاڕاستە دەکرد بە هەر لایەکدا کە بیویستایە، بەبێ جوڵاندنی گێڕ و سوکان.
محەمەد وتی: پڕۆژەکەم ئۆتۆمبێلی زیرەک و ئاڕاستەکردنیەتی لە رێگەی دەستکێشێکەوە لە دەستدا، کەسەکە تەنها بە جوڵاندنی دەستی دەتوانێت ئاڕاستەی ئۆتۆمبێلەکە یاخود عەرەبانەی خاوەن پێداویستە تایبەتەکان ئاڕاستە بکات، بۆ هەر شوێنێك کە بیەوێت.
وتیشی، بۆ دیارکردنی ئاڕاستەکانی رۆیشتنی ئۆتۆمبێلەکە سوودم لە قیبلەنما وەرگرتووە، ئەم کارە دەکرێت لەلایەن کەسێک کە خۆی لەسەر عەرەبانەکەیە و خاوەن پێداویستی تایبەتە بکرێت، یاخود کەسێکی دیکە کە لەگەڵیەتی، بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئەرک و رۆیشتن بەبێ بوونی هاوکارێک.
خستەڕوو بە ئامانجی هاوکاریکردن
داهێنانەکانی گەنجان زۆرن، هەندێکیان چاوەڕوانی پاڵپشتین لە کەسانی سەرمایەدار بۆ ئەوەی بتوانن پەرە بە پڕۆژەکەیان بدەن و ببێتە سەرچاوەی بژێوی ژیانیان، هەندێکی دیکەیان هەر بە دروستکردنی پڕۆژەکە بیریان لە خستەکاری کردووەتەوە لەبەرئەوەی پێویستی بە سەرمایەیەکی زۆر نەبووە، کۆرش و ئەحمەد دوو خوێندکاری زانکۆن بە دروستکردنی ئەپڵیکەیشنێک، سەرجەم بڕگە و مادەکانی یاساکانی هەرێمی کوردستان بە زمانی کوردی دەخەنە بەردەست بەشداربووان و هاووڵاتیان دەتوانن بەبێ بەرامبەر ئەپڵیکەیشنەکە بەکاربهێنن.
کۆرش وتی: بەشێکی ئەپڵیکەیشنەکە تایبەتە بە خستنەڕووی تایبەتمەندی و زانیاری پارێزەرەکان، کە وەک ریکلامێکی لێدێت بۆیان و هاووڵاتی دەتوانێت راستەوخۆ گرێبەستی ئەلیکترۆنی بکات لەگەڵیان.
وتیشی: بیرمان لەوە کردووەتەوە بەشداربوونی پارێزەرەکان لە ئەپڵیکەیشنەکە، لە بەرامبەر بڕێک پارەدا بێت بۆ ئەوەی بیرۆکەکەمان ببێتە سەرچاوەی داهات بۆمان.
ئەمانە نموونەی داهێنان و بیرکردنەوەی بەشێک لە گەنجانن لەناو 100 پڕۆژەی جۆراوجۆردا کە لە فێستیڤاڵی مایا خرابوونەڕوو، بۆ هاوکاریکردنی ئەوانی دیکە و ئاسانکردنی تێپەڕاندنی کارەکانی رۆژانە، سەرجەم پڕۆژەکان ناوازە بوون و ئەگەر هاوکاری بکرێن بۆ ئەوەی پەرەیان پێ بدرێت دەتوانرێت چارەسەری بەشێک لە کێشەو گرفتەکانی توێژەکانی کۆمەڵگەی پێ بکرێت.
ئامانج لە خستنەڕووی پڕۆژەی گەنجەکان بۆ ئەوەبوو دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت ببن بە پڕۆژەی گەورەی کار بۆ خاوەنەکانیان بە پشتیوانی سەرمایەداران تا گەورە بکرێت و ببێتە سەرچاوەی دابینکردنی بژێوی ژیان بۆ گەنجەکان و رەخساندنی هەلی کار بۆ دەیان دەرچوو و بێکاری دیکە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان