پیسکەرە ئەبەدییەکان

لە ئاوی خواردنەوە و خۆراک و نێو جەستەشماندا هەیە

09:58 - 2024-06-23
ڕاپۆرت
287 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دڵان سامان

لە ئاوی خواردنەوە و کاغەزی خۆراک و ئەو قاپ و قاچاغانەی بەکاریاندەهێنین هەیە، هەروەها ئەو جێیەی تێیدا دەخەوین و ئەو جلوبەرگانەی لەبەریان دەکەین، تەنانەت لەنێو جەستەشماندا هەیە.
کەواتە ناتوانین لەو ماددانە هەڵبێین کە ناونراوە «پیسکەرە کیمیاییە ئەبەدییەکان» کۆمەڵێک مادەی زیانبەخش و تەمەن درێژن مرۆڤ دروستیان دەکات، توانای ئەوەیان هەیە بچنە نێو هەر شتێکەوە لەسەر گۆی زەوی و تێیدا بژین.
هەڕەشەی راستەقینەن
ئەو پیسەکەرە کیماییانە هەڕەشەیەکی راستەقینەن بۆ کۆئەندامی بەرگری لەش جگەلەوەی کاریگەری نێگەتیڤی هەیە لەسەر بەپیتیی مرۆڤ و گەشەی منداڵ و کرداری گۆڕینی خۆراک بۆ وزە.
شایەنی باسە زیاتر لە 9 هەزار لەو مادە کیمیاییە پیسکەرانە دەچنە نێو پێکهاتەی دروستکردنی بابەتی جۆراوجۆرەوە وەک بەرهەمەکانی پاراستنی قوماش و مادە پلاستیکییەکان، جگەلەوەی توانای ئەوەیان هەیە لە ژینگەدا بۆ چەندین دەیە بمێننەوە و لەناوناچن.
مەترسیی دیکەی هەیە
کێشەکە هەر ئەوە نییە ئەو ماددانە دەتوانن زۆر بمێننەوە بێئەوەی شیببنەوە، بەڵکو مەترسیی دیکەی هەیە بەوەی توانای ئەوەیان هەیە لەنێو بوونەوەرەکاندا بنیشن، بە واتای ئەوەی چەندە بە کەمیی بەرکەوتنت لەگەڵ ئەو ماددانەدا هەبێت، بەڵام توانای ئەوەی هەیە بە تێپەڕبوونی کات بۆ ئاستێکی مەترسیدار پەرەبستێنێت و ببێتە زیانبەخش، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو ماددانە توانای ژیان و خۆگونجاندنی لەگەڵ پێکهاتەی گەردیلەیی نێو جەستە هەیە، هەروەها ئەو ماددە کیمیاییانە لە توانای پیسکردنیاندا یەکسان نین، راستە کاربۆن شادەماری سەرەکیی هەموو ئەو ماددانەیە کە بە «پۆلیفلۆرۆئەلکیل» ناسراوە، بەڵام ئەو ماددانەی کەمتر لە شەش گردیلەی کاربۆنی تێدایە پێیدەوترێت «زنجیرە کورت» بەڵام ئەوانی دیکە پێیان دەوترێت «زنجیرە درێژ»، ئەو جۆرەیانە کە توانای ئەوەی هەیە زیاتر لەنێو جەستەدا بمێنێتەوە، وەک لەوانی دیکە و نزیکەی 2 هەزار و 93 ساڵ لە ژینگەدا دەمێنێتەوە، بەڵام مادەکانی زنجیرە کورتن نیوەی تەمەنی مانەوەیان 44 رۆژە، بۆیە کاتێک دەچنە جەستەوە گورچیلە توانای ئەوەی هەیە ئەو جۆرەیان لە جەستە دەربکات، بە بەراورد بە مادە کیمیاییەکانی خاوەن زنجیرە درێژن. 
هەروەها دەکرێت لەنێو جەستەدا زیاتر بمێننەوە لەگەڵ بەردەوامبوون لە خواردنەوەی ئاوی پیس یان سەرچاوەکانی دیکەی ئەو مادە کیمیاییانە، لە هەندێ توێژینەوەدا ئاماژە بۆئەوە کراوە دەکرێت ئەو مادە کیمیاییانە ماوەیەکی زیاتر بمێننەوە کە رەنگە نیوەی تەمەنیان بگاتە 90 ساڵ.
لە کوێوە سەرچاوە دەگرن؟
بەکارهێنانی کەفی ئاگرکوژێنەوە وەک یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەی پیسکەرەکانە بە (PFA) ئاماژەی پێدەکرێت، بەتایبەتی ئەو فۆمەی بۆ کوژاندنەوەی ئاگر بەکاردێت، لێرەدا پێکهاتەکانی پۆلیفلۆرۆئەلکیل وەک رووکاری چالاککەر لە فۆمەکەدا کاردەکەن، ئەوەش رێگەی پێدەدات بە ئاسانی بڵاوبێتەوە بۆ کوژاندنەوەی بڵێسەی ئاگر، بەداخەوە کەفەکە بڵاودەبێتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی پیسبوونی خاک یان رێڕەوی ئاویی.
هەروەها ئەم پێکهاتە کیمیاییانە لە دروستکردنی جلوبەرگی دژە ئاو یان لە پاکەتی خۆراکدا بەکاردەهێنرێن، وەک ئەو کیسە کاغەزیانەی چێشتخانەکان بۆ ژەمە ئامادەکراوەکان بەکاریدەهێنن، هەروەها سندوقی پیتزا، بۆ رێگریکردن لە شلبوونەوەی ئەو مادە چەورانەی لە خۆراکەکاندا هەن، جگەلەوەی ئەو پێکهاتە کیمیاییانە لە دروستکردنی فەرش و کەلوپەلی ناوماڵیشدا بەکاردەهێنرێن.
لە ئاودا زیاترە
هاوکات هێشتا نازانرێت «پێکهاتەکانی پۆلیفلۆرۆئەلکیل» دەتوانێت لەڕێگەی پێست و خۆراکەوە بچێتە ناو جەستەمانەوە یان نا، بە تایبەتی منداڵان رەنگە کۆتایی کەلوپەلی یاریی نەرم راستەوخۆ بخەنە ناو دەمیانەوە، بەڵام تا ئێستا بڕی وردیی ئەو مادە کیمیاییانە کە دەتوانن بەوشێوەیە بچنە ناو لەشەوە حیساب نەکراوە.
ئەوەی جێی سەرنجە نیوەی تەمەنی ئەو مادە کیمیاییە پیسکەرانە لە هەوادا کەمترە لەوەی لە ئاودا هەیە، واتا لە ئاودا زۆرترە و زیاتر دەمێنێتەوە. 

سەرچاوە: BBC عەرەبی

بابەتە پەیوەندیدارەکان