ئاوات كۆكه‌یی
شه‌هید وه‌ستا موئمین، جیا له‌وه‌ی كه پێشمه‌رگه‌ی خۆبه‌خش و خۆنه‌ویستی كوردستان و شۆڕشی نوێ بوو، كوڕی خێزانێكی نیشتمانپه‌روه‌ری به هه‌ڵوێست و شۆڕشگێڕ بوو. پیاوێك، ده‌ستكه‌ره‌وه له شه‌ڕدا و ده‌ستڕه‌نگین له دوای شه‌ڕ.
واتا، ئه‌و پیاوی چركه بهچركهی ساته پێویسته‌كان بوو.
ره‌نگه زۆرێك هه‌روه‌ك پێشمه‌رگه و مامۆستا ناسیبێتیان و كه‌متر وه‌ك تفهنگساز و چه‌خماخساز ئاشنای بن، به‌ڵام خاوه‌ن سه‌لیقه و شاره‌زاییه‌كی ئهوتۆبوو كه له بواری چه‌كسازیدا هێنده‌ی خه‌باتی پێشمهرگایهتییهكهی رۆڵی گرنگی بینیوه.
ئه‌وكاته‌ی تفه‌نگی پێشمه‌رگه به‌هۆی كۆنییهوه یان به‌هۆی به‌ركه‌وتنی فیشه‌ك و پارچه‌ی چه‌كی دوژمنه‌وه له‌كار ده‌كه‌وتن، وه‌ستا پێشمه‌رگه‌كه به سه‌لیقه‌ی وردی خۆی چاكی ده‌كردنه‌وه و نه‌یده‌هێشت پێشمه‌رگه‌یه‌ك بێ چه‌ك و ده‌ستبه‌تاڵ بێت، ته‌نانه‌ت (تفه‌نگی (گرینۆف)ی كۆنی روسی كه به‌ره‌و به‌سه‌رچوون و له‌كار كه‌وتن ده‌چوو، ئه‌و وه‌ستایانه و خۆی ئاسا گۆڕانكاری تێدا ده‌كرد و ده‌یكرد به ره‌شاشی دوورهاوێژ له جۆری B.k.c.
كاروانی خه‌باتی شه‌هید وه‌ستا موئمین، كاروانێكی دوور و درێژی بێ بڕانه‌وه‌یه له خۆبه‌خشی و دڵسۆزی و دهستڕهنگینی له پێناوی گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌یدا.
ژیاننامه‌كه‌ی
موئمین سه‌لام سادق ناسراو به وه‌ستا موئمین، له دایكبووی ساڵی 1957ی گه‌ڕه‌كی ئیمام قاسم-ی شاری كه‌ركوكه، ده‌رچووی قرناغی ناوه‌ندییه و ساڵی 1974 له‌گه‌ڵ باوكی و دوو برای بوونەتە پێشمه‌رگه له شۆڕشی ئه‌یلولدا.
ساڵی 1975 له ئێران وانه‌ی به منداڵانی ئاواره وتۆوه، هه‌مان ساڵ په‌یوه‌ندیی كردووه به رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه و ساڵی1981 بووه بە پێشمەرگە.
شه‌هید وه‌ستا موئمین له‌كاتی شه‌ڕدا پێشمه‌رگه‌ی سه‌نگه‌ر بووه، له دوای شه‌ڕ وه‌ستای چه‌خماخساز و سازكردنه‌وه‌ی چه‌كی له‌كاركه‌وتووی ده‌ستی پێشمه‌رگه بوو، سه‌رباری ئه‌وه‌ش مامۆستای گوند بووه و به‌تایبه‌تیش له گوندی (هۆمهرامان)ی ناوچه‌ی قه‌ره‌داخ، نه‌یهێشتووه منداڵانی لادێنشین بێ مامۆستا و دوور له وانه و خوێنده‌واری بمێننه‌وه.
ساڵی 1988 به چه‌كی كیمایی برینداربووه.
به‌شداریی كاریگه‌رانه‌ی راپه‌ڕینی 1991ی كردووه و دواتریش وه‌ك رابه‌ر سیاسی و ئه‌فسه‌ر له هێزی پێشمه‌رگه‌دا ئه‌ركی پێدراوه.
به‌داخه‌وه، رۆژی 8/6/1994 له شه‌ڕێكدا له گوندی (گرده نازێ)ی شاره‌زوور، له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێیدا، شه‌هیدكران.