قوباد تاڵەبانی: بەهۆی تێكچوونی ژینگە و كەمئاوییەوە لەبەردەم مەترسیی گۆڕانكاریی دیموگرافیاداین

10:26 - 2022-06-20
کوردستان
543 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، دوێنێ لە رێوڕەسمی كردنەوەی سۆلارسیستم لە فامیلی مۆڵی سلێمانی، رایگەیاند: بەهۆی تێكچوونی ژینگە و كەمئاوییەوە، عیراق و هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسیی گۆڕانكاریی دیموگرافیدان، ئەوەش دەبێتە سەرچاوەی قەیرانی سیاسی و ناسەقامگیری لە داهاتوودا.
لە وتارەكەیدا، جەختی لەوەش كردەوە كە دەبێت لایەنە سیاسییەكان پرسی ژینگە بخەنە ئەولەویەتی سیاسەتیانەوە و لە دانوستانەكاندا لەگەڵ لایەنە عیراقییەكاندا بیكەنە مەرج بۆ دەنگدان بە كابینەی داهاتوو.
بە ئاماژەدان بە مەترسییەكانی تێكچوونی ژینگە و كەمئاوی و پەرەسەندنی بیابان، جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند: ئەگەر لە رابردوودا كوردایەتی و نیشتمانپەروەری بریتی بووبێت لە پێشمەرگایەتی و هەڵگرتنی چەك، لەئەمڕۆدا كوردایەتی واتا پاراستنی ژینگە و ئاو و خاكی وڵاتەكەمان، هەربۆیە ئەركی نیشتمانیی هێزە سیاسییەكانە پاراستنی ژینگە بخەنە ئەولەویەتی كاری سیاسییانەوە. «پاراستنی ژینگە تەنها ئەركی رێكخراوێك و لایەنێك، یان حكومەت نییە، بەڵكو پێویستە پرسی ژینگە بكرێتە پرسێكی نیشتمانی. هەر كاتێك ئەم پرسە بووە پرسێكی نیشتمانی، ئەو كاتە حكومەتی فیدراڵیش ناچاردەبێت بودجەی بۆ دابینبكات. لە حكومەتی هەرێمیش كاردەكەین پلانی ستراتیژی بۆ پاراستنی ژینگە دابنێین».
جێگری سەرۆك وەزیران، لەگەڵ ستایش و دەستخۆشی بۆ هەنگاوی دەستپێشخەرانەی فامیلی مۆڵ و گروپی كۆمپانیاكانی هەڵەبجە، داوایكرد: كۆمپانیاكان و وەبەرهێنەرانی دیكەش گرنگی بە سۆلارسیستم بدەن و راشیگەیاند: حكومەتی هەرێم رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ هاندانی كۆمپانیا و وەبەرهێنەران تا گرنگی بە دابینكردنی كارەبا بدەن لەڕێگەی سۆلارسیستمەوە.

 

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان