زۆربەی رۆژ هەواڵی جەرگبڕی رووداوی هاتوچۆ بەتایبەتی بە ماتۆڕسكیل دەبیستین، زۆرینەی قوربانییەكان ئەو مێرمنداڵانەن کە بەپێی یاسا نابێت ماتۆڕسکیل لێبخوڕن و رێگرییەکانیش لەئاستی پێویستدا نین، بێجگە لەوەی رۆژانە ژمارەیەکی زۆر ماتۆڕسکیل لە سنوورەکانەوە بە نایاسایی دەهێنرێت، لەوبارەیەوە عەقیدی هاتوچۆ بەختیار محەمەد بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی بۆ کوردستانی نوێ دەدوێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی: بەپێی ئامارەکان دەرکەوتووە ساڵی 2022 رووداوەكانی هاتوچۆ كەمتر بوون لە ساڵی 2023
دیداری/ ئالان محەمەد
* رووداوەکانی هاتوچۆ لە هەرێم زیادیان کردووە یاخود کەم؟
-لەبەرئەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ بە خێرایی لەڕێی سۆشیاڵ میدیاوە بڵاودەبێتەوە و هاووڵاتی دەیبینێت بۆچوونێكی وای دروست کردووە کە رووداوەکانی هاتوچۆ زۆر زیادیان کردووە، بەپێی ئامارەکانیش دەرکەوتووە ساڵی 2022 رووداوەكانی هاتوچۆ كەمتر بوون لە 2023 لە هەرێم، لە جیهانیشدا بەپێی رێكخراوی جیهانی WHO هەموو 30 چركەیەك كەسێك لە سەرانسەری دنیادا بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆوە گیانلەدەست دەدات.
*پابەندنەبوونی شۆفێری ماتۆڕسکیلەکان بە مەرجەکانی سەلامەتی هاتوچۆوە تاچەندە زیانەکان زۆرتر دەکات؟
- ئەو سەرپێچی و سەرکێشییانەی شۆفێری ماتۆڕسکیلەکان دەیکەن لەسەر شەقامەکان، رۆشتن لەسەر یەک تایە تێپەڕبوون لە رەنگی سووری ترافیک لایت وا دەکات ژمارەی رووداوەکان زیاتربێت، هەروەها پابەندنەبوونیان بە یاساو رێنماییەكانی هاتوچۆ و بەکارنەهێنانی کەلوپەلەکانی سەلامەتی وادەکات تووشی رووداوی قورس ببن و خۆیان بەرپرسن لەوكەمتەرخەمییەی كە بەدەستی خۆیان دەیکەن.
*ئەو رێوشوێنە یاساییانەی هاتوچۆ دەگیرێتەبەر بۆ دەستبەسەراگرتنی ماتۆڕسکیلی بێ ژمارە چین؟
-ساڵانە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ دەست بەسەر ئەو ماتۆڕسكیلانەدا دەگرێت كە سەرپێچی دەكەن بەتایبەتی ئەوانەی سەرەتایان نییە تائێستا چەند هەزار ماتۆڕسكیل بە پڕۆسەیەكی یاسایی لەبەرئەوەی سەرەتایان نەبووە تێكشكێنراون و لەناوبراون و رۆژانە لێپرسینەوە دەکرێت.
* ئەو ماتۆڕسکیلانەی بێ کوالێتین چۆن دەهێنرێنە هەرێم؟
-بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ بەرپرس نین لەخاڵەسنوورییەكان، کە بەشێوەی قاچاغ ماتۆڕسکیلی لێوە داغڵ دەکرێت، هەندێکیان بەناوی پارچەی یەدەگ دەهێنرێت و لە بازاڕ لەیەک دەدرێت، دەکرێتەوە بە ماتۆڕ و لەسەر شەقامەکان دەبینرێن، هیوادارین لایەنی پەیوەندیدار رێوشوێنەکان توندوتۆڵتر بکاتەوە و رێگری لە هێنانیان بکات، بۆئەوەی چیتر بەشێوەی قاچاغ و نایاسایی نەبوونی مەرجەکانی توندو تۆڵی ماتۆڕسکیل نەهێنرێتە هەرێمی کوردستان.
*ماتۆڕسكیل لەكاتی سەرپێچیدا بەچ یاسایەك مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت ؟
-ماتۆڕسكیل هۆكارێکی گەیاندنە، بۆیە وەک هەر ئۆتۆمبێلێک بەپێی یاسا هەم تۆماردەكرێت هەم مۆڵەتی شۆفێری بە شۆفێرەکەی دەدرێت و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، هیچ یاسایەكی جیاوازنییە بۆ ماتۆڕسكیل سزای شۆفێرێكی ئاسایی چەندە، شۆفێری ماتۆڕسکیلیش بەپێی قەبارەی سەرپێچییەکەی سزادەدرێت.
*راستە دەوترێ لەكاتی رووداوی هاتوچۆ لەنێوان ماتۆڕسكیل و ئۆتۆمبێل هەموو جۆرە خەتایەك دەخرێتە سەر شۆفیری ئۆتۆمبیلەکە؟
-نەخێر بەهیچ جۆرێك راست نییە، لەکاتی رووداوی هاتوچۆ لە نێوان ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلدا بەپێی كەشف و هێڵكاری خەتای هەرکامیان بێت ئیجرائاتی لەگەڵدا دەکرێت، شۆفێری ماتۆڕسكیل بەپێی یاسا حاڵی هەر شۆفێرێكی ترە.
* ئەو ماتۆڕسکیلانەی لە بازاڕ و شەقامەکاندا دەبینرێن زیاتر هی چی وڵاتێكن؟
-بەگشتی ئەوەی سەرنج دەدرێت ماتۆڕسکیلی چەند وڵاتێك لە هەرێم هەیە، هی كۆماری ئیسلامی ئێران، چین و چەند وڵاتێكی دیكەی دراوسێ.
*لەکاتی سەرپێچیدا ماتۆڕسکیلە بێ ژمارەکان چۆن دەناسرێنەوە و سزا دەدرێن؟
-بەشێک لە ماتۆڕسکیلەکان، بەتایبەت ئەوانەی کاری دیلڤەری دەکەن کۆدیان پێوەیە لەکاتی سەرپێچیدا لەڕێی کامێراکانی چاودێری تۆمارکردنی خێراییەوە دەدۆزرێنەوە و سزا دەدرێن.