هێرش جەمال عەلی ناسراو بە هێرش قەشانی، خەڵكی گوندی (قەشان)ی سەر بە قەزای ماوەتی شاری سلێمانییە، ماوەی 10 ساڵە لە ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان كاردەكات.
هێرش قەشانی بە دوالاپەڕەی وت: لە 2015وە نزیكەی 10 ساڵە لە ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان كاردەكەم، جگە لە كاری میدیا، مامۆستام و بەكالیۆریۆسم لە زمانی ئینگلیزی هەیە، حەزوخولیام بۆ كاری میدیا هەیە و تێكەڵی خوێنم بووە، بەڵام لەگەڵ كاری میدیاكارییشدا حەزم بەپیشەكەی خۆشمە كە ئەویش مامۆستایەتییە.
هێرش وتیشی: جیاوازی سەرنووسەری هەواڵی ئێزگە لەگەڵ رۆژنامە ئەوەیە دەبێت هەواڵی ئێزگە سادە بێت، چونكە هەواڵی ئێزگە بۆ هەموو گوێگرێكە بە گەنج و پیر و لاوەوە، هاوكات دەگاتە زۆر شوێن و بەرگوێی زۆر كەس دەكەوێت، بەڵام هەواڵی رۆژنامە بۆ خوێنەری رۆژنامەیە، دەمەوێ بڵێم ئەوەی هەواڵی رۆژنامە دەبیستێ خوێنەرە، بەڵام مەرج نییە ئەوەی گوێی لە هەواڵی ئێزگە بێت خوێنەربێت، بۆیە دەبێت زۆر سادە بێت و گوێگر بەئاسانی لێی تێبگات، ئەگەر لە كارەكەتدا دڵسۆز نەبیت ئەوە سەركەوتوو نابیت و ئەگەر دڵسۆزنیت بۆ كارەكەت، جێگا بۆ كەسێكی لە خۆت دڵسۆزتر چۆڵبكە با كارەكان بەجوانی بكرێن و تێپەڕن ، گۆڕانكاری لەكاردا، مانای نوێبونەوەی بیر و ئایدیای خۆتە، بۆیە رێگەبدە نوێبیتەوە و بەرەو سەركەوتنی گەورە هەنگاو بنێ تا دەگەیتە لوتكە، بە نموونە دەنگی گەلی كوردستان كە بە ئێزگەی شاخ و شار ناسراوە، هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە لەگەڵ سەردەمەكان خۆی گونجاندووە و ساڵ دوای ساڵ نوێبونەوەی بەخۆیەوە بینیووە لە هەموو كاتێكدا رۆڵ و كاریگەری خۆی هەبووە، هەروەها ئێزگەی (دەنگی گەلی كوردستان) هۆكاری سەركەوتنەكانی راپەڕین و رزگاربوونی گەلی كورد بوو لە دەست رژێمی بەعسی پێشوو، بۆیە دەمەوێت بڵێم گەلی كورد دەبێت شانازی بەو ئێزگەیەوە بكات، چونكە هۆكاری سەركەوتنەكان بوو.
ئاریا سەعید