گەشتیاریی پزیشکی زیادیکردووە

نەخۆشی عەرەب و نەخۆشخانە و نۆڕینگەکانی هەرێم

10:12 - 2024-06-26
ڕاپۆرت
477 جار خوێندراوەتەوە
نۆڕینگەیەکی پزیشکی تایبەت لە شاری هەولێر

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد


بەهۆی پێشنەخستنی سیستمی تەندروستی لە عیراق، بەرپابوونی چەندین شەڕ و كۆچكردنی هەزاران پزیشك بۆ دەرەوەی وڵات، ماوەی چەند ساڵێكە بەشێكی زۆر لە دانیشتوانی ناوەڕاست و باشووری عیراق بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكانیان روو لە نەخۆشخانە و نۆڕینگە تەندروستییەكانی هەرێم دەكەن، ئەمەش بۆتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغیەكی زۆر لە نۆڕینگە و نەخۆشخانە تایبەتەكان، كە دەچیتە سەردانی هەر نۆڕینگەیەكی پزیشكی لە شارێكی وەك هەولێر هەست دەكەیت لە نۆڕینگەیەكی پزیشكی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراقی بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر نەخۆشی عەرەب.

خزمەتگوزاری تەندروستی
عامر خەلەف هاووڵاتییەكی پارێزگای ئەنبارە ماوەی چەند رۆژێكە بە مەبەستی چارەسەركردنی نەخۆشی دڵ، سەردانی یەكێك لە نۆڕینگە پزیشکییەكانی شاری هەولێری كردووە بۆ كوردستانی نوێ وتی: لە شاری ئەنبار نەخۆشخانە و نۆڕینگە بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكەم هەبوو، بەڵام بەهۆی نەگەیشتن بە چارەسەر و هاندانی خزمەكانم کە لە هەولێر دكتۆری باشی لێیە رووم لە هەرێمی كوردستان كردووە.
وتیشی: جگە لەوەی دكتۆری پسپۆڕ لە هەرێم هەیە، لە رووی خزمەتگوزاری تەندروستیشەوە هەرێمی كوردستان لە ناوچەكانی تری عیراق پێشكەوتووترن، هەروەها هەڵسوكەوتیشیان لەگەڵ نەخۆش و شوێنی نۆڕینگە و پاكوخاوێنی و پشكنینی نەخۆش لەهی ناوچەكانی ئێمە باشترن، تەنها گرفتی ئەوەمان هەیە کە نرخی پشکنین و چارەسەرییەکان گرانترە بەراورد بە شارەکانی خۆمان.
هاتنی نەخۆشی عەرەب بۆ هەرێم چەند رەهەندێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و تەندروستی هەیە و بۆتە هۆی سەرهەڵدانی بابەتی گەشتیاری پزیشكی لە هەرێم.
ئازاد مەنتك پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو و دڵ بۆ کوردستانی نوێ دەڵێت: هۆكاری هاتنی ئەو هەموو نەخۆشە عەرەبە بۆ هەرێم بۆ نیشتەجێبوونی ژمارەیەكی زۆر و بەلێشاوی پزیشكە عەرەبەكان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە.

 

هاتنی نەخۆشی عەرەب بۆ هەرێم بۆتە هۆی سەرهەڵدانی بابەتی گەشتیاری پزیشكی لە هەرێمدا

کەشی گەشتوگوزاری لە هەرێم
وتیشی: پزیشكان و دامەزراوە تەندروستییەكانی ناوچەكانی تری عیراق وەك هاوشێوەكانیان لە هەرێم پارێزراونین، بۆیە زۆربەی پزیشكەكان روویان لە هەرێم کردووە، جگە لەوەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە هەرێم  لە زۆر لەناوچەكانی تری عیراق پێشكەوتووترە لەگەڵ بوونی پزیشكی كارامەو راهێنراوی باشتر لە هەرێم.
هۆكارێكی تری هاتنی نەخۆش بۆ هەرێمی كوردستان ئەو كەشە گەشتوگوزارییەیە كە لە هەرێم هەیە،
هاووڵاتیانی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق لەگەڵ هێنانی نەخۆشەكانیان بۆ چارەسەر، سەردانی ناوچە گەشتوگوزارییەکانیش دەکەن.
سەردار رەئوف نەخۆشێكی دانیشتووی شاری هەولێرە و بوو بۆ چارەسەری گورچیلەی سەردانی یەكێك لە نۆڕینگە پزیشكییەکانی  کردووە دەڵێت: ئەوەی دەیبینم زۆربەی نەخۆشەکان لە نەتەوەی عەرەبن. 
ئازاد مەنتك پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو و دڵ وتی: زۆربەی نەخۆشەكانم هاووڵاتی پارێزگاكانی دیالە، واست و ئەنبارن و 40 % نەخۆشەكانم لە نەتەوەی عەرەب یان دانیشتووی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان