رزگار شوانی
بازاڕی ئاژەڵ و پەلەوەر کە دەکەوێتە بەردەم قەڵا دێرینەکەی کەرکوک رۆژانی هەینی جمەی دێت لە هاووڵاتیانی شارەکە بە هەموو چین و توێژەکانییەوە، بە مەبەستی کڕینی ئاژەڵ و پەلەوەری هەمەچەشنە.
ئەم بازاڕە جگە لەوەی مێژوویەکی دێرینی هەیە، بەڵام شوێنێکی سەرنجڕاکێش و جێگەی بایەخی شارەزایانی مێژوو ناسانە.
بێگومان لەم بازاڕەدا بە دەیان جۆر پەلەوەر بەدی دەکرێت وەک بولبول، کۆتر، مریشک، کەڵەشێر، قاز، مراوی و قەلەمون، هەروەها ئاژەڵی هەمەچەشن وەک مامزە کێوی، سەگ، پشیلە، مەیمون، رێوی، سمۆرە و کەروێشک...هتد.
خاوەن دوکانەکانی ئەم بازاڕە دەستێکی باڵایان هەیە لە چۆنیەتی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ و پەلەوەر و جۆرەکانیدا، کە هەندێکیان ئەم پیشەیەیان لە باوک و باپیرانیان بۆ ماوەتەوە.
پێویستە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری کەرکوک، هەوڵی ئەوە بدات ئەم بازاڕە دێرینە فراوانتر بکات و بکرێت بە بازاڕێکی مۆدێرن و نموونەیی لەبەرئەوەی یەکێکە لە هەرە بازاڕە میللییە دێرینەکانی شاری کەرکوک.