گەرمیان، هەڵمەتی ساڵ بۆ رێگری لە بەبیابانبوون

10:17 - 2024-06-26
ڕاپۆرت
233 جار خوێندراوەتەوە
ئامانج لە هەڵمەتی ساڵ بەرزكردنەوەی رێژەی سەوزاییە

راپۆرتی/ حسێن عەزیز

 

سەرپەرشتیارێکی هەڵمەتی ساڵ: سەرەتای هەڵمەتەکە بە رواندنی دوو هەزار نەمام لە گوندی دێبنە دەستی پێکرد و هەموو گەرمیان دەگرێتەوە


لە سنووری گەرمیان، هەوڵەكانی سەوزكردن و ژینگەپارێزان بۆ رێگری لە بەبیابان بوون جێگەی ئومێدن. مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە هاوكاری شارەوانییەكان و ژینگە دۆستان لە (هەڵمەتی ساڵدا)هەزاران نەمام دەڕوێنن، ئاژەڵی كێوی باڵندە دەگەڕێننەوە بۆ ناو سروشت و هەرد و هەڵەتەكانی گەرمیان، بە ئامانجی بەرزكردنەوەی رێژەی سەوزایی و سیمایەكی جوانتری شار و چارۆچكەكان. 

لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی ناوچەکە
سالار مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بۆ رێگری لە بە بیابانبوونی گەرمیان هەڵمەتی ساڵمان راگەیاندووە بۆ نەمام رواندن و دەستپێکردنی هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە و چالاکی ژینگەیی، کارەکە بە هاوكاری شارەوانییەكان و ژینگە دۆستان و زانكۆكان بەڕێوە دەچێت و هەموو گەرمیان دەگرێتەوە.
سەریاس ئیبراهیم چالاكوانی بواری ژینگە و یەكێك لە سەرپەرشتیارانی هەڵمەتەكە دەڵێت: سەرەتای هەڵمەتی ساڵ بۆ رێگری لە بیابانبوونی گەرمیان بە چاندنی نزیكەی دوو هەزار نەمام لە گۆڕستانی گوندی (دێبنە) لە مەزاری ئەنفالكراوەكان دەستیپێكرد بە بەشداری كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان. 
وتیشی: لە درێژەی هەڵمەتەكەدا لە قەزای كفری نزیكەی هەزار نەمامی ترمان رواند كە سیمایەكی جوانتر بە شاركە دەبەخشێت و رێژەی سەوزایی زیاد دەكات، لە ناحیەی رزگاریش بە هەماهەنگی سەرۆكایەتی شارەوانی رزگاری و بەشی باخچەكان، 25 دۆنم زەوی تەرخانكراومان سەوزكرد و هەزاران نەمامی جۆراوجۆر كە لەگەڵ ژینگەی گەرمیاندا بگونجێت رواندمان، لە قەزای کەلاریش لە ساڵڕۆژی شەهیدانی ئەشکەوتی داری خلەدا، سەدان نەمام لەسەر مەزاری حەوت شەهیدەکەی ئەشکەوتەکە و خوێندنگەی شەهید مەلا ئەحمەد کەلاری روێنران. 
ئازادکردنی دەیان ئاژەڵ و باڵندە
نەمامەکانی ئەلبیزا، زەیتوون و جۆرەکانی گوڵەباخ و ئەکاسیا و گوڵە جەهەنمین روێنراون کە لەلایەن بەشی باخچەکانی شارەوانی رزگاری دابین کراون.
سەریاس ئیبراهیم یەكێك لە سەرپەرشتیارانی هەڵمەتەكە وتی:  لە رۆژی جیهانی ژینگەدا، مەڵبەندی گەرمیان ژمارەیەك ئاسكی كێوی و باڵندەی جۆری كوڕكوڕ و كوڵەفڕەی کڕی و لەناو سروشتی سنوورەكەدا ئازادی کردن.
وتیشی: هەر بەو بۆنەیەوە چەندین حەوزی ئاو بۆ باڵندە و ئاژەڵی كێوی لە دەشت و گردۆڵكەكانی گەرمیاندا دروستكراون و تیمەكانی شارەوانی ئاویان بۆ دابیندەكەن بۆ رزگاركردنیان لە تینوێتی و گەرمای پڕوكێنەری گەرمیان.
هاوکات هاشم عەلی لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان رایگەیاند: هەوڵەكانیان بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانە بەردەوامە كە راوی نایاسایی دەكەن و سەرپێچیكاران سزادەدەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان