کاریگەریی راگەیاندن لەسەر رای گشتی

11:53 - 2022-06-20
دووتوێ
1840 جار خوێندراوەتەوە

عەلیرەزا دێهقان

ئا: فەلاح کەریم

لە رووی زانستییەوە کاریگەری راگەیاندن لەسەر کۆمەڵگە بۆ سێ ئاست یان سێ تیۆری دابەش دەبێت: یەکەم، ئەوانەی کە تەنیا باوەڕیان بە توانای نەبڕاوەی راگەیاندن هەیە لە دروستکردنی پەیوەندیدا. ئەم جۆرە تیۆرانە بۆ پێش ساڵانی 1960 دەگەڕێنەوە و زیاتر لە جەنگی دووەمی جیهاندا سوودی لێوەردەگیرا. تیۆری گولـلەی ئەفسوناوی، سوژن لێدان و خەڵک، لەو تیۆرانەن. دووەم: لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا زیاتر لەسەر ئەو تیۆرە وەستاون کە مافی زیاتر بە چالاکبوونی گوێگر و مافی هەڵبژاردنی دەدات، لەناو ئەمانەدا لە هەموویان گرنگتر تیۆری سوودوەرگرتن و خۆشحاڵییە. لەم دوو قۆناغەی تیۆرەکاندا زەمینەی کۆمەڵایەتی لەبەرچاونەگیراوە و گرنگی پێنەدراوە. دەستەی سێیەمی تیۆرەکان یان ئاستی سێیەم: بریتین لە تیۆرە لێکدراوەکان و هەوڵدراوە راگەیاندن و کۆمەڵگە لە رووی کارلێکردن و کاریگەرییەوە تەماشا بکرێن.

سیستمی کۆمەڵایەتی جۆرێک لە رێوشوێنی وا دروست دەکات کە راگەیاندن نەتوانێ بەخواستی خۆی کاربکات

 

تیۆری خەڵک و دەسەڵاتی راگەیاندن:
تیۆری دەسەڵاتی راگەیاندن و ئەو کاریگەرییانەی هەیەتی بۆ دروستکردنی رای گشتی، ئەوەندە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی سیاسی و خاوەن سەرمایەکانی کۆمەڵگەیە، وەک تیۆری خەڵک ناوی لێنراوە. رەگی سەرهەڵدانی تیۆری خەڵک بۆ سەردەمی شاژن ڤیکتۆریای بەریتانیا دەگەڕێتەوە کە ماوەی شانشینییەکەی زیاتر لە 60 ساڵی خایاند و شۆڕشی پیشەسازی لە سەردەمی ئەودا گەیشتە ترۆپکی داهێنان. لەم سەردەمەدا هەندێک لە بیریاران بەو ئەنجامە گەیشتن کە سەرمایەداری شارنشین بۆتەهۆی هاتنەکایەی ژیانێکی ئاژەڵی کێوی و راونەکراو. بەرای ماسیۆ ئەرنۆڵد؛ بابەتەکە ئاوابوو کە چۆن دەتوانرێ گروپە کۆمەڵایەتییە نوێکان واتە؛ بەربەر، خاوەن زەوییەکان، چینی ناوەند و چینی پرۆلیتاریا و نەخوێندەوار هێمن بکرێنەوە وایان لێبکرێت هەست بە لێپرسراوێتی بکەن.
لەم چەند ساڵەی دواییدا سی رایت مێڵز کۆمەڵناسی دیاری ئەمریکا یەکێک بوو لەو کەسانەی کە دەستی بە لێکۆڵینەوە لەبارەی خەڵکەوە کرد. بەشێک لە کتێبە بەناوبانگەکەی (دەسەڵاتی خەڵک (The Power Elite بۆ باسی خەڵک تەرخانکردووە و لەو باوەڕەدایە خەڵک لەبەرامبەر گشتدا چوار تایبەتمەندی خۆی هەیە:
-1ژمارەی ئەوانەی باوەڕ بە شتێک دەهێنن زۆر زیاترە لەوانەی راوبۆچوونیان هەیە.
-2ئەگەری هەڵوێستوەرگرتنی خۆسەرانە بۆ  پەیامە وەرگیراوەکان کەمە. پەیوەندییەکان یەکلایەنەیە و بەشێوەیەکی سیستماتیکییە کە هەڵوێستی خێرا و کاریگەریان نییە.
-3کارکردنی ناو خەڵک بۆ ئەو هێزانەیە کە کۆنترۆڵی ئەم بوارەیان کردووە.
-4خەڵک لە بەرامبەر دامەزراوە سیاسی و ئابووری و سەربازییەکاندا ئازادی و دەسەڵاتێکیان نییە و ئەم ناوەندانە کۆنترۆڵی بیروڕای خەڵکیان کردووە.
بەپێی ئەم تایبەتمەندییانەی مێڵز ئەوەی بەدەستدێت ئەوەیە کە لەناو گشتدا گفتوگۆ و را گۆڕینەوە هۆکاری یەکەمی پەیوەندین و راگەیاندن تەنها بابەتەکان گەورەتر دەکات و زیاتر گیانی بە بەردا دەکات. لە بەرامبەردا، لەناو خەڵکدا راگەیاندن هۆکاری سەرەکی و باڵادەستی دروستکردنی پەیوەندییە و هەموان یان هەموو گروپە جیاوازە گوێگران دەکەونە ژێر کاریگەری ناوەڕۆکی راگەیاندنە گشتییەکانەوە.
لەناو خەڵکدا گوێگران گشتی و لە یەکتر دوورن و نێرەر ناناسن. لێرەدا بنەمای دروستکردنی پەیوەندی و بەشێکی تایبەتمەندییە دەروونییەکانی مرۆڤە، نەک خەسڵەت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. ئەنجامی ئەم بێدەسەڵاتییەی خەڵک، دەسەڵاتی بێ سنووری راگەیاندن یان ئەو کەس و لایەنانەیە کە راگەیاندنیان لەژێر دەستە. یەکێکیتر لە دەرهاویشتە نوێکانی تیۆری خەڵک ئەوەیە کە وەک تیۆری بەرجەستەسازی تەماشا دەکرێت. واتە راگەیاندن ئەوەندە توانا و کاریگەریی هەیە کە دەتوانێ رای گشتی بگۆڕێ یان کۆنترۆڵی بکات. ماکسیۆل مەک کۆمبز و دۆناڵد شاو، کە لە تیۆرسینانی ئەم بیردۆزەن، دەڵێن: ئەو راستییانەی کە ئێمە دەیانبینین و دەیانبیستین، راستییە پلە دووەکانن، بەڵام ئاگایی و زانیاری ئێمە لە قۆناغی یەکەمدا لە راگەیاندنەوە بەدەستدێت و وەک هەر کەسێکی ئاسایی (خەڵک) لەرێگەی راگەیاندنەوە بەو جۆرەی ئەوان دەیانەوێ و کردوویانە بە بابەتی جێی بایەخ، زانیاریی وەردەگرین. بێگومان ئەم حاڵەتە لەو کۆمەڵگایانەدا روودەدەن کە زۆرترین پەیوەندی و بەریەککەوتنیان لەگەڵ راگەیاندنەکان هەیە، هەرچەند کۆمەڵگە (خەڵک) بەدوای زانیارییەوە بێت، زیاتر گیرۆدەی داوی راگەیاندن دەبێت. بۆ نموونە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەوەندە رۆڵی چاپەمەنی زۆرە تا ئێستاش بابەتی گەرمی رۆژ ئەوان دیاریدەکەن و هیچ هێزێکی سیاسی ناتوانێ رێگەی لێبگرێت. چاپەمەنی دیاریدەکات خەڵک باسی چی بکەن و لەبارەی چییەوە قسە بکەن. ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگەکانی دیکەدا رەنگە کەسانی تر و کەناڵیتر ئەم رۆڵە ببینن.
لێرەدا بابەتێکی گرنگ پێش خودی کاریگەرییەکانی بەرجەستەسازی دەکەوێت، ئەویش هێزی بەرجەستەکردنە؟ ئەم هێزە چییە و چۆنە؟ واتە پێش ئەوەی بچینە سەر بابەتی کاریگەری و رۆڵی راگەیاندن لە بەرجەستەکردنی بابەتێکدا، خودی ئەو فاکتەرانە چین کە وادەکەن کەناڵێکی راگەیاندن بتوانێت بابەتێک بکاتە جێگەی سەرنج؟ لە راستیدا بێجگە لە بابەتە ئابووری و سیاسییەکانی ناوخۆی هەر ناوەندێک چوار هۆکاری سەرەکیش هەن کە کاریگەرییان هەیە ، یەکەم: راگەیاندنی بەهێز و ناوەندی بەهێز: لەم کاتەدا ئەگەر ئەم دوو لایەنە یەکبگرن دەتوانن کاریگەرییان لەسەر رای گشتی هەبێت (بۆ نموونە کەسێکی بەهێزی سیاسی کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ راگەیاندن هەیە). دووەم: ناوەندی بەهێز و راگەیاندنی لاواز: ئەو کاتانەی کە کەسێکی بەهێزی سیاسی یان کۆمەڵایەتی یان ئابووری کاتێکی باشی راگەیاندنەکەی پێ بدرێت. سێیەم: راگەیاندنی بەهێز و ناوەندی لاواز: لێرەدا لێپرسراوێتی بەرجەستەکردنەکە لە ئەستۆی راگەیاندنەکەیە. چوارەم: راگەیاندنی لاواز و ناوەندی لاواز: لەم حاڵەتەدا رای گشتی دەکەوێتە ژێر کاریگەری رووداوەکانەوە و راگەیاندن و ناوەندەکانی بڕیار کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نابێت.
خاڵی بەرامبەری بەرجەستەسازی، تێڕوانینێکە کە بە سوودوەرگرتن و شادی ناونراوە. ئەگەر بەرجەستەسازی بەوە ناسرابێت کە کار لەسەر ناردن لەسەر بنەمای ناخ و دەروونناسی دەکات، ئەوا تیۆرەی شادی و سوودوەرگرتن کار لەسەر وەرگر لەسەر بنەمای ناخ و دەروونناسی دەکات. لێرەدا وەرگرانی پەیام رەگەزی چالاک و جێی بایەخن.
لێکۆڵینەوەکان لەبارەی کاریگەری راگەیاندن لەسەر بنەمای سوودوەرگرتن و شادی جیاوازتر لەو تێڕوانینە ترادیسیۆنیانەن کە پێشتر هەبوون، بەڵام ئەم تێڕوانینەش جێگەی سەرنج و رەخنەی زۆرێک لە لێکۆڵەرانی ئەم بوارەیە، چونکە بنەمایەکی ئاڵۆز و دوور لە پێناسەی زانستی هەیە و زۆر پێ لەسەر حاڵەتی دەروونی تاک دادەگرێت و هەتا ئێستا نەیتوانییوە ببێتە تیۆرێکی سەربەخۆی سیستمی کۆمەڵایەتی. کەلتور و بنەما کۆمەڵایەتییەکان سنووری زۆر بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن دادەنێن و کاریگەری زۆریان لەسەر تایبەتمەندی کەناڵەکان و پڕۆسەی گەیاندنی زانیاری و شێوەی کارکردنیان هەیە؟ سیستمی کۆمەڵایەتی جۆرێک لە رێوشوێنی وا دروست دەکات کە راگەیاندن نەتوانێ بەخواستی خۆی کاربکات. بۆ نموونە چوونە ناو ژیانی تایبەتی کەسەکان. بەهەمان شێوە بۆ کەسەکانیش کات و خواستی زانین دروست دەکات کە وادەکات راگەیاندن رۆڵی بەرچاوبێ لەناو خەڵکدا. ئەمجۆرە لە کارلێکردن و کاریگەری دانانە لە زانستی راگەیاندندا ناونراوە تیۆری لێکدراو.
ئەم بابەتە، بابەتێکی ئەکادیمی و لێکۆڵینەوەی مەیدانییە، بەڵام ئەوەی بۆ ئەم زاراوە کۆمەڵایەتی - سیاسییەی ئێمە پێویست بوو لەمە زیاتر نەبوو.

سەرچاوە:
نامە علوم اجتماعی،
شمارە 13، بهار و تابستان 1378.

بابەتە پەیوەندیدارەکان