سیاسەتی ئابووریی هەر حكومەتێك، كارتی گرەنتی مانەوەیەتی

چەمكی ئابووریی سیاسی و كاریگەرییەكانی لەسەر دەوڵەتداری

01:13 - 2024-06-27
ئابووری
269 جار خوێندراوەتەوە

سەریاس محەمەد سەلیم


سیاسەتی بیرتیژانەی یەكێتی، بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیارێتییەوە، لە خەمی پێشكەوتن و گەشەسەندنی ئابووریی ئەم هەرێمەدایە

لەسەر رێگای گەیشتن بە حكومەتداری، یەكێك لە لایەنە هەرە سەرەكییەكان كە حكومدار بیری لێدەكاتەوە و فاكتەری سەركەوتنیەتی لایەنی ئابوورییە، ئەم چەمكە كە بۆ زۆربەمان ئاشنایە بە سادەیی بریتییە لە سیستمی بەڕیوەبردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و پڕۆژە و وەبەرهێنان و پیشەسازی و بازرگانی و ..هتد، سیاسەتی ئابووری هەر حكومەتێك كارتی گرەنتی مانەوەیەتی، سیاسەت و ئابووری وەك دوانەیەكی لێك دانەبڕاو و هاوتەریب لەگەڵ یەك بەرەو یەك ئاراستە دەڕۆن، بەڵام ئەگەر دادپەروەر بین لە كۆتایدا ئەوە ئابوورییە بڕیار لەسەر دروستی سیاسەتی حكومدار دەدات. 

كاركردنی بەرپرسیارانە
ئابووری سیاسی، چەمكێكی نوێباوە بەكاردێت بۆ لێكۆلێنەوە و تێگەشتن لە كێشە و ئاڵنگارییەكانی زانستی سیاسەت و ئابووری و پەیوەندی نێوانیان، هیچ حكومدارییەك ناتوانێت بەبێ تێگەشتن لەو چەمكە و كاركردن لەسەری سەركەوتن بەدەست بهێنێت، چونكە كاركردنێكی بەرپرسیارانە و دروست دەتوانێ ئابوورییەكی باش بۆ وڵات دابین بكات، بۆیە هۆكار گەلی سیاسی لە چوارچێوەی سیاسەتە ئابوورییەكاندا گرنگە و بەهێزیی سیاسەتی ئابووریش پەیوەستە بە هەڵكەوتەی جوگرافی و ژێرخان و هێزی مرۆیی هەر حكومەتێك.

قەیرانەكانی دوای جەنگ
گەر ئاوڕێكی خێرا بدەینەوە لە ئەوروپای خۆرهەڵات و ئەمریكا و روسیا، لە ئاسیاش چین و ژاپۆن، لە دوای دوو جەنگی وێرانكەری جیهانی و قەیرانە گەورەكانی كاتی شەڕەوە وەك هەڵئاوسان، بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری، كەمبوونەوەی پیشەسازی و وەبەرهینان، گرانی، كەمی كشتوكاڵ هەموو ئەو قەیرانە یەك لە دوای یەكانە بوونە دەرسێك تا دووبارە و دوای جەنگ هەر حكو مەتێك باشتر چارەسەری كێشە و قەیرانە ئابوورییەكانی بكات، نەك تەنیا چارەسەر بەڵكو چۆن بە پلانێكی تۆكمەی ئابووریی سیاسی دەست بەسەر ئابووری هەموو جیهاندا بگرن، وەكو چین و رێگا ئاوریشمییەكەی، ئەمریكا و دۆلارە بە هێزەكەی، روسیا و ژێرخانە پر لە غاز و سامانەكەی، ئەمانە مشتێكن لە خەرمانێك كە دەكرێت ببنە دەرسێك و ئیتر ئێمەش لەوە تێبگەین چۆن قەیرانەكانمان بگۆڕین بۆ چارەسەر. 

ئەنجامی بڕیاری بەپەلە
گەر بازنەكە بچووك بكەینەوە بۆ هەرێمەكەی خۆمان، دەبێت لەوە تێبگەین كە سیاسەتی خۆسەپاندن و بڕیاردانی تاك لایانە، دەتخاتە دۆخێكی ناهەموارەوە، كە بە بێ وردبونەوە و بە بڕیارێكی بە پەلە رێكەوتنێكی درێژخایەنی نەوت بكەیت، بەرهەمەكەی هەر ئەوە دەبێت كە ئیتر بۆت نەبێت سوود لە نەوتەكە وەر بگریت، دواتریش بە بڕیارێك لە دادگایەكی فەرەنساوە ئەو سەرچاوە گەورەیەی ئابووریت لی دابخەن، راگرتنی بەشە بودجە و قەیرانی دارایی و مووچە، هەموو ئەمانە پێیان دەوترێت هەڵە و تێنەگەشتن لە زانستی ئابووری سیاسی كە نەك لەو قۆناغەی كە تیایدای ناتهێلێتەوە بەڵكو دەتگەڕینێتەوە بەرە و دواوە. 

یەكێتیی خەمخۆری ئابوورییە
بەڵام گەر سەیرێكی سلێمانی بكەیت وا خەریكە ئیتر هەناسەیەك دەدات، سەیری هەر لایەك دەكەیت پڕۆژەیەك، وەبەرهێنانێك دەبینیت، سیاسەتی بیرتیژانەی یەكێتی بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیارێتییەوە لە خەمی پێشكەوتن و گەشەسەندنی ئابووریی ئەم هەرێمەدایە، ئەوە یەكێتییە بە تەواوی هاوكار و پشتیوانە بۆ وەبەرهینان و بازرگانی و پڕۆژەكان، چونكە سیاسەتی ئابووریی ژیرانە لەم قۆناغەدا ئەوەیە كە لە رێگای پڕۆژە و وەبەرهینانەوە، كارێكی وا بكرێت، قەیرانی بێ مووچەیی و دۆخەكە بە گشتی بەرەو داڕمان نەچێت، ئەم بەراوردكارییە بچووكە، بۆ تێگێشتنە لە گرنگی ستراتیجی حزب بەرامبەر ئابووریی سیاسی، چونكە حزب كاریگەریی راستەوخۆی هەیە بەسەر سیاسەتە ئابوورییەكانی وڵاتەوە، كەواتە بە دڵنیایەوە خەڵكیش ئەو حزبە هەڵدەبژێرێت كە سیاسەتێكی ئابووریی بەهێز و خزمەتكاری خەڵكی هەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان