لە دامەزراندنی تیپی مۆسیقای زانکۆی سەڵاحەدین بەشدار بووە . . .

شێركۆ مستەفا: یەكەم ئەلبوومی گۆرانیم بە ناوی (یەكەم نیگا) بڵاوكردەوە

01:24 - 2024-06-27
دیدار
143 جار خوێندراوەتەوە

شێركۆ مستەفا، هونەرمەند، ساڵی 1994 بۆ یەكەمجار بەشداری لە فێستیڤاڵی گشتی گۆرانی و موزیك كرد.
شێركۆ مستەفا بە دوالاپەڕەی وت: جگە لە كاری هونەری كە تەنها خولیایەكە،پیشەی سەرەكیم مامۆستایەتییە، دەسپێكی هونەریم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1994 كە بۆ یەكەمجار بە سەرپەرشتی (م.وریا ئەحمەد) بەشداریم لە فێستیڤاڵی گشتی گۆرانی و موزیك كرد، كە لە كەناڵی تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان بۆ سەرجەم تیپەكانی هەولێر و دەورووبەری سازكرابوو، لەو فێستیڤاڵەدا بە دوو گۆرانی وەكو (دەنگ و ئەدا) پلەی یەكەمم بەدەستهێنا.
شێركۆ وتیشی: بەشداربووم لە دامەزراندنی تیپی مۆسیقای زانكۆی سەڵاحەدین كە لە ساڵانی نەوەدەكاندا كۆمەڵێ بەرهەمی جوانمان نمایشكرد، لە ساڵی 2000دا چوار گۆرانیم تۆماركرد، كە لە ئاوازی مامۆستایان  (فەرهەنگ غەفوور، وریا ئەحمەد، عەلی مەردان) و خۆم بوون، لە ساڵی 2003دا یەكەم ئەلبوومی گۆرانیم بە ناوی (یەكەم  نیگا) بڵاوكردەوە، كە لە 11 گۆرانی پێكهاتبوو، بە هۆكاری جیاواز كە زۆربەیان پەیوەندییان بە زەمینەی كاری هونەری و نەبوونی پاڵپشتییە لەلایەن داموو دەزگا هونەرییەكانەوە بۆ كاری هونەری، ماوەی 13 ساڵە بەرهەمی هونەریم نییە، دوایین گۆرانییەكانم 3 گۆرانی بوو كە بە شێوەی تاك و ڤیدیۆ كلیپ بڵاوبوەوە،
تا ئێستا لە لایڤ موزیكدا بەشدارنەبووم، بەڵام گوێگری راستەقینەی گۆرانی لەهەرجێیەك هەبێت من لەخزمەتیاندا دەبم، لە كوردستان یارمەتی بەشێك لە هونەرمەندان دراوە، بەڵام بە شێوەیەكی هەڕەمەكی و بێ پلانی هونەری، بۆیە ئەنجامەكان وەك پێویست نەبوون، هەرچەندە لە ناوەڕاستی نەوەدەكانەوە كاری هونەریم دەستپێكردووە، بەڵام چونكە تەنها پشتم بەخۆم بەستووە و لە هیچ لایەكەوە پاڵپشتی نەكراوم، توانیومە تەنها 15 گۆرانی بەرهەم بهێنم، كە تەنها چواریان ڤیدیۆ كلیپیان بۆ كراوە.
یەسنا محەمەد

بابەتە پەیوەندیدارەکان