كەشتییەكەی سیسیۆس

گەشتێك بەناو دەریای فەلسەفەدا

01:48 - 2024-06-27
ئەدەب و هونەر
429 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات ئەحمەد سوڵتان

(4)


ئەپستمۆلۆجی
ئەپستمۆلۆجی (تیۆری زانین): سەرقاڵی گرفت و مەتەڵەکانی سروشتی زانین و چۆنێتی بەدەستهێنانی دەبێت. وشەکە یۆنانییە، بەڵام یۆنانییەکان بەکاریان نەهێناوە، واتە سەرلەبەری قۆناغە جۆراوجۆرەکانی فەلسەفەی یۆنانی بگەڕێیت ئەم وشەیەت بەرچاو ناکەوێت، تەمەنی ئەم زاراوەیە لە دوو سەدە تێناپەڕێت و لە هەردوو وشەی (ئێپستیمێ) بە واتای زانین، تێگەیستن و (لۆجی) کە ئەمیان دەزانن، پاشگرێکە بە واتای (زانست)، مانای تریشی هەیە، بەڵام با زۆر قووڵی نەکەمەوە. بە کورتی زاراوەکە یانی زانستی زانین. واتە زانستێک کە لەزانین دەکۆڵێتەوە. بە گشتی بە تیۆری زانین ناوی دەبەین، یاخود دەتوانین بڵێین بریتییە لە لێکدانەوە/تێگەیشتنی ئەقڵانییانەی زانین.
باشە! یۆنانەکان ئەم وشەیەیان بەکارنەهێناوە، بەڵام ئایا ئەپستمۆلۆجییان هەبووە؟ بەڵێ تا ئێستاش ئەوان لە مەزنترین ئەپستمۆلۆجیستەکانی مێژووی فەلسەفەن. ڕەنگە هەڵە نەبم ئەگەر بڵێم ئەپستمۆلۆجی لەگەڵ پارمێنیدێس (کۆتایی سەدەی شەشەمی پ.س) دا ڕەنگ دەگرێت، و هەریەکە لە ئەفلاتون و ئەرەستۆ دوو ئەپستمۆلۆجیستی مەزنن. ئەفلاتون تیۆرەکەی خۆی لەسەر بناغەی جیاکردنەوەی (زانین) لە (ڕا) دامەزراندووە، ئەگەر یۆنان جێبهێڵین و بێینە لای جۆن لۆک (1632 - 1704) دەبینین  ئەو دەیەوێت بزانێت مرۆڤەکان چۆن شت دەزانن. کانت (1724 - 1804) پرسیاری دەکرد: ئایا دەتوانین شتێک بزانین؟  بێرتراند ڕاسل سەرقاڵی ئەوە بوو کە تا چ ڕادەیەک دەتوانین بە هانابردن بۆ ئەزموونە هەستییەکانمان لە زانستی نوێ تێبگەین.
بەکورتی تەواوی کار و چالاکییەکانی ئەپستمۆلۆجی لەدەوری سێ پرسیار دەسوڕێتەوە:
‌أ.زانین چیە؟ 
‌ب.ئایا دەتوانین بزانین؟ 
ج.چۆن دەتوانین زانین بەدەستبهێنین.

ئاگاداربە، کەڵەکەکردنی زانیاری، مانای زانین نییە! ئەمە راستەوخۆترین هۆیە بۆ ئەوەی دەبینین (لای خۆمان) ئەکادیمیا خەڵکانی پڕ زانیاری دەخاتە بازاڕەوە، بێ ئەوەی هیچ بزانن

ئایا پێویست دەکات بڵێم هەموومان حەزدەکەین بزانین، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەمەیە: زانین چیە؟ ئەوە چیە کە ئێمە کات و ڕەنجێکی زۆری بۆ تەرخان دەکەین: دەخوێنین، بەدوای سەرچاوەدا دەگەڕێین، لێکۆڵینەوە دەکەین، گفتوگۆ و مشتومڕ دەکەین، تەنها بۆ ئەوەی بزانین! تۆ کە ئەم نوسینەی من دەخوێنیتەوە، دەتەوێت بزانیت! هەروەها ئەوەش بزانیت کە من چی دەزانم.
ئەرەستۆ دەڵێت، مرۆڤ تاکە بوونەوەرە کە دەتوانێت بزانێت. دەتوانین ئەمەشی بۆ زیاد بکەین: 'زانینەکەشی بەکاربهێنێت' ئەمە چۆن؟ ئەگەر کۆمەڵێک پوولی دۆمینە بخەینە بەردەمی سەگێک (یەکێک لە زیرەکترین گیانەوەرەکانی سەر زەوی) و ئینجا دوو پەنجەی بۆ ڕابگرین و ئەویش دوو پوول جیابکاتەوە، ئایا ئەو لە مانای وشەی (دوو) تێدەگات وەک ئێمە لێی تێدەگەین؟
مرۆڤەکان بە سروشتی خۆیان حەزیان لە زانینە، ئەمەش دیسان قسەی ئەرەستۆیە. ئەمە چۆن؟ ئێمە ڕەمەکی سروشتییمان هەیە بۆ چاودێریکردن و وردبوونەوە و هەڵسەنگاندنی ئەزموونەکانمان لەگەڵ سروشت و هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لەوەی خەڵکانی دەوربەرمان دەیکەن. نموونەی مەلاکەت بیستووە کە لەبەردەمی قازیدا جار لەدوای جار دووبارەی دەکردەوە: "قوربان تێناگا". ئەگەر نەتبیستووە من بۆت باس ناکەم، بەڵام بیرلەوە بکەرەوە کاتێک بە یەکێک دەڵێیت 'نازانم' چ مانایەکی هەیە؟ یان ڕستە ناودارەکەی سۆکرات: 'تاکە شتێک کە بیزانم، ئەوەیە کە نازانم'

ئاگاداربە، کەڵەکەکردنی زانیاری، مانای زانین نیە! ئەمە ڕاستەوخۆترین هۆیە بۆ ئەوەی دەبینین (لای خۆمان) ئەکادیمیا خەڵکانی پڕ زانیاری دەخاتە بازاڕەوە، بێ ئەوەی هیچ بزانن. واتە ئەگەر لەناو ئەوانەدا سۆکراتێک بێتە دەرەوە، ئەوە ئەم قسەیە دەکات: "ئێوە نازانن کە من دەزانم" ئەمە سۆکراتەش هەرگیز نابێت بە هیچ.
ئەم قسانە بۆچی بوون؟ بۆ ئەوەی پێت بڵێم کە خستنەڕووی پێناسەیەکی گشتگیر و ماقووڵ بۆ سروشتی زانین، کارێکی ئاسان نیە. واتە هێشتا هەر لەهەوڵداین بۆ دۆزینەوەی وەڵامێک بۆ پرسیاری: زانین چیە؟ بەڕاست! جیاوازیی چیە لەنیوان ئەوەدا کە (دەزانیت شتێک دروستە) لەگەڵ ئەوەدا کە (پێتوایە شتێک دروستە)؟
کاتێک دەپرسم: زانین چیە؟ یەکسەر ڕووبەڕووی زنجیرەیەک پرسیاری دیکە دەبمەوە، بۆ ئەمەش دەبێت قسە لەبارەی کۆمەڵێک خاسییەتی زانینەوە بکەم، بۆ ئەوەی بتوانم لە کۆتاییدا پێناسەیەک ئامادە بکەم کە لانیکەم بۆ ئێستا دروست بێت.
یەکەمین پرسیار کە بەرەنگاری دەبمەوە ئەمەیە: ئەو شتانەی دەتەوێت بیانزانیت، یان دەتوانیت بیانزانیت، جۆراوجۆرن، هەمەچەشنن. نین؟
جیاوازی چیە لەنیوان ئەم دوانەدا: 
من (دەزانم) چەمی ڕێزان لەکوێیە.
من زمانی ئینگلیزی (دەزانم)
ئێمە کە وشەی (دەزانم) بەکاردەهێنین، زیاتر دەربارەی ڕاستییەکان (فاکتەکان) دەدوێین. واتە کاتێک داوام لێدەکەیت بە ئینگلیزیی لەگەڵ کەسێکی ئینگلیزدا قسە بکەم، بۆت دەربکەوێت کە ئەو لە قسەکانم تێدەگات. یان عەسرێکیان پێکەوە بچینە چەمی ڕێزان و من ڕێگاکە بە باشی شارەزا بم. هەرخۆی تیۆری زانینیش، ئەپستمۆلۆجیا، لە بەشی زۆریدا لێکۆڵینەوەیە لە فاکتەکان و پرسیارکردن لەوەی ئەمانە چۆن بوون بە فاکت و چۆن توانیمان بیانزانین. یان ئایا دەتوانین گومان لە فاکتەکان بکەین.
یانی، من مەبەستم لەوەیە بڵێم پرسەکە وشەی زانینە لەگەڵ کۆمەڵێک وشەی دیکەدا، وەک:
زانین لەگەڵ کات: کەی!
زانین لەگەڵ شوێن: کوێ؟
دەبینیت؟ لیستەکە زۆر درێژە. 
بۆ نموونە جیاوازیی چیە لەنێوان ئەوەدا کە من دەزانم شەڕی ناوخۆ کەی دەستیپێکرد، لەگەڵ ئەوەدا کە تۆ دەزانیت ئەو شەڕە لەکوێ دەستیپێکرد؟ 
با پێناسەیەکت بدەمێ: زانین بریتییە لە پێداگرییکردن لەسەر فاکتەکان. من خۆم بەم پێناسەیە ڕازی نیم، چونکە کاتێک دەڵێم 'من شتێک دەزانم'؛ بەڕاست! مەبەستم لەم قسەیە چیە؟ ڕێک ئێرە جێگای خۆیەتی باسی پەیوەندیی نیوان زانین و باوەڕت بۆ بکەم، واتە جیاوازی نێوان ئەوەی من شتێک بزانم، لەگەڵ شتێکدا کە باوەڕم پێیەتی. سەیری ئەم دوو ڕستەیە بکە:
من دەزانم مامۆستا سالاری فیزیا خەڵکی ماوەتە.
سروە باوەڕی وایە مامۆستا سالاری فیزیا خەڵکی ماوەتە.
بێگومان جیاوازیی زۆر لە نێوان ئەم دووگوزارشتەدا هەیە؛ دەزانیت ئەوانە چین؟ 
یەکەمین شت کە بیری لێدەکەینەوە، پەیوەندیی بە ڕاستییەوە، هەیە. با سەیری گوزارشتەکەی سروە بکەین: پەیوەندیی بە ئەگەر (شێمانە)وە هەیە، نیەتی؟ یانی پێویستیمان بە هەنگاوێکی دیکە هەیە بۆ گەیشتن بە دڵنیایی. وەک ئەوەی تەلەفون بۆ مامۆستا سالار بکەین. مادام مەسەلەکە (باوەڕ)، ئەگەری ئەوە هەیە هەڵە بێت، واتە ڕەنگە مامۆستا خەڵکی ماوەت نەبێت، لەوانەشە ڕاست بێت. لەوانەشە ئەو باپیری ماوەتی بووبێت!
ئەمە یانی چی؟ ئەو شتانەی (باوەڕ)مان پێیانە، هەمیشە دوو ئەگەر لەخۆ دەگرن: جاری واهەیە دروستن جاری واش هەیەن نادروستن، واتە لەنێوان ڕاستییەکان و باوەڕەکاندا ڕووبەرێکی هاوبەش هەیە، کە پێی دەڵێین زانین وەک ئەم هێڵکارییە:
فیلمی ماترێکست بینیوە؟ باسی فیلمەکەو دەرهێنان و ئەکتەرەکانت بۆ ناکەم، ئەوە کاری من نیە، بەڵام لە گرتەیەکدا، مۆرفیۆس پرسیار دەکات (دامڕشتۆتەوە): ڕاستەقینە چیە؟ ئەگەر ئەوە بێت کە بۆنی دەکەیت، دەستی لێدەدەیت، تامی دەکەیت، دەیبیستیت، کەواتە ڕاستەقینە هیچ نیە جگە لە ژمارەیەک نیشانەی کارەبایی کە مێشکت لێکیان دەداتەوە!
بەڕاست! ئەمە وشەیەکی دیکەیە: (ڕاستەقینە)، جیاوازی ئەم وشەیە لەگەڵ وشەی (ڕاستی) دا، چیە؟ ئەمەش پرسیارێکی زۆر گرنگە.
ئەمە لە ژیانی خۆتدا ڕوودەدات؟ قەت ڕێکەوتی کردووە ئاسمان هەورێکی ڕەشی پێوە بووبێت و ناوبەناو بروسکەشت بینیبێت، بەوپێیە بڕیارت دابێت ڕینکۆتەکەت لەبەربکەیت و چەترەکەشت ببەیت؛ کەچی ئەو ڕۆژە تا ئێوارە باران نەباریبێت؟
ئاواهی سەیری پرسەکە بکە: تۆ باوەڕت وایە کە شتێک ڕاستە، بەڵام دوایی دەردەکەوێت ڕاست نیە، ئەمە قابیلی تێگەیشتنە، چونکە بەهەڵەداچوون سیفەتێکی مرۆییە. بەڵام ئەگەر پێداگرییت کرد لەسەر ئەوەی تۆ دەزانیت شتێک ڕاستە، بەردەوامیش بوویت لەسەر ئەوەی کە تۆ دەزانیت ڕاستە، ساڵانێکی زۆر تێپەڕین و بۆت دەرکەوت کە ڕاست نیە، ئایا زانینەکەت دەبێت بە چی؟
رێکەوتنی من لەگەڵ کەژاڵ ئەحمەددا لەسەر (1000) وشەیە، ئەمەش (فاکت)ێکە من (دەیزانم) واتە (باوەڕ) نیە. بۆیە دەبێت لێرەدا رابوەستم، بەڵام بەڵێنت دەدەمێ کە ماوەیەکی زۆر لای ئەپستمۆلۆجیا دەمێنینەوە، ئەمە تەنها مەشقکردن بوو بۆ خۆگەرمکردن، بە ئەنقەستیش بڕێک بە تێکەڵوپێکەڵی قسەم کرد. لێرە بەدواوە هەرجارەی بیرۆکەیەک وەردەگرم و لەبارەیەوە دەدوێم.

بابەتە پەیوەندیدارەکان