لە 36مین ساڵیادی لەسێدارەدانی شەهید مامۆستا شاكر فەتاح-دا

11:36 - 2024-06-30
کەلتور
95 جار خوێندراوەتەوە
شاكر فەتاح

پ. د. بەهادین ئەحمەد*
خوێنەرانی بەڕێز.. ئەمڕۆ 36 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر لەسێدارەدانی پیاوێكی تێكۆشەر و رۆشنبیر و هەڵكەوتووی كورد، كە ئەویش شەهید مامۆستا شاكر فەتاحە (1914-27/6/1988)، دوای رفاندن و دەستگیركردنی لەلایەن پیاوانی ئەمن و ئیستخباراتی رژێمی بەعسەوە لە ماڵەكەی خۆی لە گەڕەكی عەقاری شاری سلێمانی لە شەوی (18 - 19/3/1988)، كاتژمێر 12، تەنیا بەهۆی رەخنەگرتن لە سەرانی رژێم لە كۆڕێكدا لە شاری هەولێر چەند رۆژێك پێش ئەوە، سەرنگون دەكرێت و دوای چەند مانگێك لەگەڵ 9 كەسی تردا بێ بەزەییانە و دڕندانە لە تەمەنی 74 ساڵیدا رۆژی 27/6/1988 لەسێدارە دەدەرێن و تەرمەكانیان بەداخەوە نادرێنەوە بە خێزان و كەسوكاریان هەتاوەكو ئێستا شوێنبزركراون و نەدۆزراونەتەوە و گۆڕیان ونە. 
ئەم بابەتەی بەردەستتان وێڕای بەرزڕاگرتنی ناو و یاد و زیندووكردنەوەی هەڵوێستە جوامێرانە و شكۆدارەكانی مامۆستای ناوبراوە لەگەڵ ئاماژەدان بەڕاژە و خزمەتی كارگێڕی و هەوڵ و ماندووبوونی لە هوشیاركردنەوەی تاكی كورد لە ماوەی رابردوودا لە رێگەی چاپ و بڵاوكردنەوەی بەرهەم و كتیب و وتارە رۆژنامەنووسی و ئێزگەیی و تەلەفزیۆنییەكانەوە. 
لە هەمان كاتدا هەوڵدانی ورد و تەواوی نووسەرە بۆ رەواندنەوەی گومان و راڕای لەسەر چارەنووسی ناوبراو، كە زۆر نووسەر و توێژەر گومان دەبەن كە مامۆستا لەلایەن رژێمەوە لەسێدارە نەدرابێت؟ یاخود هۆكاری مردنەكەی و چارەنووسی لەم رووەوە بە تەواوی روون نییە! بۆیە لێرەدا نووسەری وتار بەڵگە و دۆكیۆمێنتی روون و یەكلاكەرەوەی حاشاهەڵنەگری خستۆتە روو، كە بەڵگەنامەی وەفات و نووسراوی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی رژێمە لە هەولێر، كە بە روونی ناوی سیانی مامۆستا شاكر فەتاح و هۆكاری مردنەكەی كراوە بە لەسێدارەدان و ئاراستەی نەخۆشخانەی كۆماری (جمهوری) ئەو كاتی پارێزگای هەولێر كراوە و هەمان رۆژ لەلایەن پزیشكی دادی تایبەتی نەخۆشخانەكەوە تەرمەكانیان پشنكراوە و وەفاتنامەیان بۆ دەركراوە. 

شاکر فەتاح لە ساڵی 1961دا سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بووە و ساڵی 1970 بووە بە ئەندام ‌و جێگری سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی نووسەرانی كورد ‌و ساڵی 1971 بە ئەندامی كۆڕی زانیاری كورد وەرگیراوە

ژیانی تاكەكەسی مامۆستا شاكر فەتاح
 ناوی شاكرە ‌و نازناوی محەمەد شاكرە. كوڕی میرزا فەتاح كوڕی ئەحمەدە ‌و لە تیرەی (سێتەبەسەر)ی هۆزی (هەمەوەند)ە. 
ساڵی 1914 لە گەڕەكی (دەرگەزێن)ی سلێمانی لەدایكبووە. قوتابخانەی سەرەتایی لە سلێمانی ‌و دواناوەندی لە بەغدا تەواوكردووە. ساڵی 1933 لە كولێژی ماف (حقوق) وەرگیراوە ‌و 1936 بە سەركەوتوویی تەواوی كردووە. 
 15/10/1936 تا 15/5/1938 بەڕێوەبەری ناحیەی (مزوری) بووە لە قەزای دهۆك، 6/6/1938 تا 25/12/1938 بەڕێوەبەری ناحیەی (زڕباتیە)ی كووت بووە، 29/12/1938 تا 26/11/1939 بەڕێوەبەری ناحیەی (قەرەحەسەن)ی سەر بە پارێزگای كەركووك بووە، 30/11/1939 تا 30/9/1940 بەڕێوەبەری ناحیەی (خورماڵ) بووە، دواتر بووەتە بەڕێوەبەری ناحیەی پێباز. 1/1/1941 چووەتە خولی ئەفسەرانی ئیحتیات لە كۆلێژی سەربازی ‌و لە 1/7 /1941 بووە بە مولازمی دووەم ‌و بە مەبەستی خزمەتكردن لە ریزی سەربازیدا رەوانەی فەوجی یەكەم لە لیوای پیادەی سێ‌ لە حامیەی رەواندز كراوە ‌و لە 10/10/1941 خزمەتی سەربازی تەواوكردووە. 
 لە ژیانیدا یەك بەدوای یەك ئەم ئەرك ‌و لێپرسراوێتییە حكومیانەی لە ئەستۆ گرتووە: 15/11/1941 تا 30/11/ 1942 بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم بووە.
 5/2/1942 تا 3/7/1943بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ بووە ‌و 3/7/1943 تا 12/6/1944 مەئمووری بەرهەمەكانی قەزای هەڵەبجە بووە ‌و 29/6/1944 تا 21/3/1946 قائیمقامی قەزای رانیە بووە، 24/6/1946 تا 20/8/1946 قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ بووە، 24/8/1946 تا 28/2/1947 قائیمقامی هەڵەبجە بووە، 1/3/1947 تا 11/11/1948 قائیمقامی قەزای مەركەزی سلێمانی بووە، 14/11/1948 تا 10/6/1950 قائیمقامی قەزای شێخان بووە، 11/6/1950 تا 15/5/1952 قائیمقامی قەزای ئاكرێ‌ بووە، 17/5/1952 تا 1/11/1952 قائیمقامی قەزای ئامێدی بووە، 4/11/1952 تا 14/10/1954 قائیمقامی سێیەمی قەزای شەقڵاوە بووە، پاشان كراوەتە قائیمقامی قەزای شێخان ‌و دەستبەكار نەبووە، 15/10/1954 تا 6/3/1956 قائیمقامی قەزای ئاكرێ‌ بووە، 4/8/1958 قائیمقامی قەزای زاخۆ بووە. 13/7/1958 خزمەتی حكومی براوەتە شارەوانی سلێمانی ‌و لە 5/8/1958 تا 24/12/1961 سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی بووە. لە 25/12/1961 تا 11/3/1963 كراوەتە موفەتیشی ئیداری لە وەزارەتی ناوخۆ، دواتر كودەتاچییەكانی مانگی شوباتی 1963 لە 19/ 3 ی هەمان ساڵدا خانەنشینیان كردووە. ساڵی 1970 بووە بە ئەندام ‌و جێگری سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی نووسەرانی كورد ‌و ساڵی 1971 بە ئەندامی كۆڕی زانیاری كورد وەرگیراوە، 1/10/1977 بووەتە جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی یاسادانانی ناوچەی كوردستان ‌و 15/11/1980 خانەنشینكراوە(1). 

كۆڕەكەی هەولێر كە بووە هۆی دەستگیر كردنی
بەشداری لە كۆڕی سێ‌ رۆژە (11-13/3/1988) ی شاری هەولێردا كردووە بە ناونیشانی (گەشەكردنی ئۆتۆنۆمی لە وتەكانی سەرۆك ‌و گەلی كورد لە ویژدانی سەرۆكدا) شیاوی باسە لە میانەی پێشكەشكردنی وتارێكدا لەو كۆڕەدا بە ئاشكرا داوای لە رژێمی دیكتاتۆری بەعس كردووە كە لەگەڵ شۆڕشگێڕانی كورددا رێكبكەوێت ‌و خەڵكی راگوێزراوی گوندەكان ببرێنەوە جێی خۆیان، بەڵام بەرپرسانی رژێم ‌و دارودەستەكانی ناهێڵن و تارەكەی تەواوبكات ‌و دەكەونە رەخنە ‌و توانجگرتن لێی ‌و داوای پاشگەزبوونەوەی لە وتەكانی لێدەكەن، بەڵام ئەو ئامادەی پەشیمانبوونەوە لە وتەكانی ‌و سازشكردن لە جێبەجێكردنی داواكانی بەرامبەر گەلی كورد نابێت، بۆیە دوای تێپەڕبوونی پێنج رۆژ بەسەر كۆڕەكەدا، شەوی 18 لەسەر 19/3/1988، كاتژمێر 12، چەند چەكدارێكی سەر بەدامودەزگا سەركوتكەر ‌و سیخوڕییەكانی رژێمی ستەمكاری بەعس هەڵدەكوتنە سەر ماڵەكەی ‌و دەستگیری دەكەن، بۆ ماوەی سێ مانگ بێ‌ سەر‌وشوێن بووە، تا بە پێی وەفاتنامەكەی دەردەكەوێت لە كاتژمێر 10 ی سەرلەبەیانی رۆژی 27/6/1988 لە بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی هەولێر لەسێدارەدراوە، كە بە پێی نووسراوێكی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە كە بە ژمارە (1539)ی رۆژی (27/6/1988) لە ژێر ناونیشانی بابەت / تەرمی كۆمەڵێك تێكدەر (مخربین) رەوانەی نەخۆشخانەی كۆماریی پارێزگای هەولێر كراوە. تێیدا داواكراوە تەرمی ئەم شەهیدانە كە بەداخەوە ئەوان بە تێكدەر (مخرب)ناویان بردوون! وەفاتنامەیان بۆ دەربركێت، شەهیدەكان ژمارەیان (10) كەسە و ناوی (سیانی)یان لە خوارەوە هاتووە، پاشان بە خاك سپێردراون و ناوی شەهید (شاكر فەتاح) لە زنجیرەی ژمارە (7) ی ریزبەندی ئەو لیستەدایە.
ناوبراو دوای لەسێدارەدانی لە تەمەنی (74) ساڵیدا لەلایەن ئەو رژێمە دڕندە و خوێنڕێژەوە، تەرمەكەشی شوێنبزر كراوە ‌و تا ئێستاش لەلایەن كەسوكاری نازانن لە كوێیە(2).

رۆڵی شاكر فەتاح لە بواری رۆژنامەنووسی و چاپەمەنیدا
 سەرەتای كاری رۆژنامەنووسیی (شاكر فەتاح) دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1927، كاتێك یەكەم بابەتی بە ناونیشانی (هاواری وەتەنە خۆشەویستەكەمان) لە رۆژنامەی (ژیان)(3)دا بڵاوكردۆتەوە.
شاكرفەتاح هەروەكو لە ژێرناونیشانی بابەتێكدا بەناوی (ئاوێنەی ژینم) كە لە گۆڤاری (ڕۆشنبیری نوێ‌)دا بڵاویكردۆتەوە، نووسیویەتی : (جاروبارێ‌ وتارم دەنارد بۆ رۆژنامەی ژیانەوە، ژیان‌و ژین، بۆ گۆڤاری هاوار، رووناكی، دیاری لاوان ‌و یادگاری لاوان)(4) لە دەستنووسێكی خۆیدا نووسیوێتی: (هەر گۆڤار‌و رۆژنامەیەكی كوردی دەرچووبێت ‌و داوای وتاری لێ‌ كردبم بۆم ناردووە. لەوانە گۆڤارەكانی گەلاوێژ، نزار، هیوا، رۆژی نوێ‌، هەتاو، رووناكی، بەیان، ئەستێرە، برایی، برایەتی، كاروان، شەفەق، رزگاری و رۆژنامەكانی ژین، هەولێر، ژیان، برایەتی ‌و خەبات.. بە نموونە دەهێنمەوە).(5)
 شاكر فەتاح لە هەریەكە لە گۆڤاری (گەلاوێژ ‌و نزار) و رۆژنامەی ( هەولێر) ‌و ..هتددا وتار ‌و بابەتی بڵاوكردۆتەوە. ساڵی 1933 بەڕێوەبەری قوتابخانەی زانستی بووە لە سلێمانی. 1934 سكرتێر ‌و سەرنووسەری گۆڤاری (یادگاری لاوان) بووە لە بەغدا.
كاتێك لە ساڵی 1940دا بووەتە بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ رۆژنامەیەكی دەستنووسی بەناوی (خورماڵ) بۆ هاووڵاتیانی ناوچەكە دەركردووە. دواتر كە لەساڵی 1941دا بووەتە بەڕێوەبەری ناحیەی (قادركەرەم)ی سەر بە پارێزگای كەركوك، رۆژنامەیەكی دەستنووسی بەناوی (باسەڕە) لە ناوچەكە دەركردووە.
 ساڵی 1946 كاتێك بووەتە قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ رۆژنامەیەكی دەستنووسی بەناوی (چەمچەماڵ) لەناوچەكە و لە رۆژی (1/7/1946)دا دەركردووە، كاتێكیش بووەتە قائیمقامی قەزای ئاكرێ‌ رۆژنامەیەكی دەستنووسی بەزمانی عەرەبی بەناوی (اكری) لە قەزای ناوبراو دەركردووە.
هەروەها لە نێوان ساڵانی (1927-1984)دا 204 وتاری بە هەردوو زمانی كوردی ‌و عەرەبی لە رۆژنامە ‌و گۆڤارە كوردی ‌و عەرەبییەكاندا بڵاوكردۆتەوە. جگە لەمانەش شاكر فەتاح لە نێوان ساڵانی (1975-1980)دا 112 وتاری ئێزگەیی لە رادیۆی كوردیی بەغدا بڵاوكردۆتەوە. لە ساڵانی نێوان (1970-1980)دا شەش وتاری لە تەلەڤزیۆنی كەركوك بڵاوكردۆتەوە.(6)
سەرجەم بەرهەمە نووسراو و وەرگێڕدراوەكانی لە نێوان ساڵانی (1927-1984)، 165 كتێب ‌و نامیلكەن، لەو ژمارەیە 46 كتێب ‌و نووسراوی دانراوی خۆی ‌و 119 یان وەرگێڕدراون ‌و كۆی بەرهەمە نووسراو ‌و چاپكراوەكانی تا ساڵی 1984 گەیشتۆتە 64 كتێب ‌و نامیلكە كە دوانیان بە زمانی عەرەبی چاپكراون، یەكەم كتێبی ساڵی 1927 داناوە ‌و یەكەم بەرهەمی بەناوی چیرۆكی (خانووی تازە) ساڵی 1933 چاپكردووە.
هەروەها لە ساڵانی (1971-1983)دا لەگەڵ لیژنەی (بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خوێندنی كوردی) سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عیراق، بەشداری وەرگێڕانی پێنج كتێبی بۆ زمانی كوردی كردووە وەكو بەشێك لە بەرنامە ‌و پرۆگرامی خوێندن بەزمانی كوردی.(7)

سەرچاوە و ژێدەر و پەراوێزەكان:

 1 - رەفیق ساڵەح و سدیق ساڵەح، رۆژنامەی ژیان، یەكەم بەرگ، چاپخانەی شڤان، سلێمانی، 2002، ل34.
2 - د. بەهادین ئەحمەد، شاكر فەتاح، ژیان و بەرهەمە رۆژنامەنووسییەكانی، چاپی دووەم، چاپخانەی چوارچرا، سلێمانی، 2017، ل
3 - رۆژنامەی (ژیان)، ژ.( 52)، 3/شوبات/1927، ل3- 4.
4 - گۆڤاری (رۆشنبیری نوێ‌)، ژ. (103-104) , كانوونی دووەم /1984 , ل164.
5 - فەلەكەددین كاكەیی و مەحموود زامدار، دەستنووسێكی شاكر فەتاحی شەهید، چاپخانەی وەزارەتی رۆشنبیری، هەولێر، 1998، ل58.
6 - رەفیق ساڵەح و سدیق ساڵەح ، سەرچاوەی پێشوو، ل35.
7 - گۆڤاری رۆڤار (شاكیر فەتاح) شەهیدی بیروڕادەربڕین، ژ.( 26)، 25/8/2003 ، ل40.
8 - وەفاتنامەی شەهید مامۆستا شاكر فەتاح و بەڵگەنامەی نووسراوی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی پارێزگای هەولێر ژمارە (1539) رۆژی (27/6/1988).

*مامۆستای زانكۆی پۆلیتەكنیكیی سلێمانی – بەشی میدیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان