بەخێربێن بۆ سەردەمی بە رۆبۆتکردنی مرۆڤ

11:45 - 2024-06-30
کەلتور
71 جار خوێندراوەتەوە

كازم جەباری


لە سەروبەندی پشووی هاوینەدا دیاردەیەکی سەیر بووە بە مۆدێل، ئەویش ئەوەیە منداڵەکانمان دەنێرین بۆ هەموو خولێکی فێرکاری جگە لە خولە پەروەردەییەکان، لە ئەنجامی چاولێکەرییەکی کوشندە منداڵەکان وا رادەهێنین کە سۆراغی جۆرەها سەنتەر و خول و بەرنامەی فێرکاریان بۆ بکەین، تەنها لە پێناو فێربوون. بەڵام لەبەرئەوەی ئامانجی زۆرێک لە خول و سەنتەر و پەیمانگاکان پارە پەیداکردنە و شەڕی ناوبانگە و لە ئەسڵدا پڕۆژەکە پڕۆژەیەکی بازرگانییە، رەنگە ئەوان لەوێدا فێری زۆرشت بن، لە فێربوونی زمانە جیاجیاکان و ژمارە و بەدیجیتاڵکردنی مێشکی نەوەکان، جگە لە بابەتە پەروەردەیی و بەها پەروەردەییەکان، بەڵکو ئەم دۆخە فەزڵدانی  فێرکردنە بەسەر پەروەردەدا. ئەنجامەکەی هیچ نابێت جگە لە بە دیجیتاڵیکردن و بە ڕۆبۆتکردنی مرۆڤ و بەرهەمهێنانی مرۆڤێک کە وەکو تەن وان تەنها جێگەیەک لە گەردووندا داگیر دەکەن. دەشێت ئەوان زۆر شت بزانن، بەڵام بەتاڵن لە هەموو بەهایەک.
هەڵەیەکی گەورەیه لە بەرامبەر فێربووندا پەروەردە فەرامۆش بکرێت، چونکە لە مرۆڤدا بە جیاواز لە هەموو بوونەوەرەکانی تر پەروەردە پێش فێربوونە

هەڵەیەکی گەورەیه لە بەرامبەر فێربووندا پەروەردە فەرامۆش بکرێت، چونکە لە مرۆڤدا بە جیاواز لە هەموو بوونەوەرەکانی تر پەروەردە پێش فێربوونە


مرۆڤێکی  بۆشە
نەنگیەکە پێگەیاندنی مرۆڤگەلێکە بە دڵێکی مردوو و رۆحێکی خاڵی و گۆشەگیر کە تەنها خۆی دەخوێنێتەوە، خۆی و بەرژەوەندییەکەی، خۆی و پیشەکەی و دەوامەکەی، ئیتر بیری لای ئەوە نییە کە لە دەوروبەرەکەی چی روودەدات، هیچ هەلومەرج و بارودۆخێک ناخوێنێتەوە، ئەم مرۆڤه با ئەنسکلۆپیدیایەک بێت و بەرزترین بڕوانامەی هەبێت و هەموو شتێک بزانێت، لە کۆتاییدا لە غیابی پەروردەدا مرۆڤێکی  بۆشە. مرۆڤێکی خۆپەرست و ناجێگیر و بێ قەناعەت و بێ سەبرە، بەڵام ئەوەی راستییە ئەمەیە مرۆڤ بریتییە لە بەها و جەوهەرێکی بەنرخ و لێوان لێو لە مەعنەوییەت و مرۆڤایەتی، بێگومان ئەمە ئەرکە راستەقینەکەی پەروەردەیە کە بەهاکانی خۆشەویستی و ئەخلاق و دادپەروەری و هەست و سۆز و ئەمەکداری و رێز و شکۆ و بەخشندەیی و ئەرک و بەرپرسیارێتی...و سەرجەم بەها پێویستییەکانی مرۆڤی تێدا بخوڵقێنێت.
   کورد دەڵێت: (خوویەک گرتت بەشیری تەرکی ناکەی بە پیری)، بۆیە قوتابخانە سایکۆلۆژییەکان جەخت لە گرنگی تەمەنی منداڵ و جوگرافیناسەکانیش ژینگەکەی دەکەنەوە لە رەنگڕێژکردنی داهاتوویان، واتا منداڵ کەرەستەیەکی خاوە پێویستی بە چاندنی بەهاکان و گۆشکردنی پەروەردەیەکی دروستە لەسەردەمی تەکنەلۆژیا و بەڕۆبۆتکردنی مرۆڤدا. 
   هەڵەیەکی گەورەیه لە بەرامبەر فێربووندا پەروەردە فەرامۆش بکرێت، چونکە لە مرۆڤدا بە جیاواز لە هەموو بوونەوەرەکانی تر پەروەردە پێش فێربوونە. هەرچەندە پەروەردە پڕۆسەیەکی درێژخایەن و بەردەوام و لەسەرخۆ و دوورمەودایە و دۆخێکی ژیرانەیە، بەڵام مەرج نییە فێربوون وابێت چونکە مرۆڤ هەر ئەوەندەی زەحمەتە فێری کردارێک بوو ئیدی پرۆگرام دەبێت و دەکەوێتە سەر سکە. 

بە چی دەچێت منداڵەکەت بکەیت بە باشترین دکتۆر و ئەندازیار و...هتد، بەڵام بێ هەست و گۆشەگیر و لە خۆبایی و...هتد بێت

ئەوەی مەبەستمە
یەکەم: لە راستیدا پێکهاتەی بونیادیی مرۆڤ وایە هەم پێویستیی بە پەروەردەیە هەم عەوداڵی فێربوونە، واتا بە هەردوو پڕۆسەکە یەکتر تەواو دەکەن و هیچیان بە بێ ئەوی تریان نابێت. زانینیش پڕۆسەیەکە بەرەنجامی پەروەردە و فێربوونە.
دووەم: لێرەدا مەبەست ئەوە نییە ئەم نووسینە بانگەشە بۆ ئەوە بکات کە پڕۆسەی فێربوون لە ژیانی مرۆڤدا هیچ رۆڵ و کاریگەرییەکی نییە نا، بەڵکو شان بە شانی پەروەردە پڕۆسەیەکی تەواوکارییە.
سێیەم:  راستە خێزان بە یەکەم قوتابخانە دادەنرێت بۆ پەروەردە و گۆشکردنی تاک، بەڵام ناکرێت رۆڵی قوتابخانە و ژینگە و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکانیش نادیدە بگرین. چونکە پڕۆسەی پەروەردە، پڕۆسەیەکی وەرگیراوە.
چوارەم: ناکرێت روڵی سەنتەر و پەیمانگا و ناوەندە فێرکارییەکان لەبەرچاو نەگرێن لە فێرکردن و بەخشینی دونیابینی و ئاراستەکردنی خوێندکار. بە تایبەت ئەو سەنتەر و دەزگا و ناوەندە پەروەردەیانەی لە پاڵ فێرکردندا پڕۆسەی پەروەردەیان فەرامۆش نەکردووە و تەنها مەبەست و دیدێکی بازرگانی رەها زاڵ نییە بەسەر کارەکانیاندا.
پێنجەم:  بە چی دەچێت تۆ منداڵەکەت بکەیت بە باشترین دکتۆر، ئەندازیار، بازرگان، هونەرمەند، مۆسیقاکار، سەرکردە و...هتد، بەڵام بێ باک و بێ هەست و گۆشەگیر و لە خۆبایی و بێ بەزەیی و...هتد بێت. سوودی نەک بۆ کۆمەڵگە، بەڵکوو بۆ دایک و باوک و خانەوادەکەشی نەبێت و سەرەنجام نەتیجەکەت خەڵوەتگەی پیری بێت.
هەر بۆیە پەروەردە پێش فێرکردن خراوە و حکومەتی هەرێمیش دەڵێت: (وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن).

بابەتە پەیوەندیدارەکان