راپۆرتی - ئهیاز ههركی
زهكهریا عهفرینی یەکێکە لە شاعیر و مۆزسیانەکانی رۆژئاوای کوردستان و هەر لە منداڵییەوە خولیای نووسینی شیعر و ژەنینی موزیکی كوردی بووە.
لە تەمەنی گەنجێتیدا وەک موزیکژەنێکی چالاک لە پهیمانگەی موزیکی پارێزگای حەلەب خزمەتی هونەری کوردیی کردووە، هاوكات حەزێکی تایبەتی بۆ کایەکانی دیکەی هونەر و شیعر و موزیک و گۆرانی کوردی هەیە.
جوانیی سروشتی کوردستان و خۆشەویستی راستەقینەی بۆ گەل و نیشتمانەکەی لە بەرهەمەکانیدا رەنگیداوەتەوە.
شاعیر و هونهرمهند زەکەریا عەفرینی توانایەکی گەورەی هەیە بۆ خزمەتکردنی هونەری کوردی و دەرفەتی فێربوونیش بۆ ئەو کەسانە دەڕەخسێنێت کە دەیانەوێت فێری هونەری گۆرانی و موزیک بن.
شیعر و چیرۆک بۆ کورد و ژن و منداڵ
جگە لەوەش لە رێگەی نووسین و شیعرهكانییەوە خزمەت بە دەوڵەمەندکردنی کەلتوری کوردی دەکات و چهندین شیعر و چیڕۆكی لەسەر خۆڕاگری و قارەمانانی میللهتی كورد و ئازادیی ژنان نوسیووە.
زەکەریا عەفرینی شاعیر و مۆزیکژەن لە ساڵی 2005 ژیانی خێزانیی لەگەڵ خانمە هونهرمهند یارا حەبیب پێکەوە ناوە کە خەڵکی عاموودایە و خاوەنی سێ کچن بە ناوەکانی فریشتە و سورێشتە و بێهشتە کە هەموویان هونەرمەند و موزیکژەنن.
لە قوتابخانەی هونەری و کەلتوریی خۆیاندا پەروەردە و فێربوون و خاوەنی سەرچاوەی هونەری و نیشتمانپەروەری تایبەت بە خۆیانن.
زەکەریا شارەزای زمانی کوردی و خولیای فێربوون و داهێنانە لە هونەر و گۆرانیی کوردیدا.
گۆرانی و موزیک پایەی مانەوەی زمانە
لهوبارهیهوه هونهرمهند زهكهریا حهسهن، کە ئێستا له قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان نیشتەجێیە، به كوردستانی نوێی راگهیاند: لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا دەستیکردووه بە كاری نووسین و ژەنینی موزیک بەشێوەیەکی زانستی و وتی: ئەوەشم بۆ بەهێزکردنی رۆحی نەتەوەیی و کوردهواری دەستپێکردووە، بەو پێیەی موزیک و گۆرانی پایەیەکی گرنگی مانەوەی زمان و کەلتوری نەتەوەییە.
ئەو پێیوابوو کە پێویستە هەموو پیشەگەرێک بە شێوەیەکی زانستی و پیشەیی کار بکات و لەوبارەیەشەوە دەڵێت: من پێنج کتێبم هەیە بە زمانی کوردی - لاتینی، کە ناوهڕۆهكهی پێکهاتووە لە شیعر و چیرۆکی خۆشەویستی و خۆڕاگریی نەتەوەی کورد و بەسهرهات و ئازارەکانی گەلی کورد لەخۆ دەگرێت کە لە سەدەکانی رابردووەوە بەسەریدا هاتووە.
روونیشیدەکاتەوە کە بەشێک لەو کتێبانەی باس لە هەست و ئارەزووی منداڵان دەکەن، بۆئەوەی لە داهاتوودا ژیانی خۆیان بنیاتبنێن بەبێ ئەوەی لە توندڕەویی نزیک ببنەوە.
لە هاوسەر و منداڵەکانییەوە دەستیپێکردووە
وتیشی: رۆژنامەنووس بێت یان شاعیر یاخود هونەرمەند یان ههر کارێکی هەبێت، دەبێت بە شێوەیەکی پیشەیی رێگەی تاریکی رووناک بکاتەوە و بە شێوەیەکی پیشەیی و پراکتیکی کار بکات، چونکە جیهان بەرەو بەزانستیبوون هەنگاو دەنێت.
دەشڵێت: له خێزان و منداڵەکانمەوە دهستمپێكردووه بۆئەوەی بهیهك دهست و پێکەوە خزمەت بە زمان و هونەر و موزیکی کوردی بکەین. هاوکات لەگەڵ زۆرێک لە هونەرمەندانی ناوداری کورددا هاوکاریم کردووە و چەندین کلیپم بۆ خێزان و کچەکەم و هونەرمەندانی کوردستان دروستکردووە.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە لە کەناڵە تەلەفزیۆنییه کوردییەکاندا خاوهنی چەندین بەرنامەی هونەری و کۆمەڵایەتیم و ئامانجیشم خزمەتکردنی هونەری کوردییە بەشێوەیەکی زانستی و هاوکاری و پاڵپشتیکردنی هەر هونەرمەندێکی كوردستانیش به ئهركی نیشتمانیی خۆم دهزانم بۆ ئایندەی گهشاوهی میللهتەکەم.