نوێکردنەوەی شوێنەوارە دێرینەکانی رەققە

12:28 - 2024-06-30
ڕاپۆرت
84 جار خوێندراوەتەوە
پاش ئازادکردنی رەققە لە تیرۆریستان شارەکە کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەرییەوە

ئامادەکردنی: ئارام هادی 


هەموو شارێک ژمارەیەک گەڕەکی تێدایە کە لە سەرەتاکانی بنیاتنانی شارەکەوە دروستکراوە و ئەمڕۆ وەک ناوچەیەکی مێژوویی و شوێنەوارێک ماوەتەوە کە وەک لایەنی تەلارسازی و هێمای شارستانیی کۆنی شارەکە سەیردەکرێت و گرنگی پێدەدرێت و دەپارێزرێت، جا بۆئەوەی وەک خۆی بمێنێتەوە و سیماکەی لەدەستنەدات ناوبەناو لەلایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی شوێنەوار و شارەوانییەوە کاری نوێکردنەوەی تێدا دەکرێت بەبێ گۆڕینی سیما کەلەپوورییەکەی.

سووری رەققە  لە کاتی ھێرشی مەغۆلەکاندا تێکدراوە لە ساڵی (1980 تا 2010  دیمەشق دەستیکرد بە چاککردنەوەی،  بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی رووداوەکانی سوریا کارەکانی وەستێنرا، 
ئێستا کارەکانی دەستپێکراوەتەوە

جێپەنجەی ئەبوجەعفەر و هاروون ئەلڕەشید 
شاری رەققەش لە سوریا، یەکێکە لەو شارانەی کە ناوچەی سووری هەیە کە زیاتر بە دیواری سوور بەناوبانگە و لە سەرەتاکانی بنیاتنانی ئەو شارەوە هەیە، وێڕای چەندین جار لە وێرانبوون و نوێکردنەوەی، ئێستا بۆ جارێکی تر لەدوای هێوربوونەوەی دۆخەکەی لەژێر کاری نوێکردنەوە و بنیاتنانەوەدایە.
دیواری سوور لە رەققە لە ساڵی (772)ی زایین لە سەردەمی (ئەبو جەعفەری مەنسوور)دا دروستکراوە و دیوار و تاوەرەکانی لە سەردەمی خەلیفە (ھاروون ئەلڕەشید)دا بە خشتی سووری کاڵ رووپۆشکراوە. بە مەبەستی پاراستنیان و خۆگرتنیان بەرامبەر کاریگەرییە ژینگەییەکان و ھێرشی داگیرکاری مێژوویی لەو ناوچەیە، لەو بەشەی شاری رەققەوە تونێلێک بە ئەندازەی (21) مەتر قووڵ کە بە خشت داپۆشراوە و بە کەناڵێکی ئاوی دێتە خوارەوە تا بەنداوی رووباری فوڕات درێژ دەبێتەوە بە مەبەستی دابینکردنی ئاو بۆ شارەکە.

لەسەردەمی مەغۆلەکاندا تێکدراوە
ئەم شوێنەوارە مێژووییە لەساڵی (1258)دا و لە کاتی ھێرشی مەغۆلەکاندا تێکدراوە و چۆڵکراوە. لە ساڵی (1980) حکومەتی سوریا دەستیکرد بە نۆژەنکردنەوەی تا ساڵی (2010)، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی رووداوەکانی سوریا و قەیرانی ئەو وڵاتە لە دوای داگیرکردنی لەلایەن داعشەوە، کاری نۆژەنکردنەوەکەش وەستێنرا.
 پاش ئازادکردنی رەققە لە تیرۆریستان شارەکە کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەرییەوە لە رۆژئاوای کوردستان و ماوەی چەند مانگێکە لەلایەن تیمێکی شارەزای پسپۆڕی سەربە وەزارەتی رۆشنبیریی ئەو ئیدارەیەوە، بە چاودێریی تیمێکی نێودەوڵەتی، سەرقاڵی دووبارە نوێکردنەوە و چاککردنەوەی ئەو بەشانەن کە دیمەشق پێڕانەگەیشت و لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆ و دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن داعشیشەوە زیانی زیاتریان بەرکەوت لەو شارە دێرینە کە کەوتۆتە ناوەڕاستی شاری رەققەوە.
ئەوەی دیمەشق بە نیوەناچڵی  بەجێیهێشت
گرنگی پاراستنی ئەم شوێنەوارە مێژووییانە بەرچاوڕوونی زیاتر دەدات بە نەوەی ئەمڕۆ و داهاتوو لەسەر کەلتور و کەلەپوورە مێژووییەکان و لایەنی پێشکەوتوویی تەلارسازیی ئەو سەردەمەی ئەم شارەی تێدا بنیاتنراوە . هاوکات دەبێتە جێگەیەکی گرنگیش بۆ راکێشانی گەشتیار بەتایبەتی لەدوای گەڕانەوەی ئارامی و ئاسایش لەو ناوچەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان