راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
نووسینگەی ئاسۆ مامەند:
پێشووتر ئەو خانەقایە لەسەر ئەركی رەوانشاد سەرۆك مام جەلال نۆژەنكراوەتەوە
كەركوك یەكێكە لەو شارانەی كە خاوەنی دەیان شوێنی شوێنەوارییە، لە دەڤەر و شوێنە جیاوازەكانی پارێزگاكەدا نزیكەی هەزار و 200 شوێنی شوێنەواری هەیە، بەشێكی زۆری ئەم شوێنەوارە مێژووییانە بۆ سەردەمانێكی كۆن دەگەڕێتەوە و لەلایەن دوژمنانەوە بەشێكی روخێنراوە و تێكدراوە، بەڵام ئەگەر سەیری كوچە و كۆڵانەكانی شار بكەین گەلێك شوێنەواری تێدایە كە تایبەتمەندیی هەموو نەتەوە و پێكهاتە ئاینییەكانی تێدایە كە رەنگدانەوەی سەردەمە جیاوازەکانن.
خانووەكەی سەید ئەحمەدی خانەقا، یەكێكە لەو پاشماوە شوێنەوارییانەی کەرکوک كە مێژووەكەی بۆ 300 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام لە 17ی حوزەیرانی 2024، لەلایەن هێزێكی ئەمنی و ئیداری و بازرگانی شارەكە روخێنراو بەمەش مێژووی بەشێك لە شارەكە تێکدرا، رووبەری خانووەکە دوو هەزار و 500 مەترە و بە سێ ملیار دینار فرۆشراوە.
سمكۆ بەهرۆز شارەزا لە مێژووی كەركوك بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەوەی جێی داخە ئەمە یەكەمجار نییە كاری لەو شێوەیە بكرێت و لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە بەشێكی زۆری شوێنەوارەكانی كەركوك روخێنراون یان تاڵان كراون و لەلایەن بازرگانەكانی شوێنەوارەوە ئاودیوی دەرەوەی وڵات کراون.
وتیشی: گەرماوەكەی گەڕەكی جەلالییەكان، بەشێكی زۆری قەڵا و قشڵە، قوتابخانەی ناوەندی جولەكەكان لە شەقامی سەڵاحەدین سەرجەمیان روخێنران و كەس نەهاتە دەنگ، ئەمە پرۆسەیەكی بەردەوامە و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و پارێزگار بەرپرسیارن لە تێکدانی ئەو شوێنە شوێنەوارییانەی شارەکە.
باسی لەوەشكرد، دۆخە سیاسییەكە لە بارە بۆ ئەوەی ئەم جۆرە كارانە بەردەوام بن، چونكە هەریەكەیان دەیەوێت شارستانییەتی ئەوی تر لەناو ببات.
بەڕێوەبەری شوێنەواری کەرکوک:
نرخی خانووەکە زۆرە و لە توانای بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواردا نەبوو بیکڕێتەوە
خانووەکە لە لیستی شوێنەوارەکاندا بوو
خانووەکەی سەید ئەحمەد خانەقا، دەکەوێتە بەرامبەر چەمی خاسە و تەنیشت کتێبخانەی گشتی، لەلایەن یونسکۆوە وەک شوێنێکی شوێنەواریی تۆمارکراوە، لە ماوەی رابردوودا بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری کەرکوک تابلۆیەکی لەسەر دیواری خانووەکە هەڵواسی بوو و لەسەری نوسرابوو رووخاندنی ئەم خانووە قەدەغەیە، بەڵام لەلایەن یەکێك لە نەوەکانییەوە خانووەکە فرۆشراوە بە وەبەرهێنێک و روخێنرا.
یوسف تالیت بەڕێوەبەری ماڵی رۆشنبیری كەركوك بە كوردستانی نوێی راگەیاند: رووخاندنی خانووی سەید ئەحمەد خانەقا داخ و كەسەرێكی زۆر و گەورەی خستە ناو دڵی تەواوی كوردانی كەركوك و رۆشنبیران بەتایبەتی، چونكە ئەو خانەقایە دوای پرۆسەی ئازادی عیراق لە ساڵی 2003 لەسەر فەرمانی سەرۆك «مام جەلال» بەشێوەیەكی جوان و مۆدێرن نۆژەنكرایەوە، دواتر كەسوكارەكەی چەند جارێك هەوڵی رووخاندنیاندا، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە شوێنێكی مێژوویی بوو خرابووە لیستی شوێنەوارەكانەوە هەوڵەكان شكستی دەهێنا، بەڵام ئەمجارەیان فرسەتی پشووی رۆژانی جەژنی قوربانیان قۆستەوە و بە شەو روخاندیان.
وتیشی: ئەم كارە سەرپێچییە و دەبێت فەرمانگەی شوێنەواری كەركوك سەبارەت بەم كارەساتە بێتە وەڵام و ئەگەر بەبێ ئاگاداری ئەوان كراوە دەبێت سكاڵا تۆمار بكات، چونكە ئەو شوێنە مێژووی شارێك بوو.
بەڕێوەبەری ماڵی رۆشنبیری كەركوك باسی لەوەشكرد، هەڵبەتە خانەقا و تێكڕای شوێنەوارەكان بەشێكن لە مێژووی ئەم شارە، بە رووخاندن و لەناوبردنیان دەبێتە هۆی سڕینەوەی بەشێكی مێژوویی كەركوك، ئەگەر بێت و هەڵوێست و كارەكانی سەید ئەحمەد خانەقا هەڵبسەنگێنین بە تایبەت لە سەردەمی شەڕی جیهانی یەكەم و دووەمدا و خزمەتەكانی بە رۆشنبیران و نووسەران گەلێك زۆربوون و خانووەكەشی ببووە شوێنی حەوانەوەی هەژاران و لیقەوماوان، بۆیە رووخاندنی خانووەكەی بە واتای پاكتاوکردنی مێژووی كەركوك دێت.
داوای لێکۆڵینەوە دەکرێت
سەبارەت بە رووخاندنی ماڵی سەید ئەحمەد خانەقا نووسینگەی ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری كەركوك ـ سەڵاحەدینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: نیگەران بووین لەبەرئەوەی ئەو خانەقایە بەشێكی گرنگە لە مێژووی سێ سەدەی رابردووی كەركوك بە هەموو رووداوە خۆش و ناخۆشەكانییەوە، پێشووتریش ئەو خانەقایە لەسەر ئەركی رەوانشاد سەرۆك مام جەلال نۆژەنكراوەتەوە و گرنگی پێدراوە. بۆیە داوای لێكۆڵینەوەی بەپەلە لە هۆكاری رووخاندنەکەی دەكەین و هەرچی زووە بكەرانی ئەو كارە نابەجێیە رووبەڕووی لێپرسینەوە بكرێنەوە، هەروەك ئەوانەشی كە ئاگاداری ئەو بابەتەبوون و تیایدا كەمتەرخەم بوون لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.
لەلایەکی ترەوە پەروین فاتیح ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە كوردستانی نوێی راگەیاند: هەرچەندە كارەكە روویداوە، بەڵام پێویستە لەسەر هەموولایەك بەجدی لێكۆڵینەوە بكەن لە هۆکاری رووخاندنی خانووەکە، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواریش پێویستە بێتە دەنگ و هەڵویستی خۆی یەكلایی بكاتەوە، چونكە زۆربەی تاوانەكان لە ئەستۆی ئەواندایە و هێزە ئەمنییەكانی كەركوكیش پاڵپشتن بۆ ئەم رووداوە، بۆ ئەوەی رووداوی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە پێویستە ئەوانەی ئەم كارەیان كردووە سزا بدرێن.
بێ خاوەنی شوێنەوارەکانی کورد
راید عوگڵە بەڕێوەبەری شوێنەواری كەركوك بە كوردستانی نوێی راگەیاند: پێش چەند ساڵێك بڕیاری قەدەغەكردنی رووخاندنی ئەم خانووەماندا، بەڵام دەسەڵاتێك لە بەغدا كاردەكات و رەزامەندی راستەوخۆ دەهێنن و بە پاڵپشتی هێزە ئەمنییەكان كاریان كرد بۆ رووخاندنی، بۆیە توانییان لە دووەم رۆژی جەژندا بە سەرپەرشتی هێزێكی ئەمنی و چەند بازرگانێك بەناوی وەبەرهێنانەوە خانووەکە بڕوخێنن.
وتیشی: نرخی خانووەکە زۆرە و لە توانای بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواردا نەبوو بیکڕێتەوە، دەبوو لەسەر ئاستی باڵا لە حکومەتی عیراق بکڕدایەتەوە لە نەوەکانی سەید ئەحمەد.
بەشێک لە نووسەرانی کەرکوک کەمپینێکیان دژی رووخاندنی خانووەکە راگەیاندووە و ستار جەباری رێكخەری كەمپینەكە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەو خانووەی كە رووخێنرا بە تەنیا ماڵی سەید ئەحمەد خانەقا نەبوو، بەڵكو ماڵی هەموو كورد بوو، چونكە هەرچی كەسایەتی ناوداری کورد هەبوو لەوێ کۆدەبوونەوە و بیروڕای رۆشن فكرییان ئاڵوگۆڕ دەكرد.
وتیشی، ئەو خانووە شوێنەوارییە ئەگەر هی نەتەوەی تورکمان یان عەرەب بوایە، بە چەک بەرگرییان لێ دەکرد، بەڵام لەبەرئەوەی هی کوردە کەس خۆی نەکرد بە خاوەنی.
شكۆفە محەمەد چالاكوانی مەدەنی لەسەر رووخاندنی خانووەكەی سەید ئەحمەد خانەقا بە كوردستانی نوێی وت: لە سەردەمی رژێمی بەعسدا چەند جارێك هەوڵی رووخاندنی خانەقاكە دراوە، بەڵام بۆیان نەڕەخسا ئەم جارەیان خانەقاكە كرایە قوربانی جەژن، چونكە خۆیان دەیانزانی ئەگەر رۆژانی تر ئەو كارەیان بكردایە رۆشنبیران و چالاكوانان دەهاتنە دەنگ لێیان و رێگرییان لەو كارە نابەجێیە دەكرد.