نائومێدبوون لە نیشتمان و پەشیمانی لە کۆچکردن..

پەنابەرانی كورد لەنێوان كۆچ و دیپۆرتكردنەوەدا

09:55 - 2024-07-01
ڕاپۆرت
317 جار خوێندراوەتەوە
رێگای مەرگ، بەرەو خەونی ئەوروپا

راپۆرتی/ ئیدریس جەبار 

زۆرێك لەو كۆچبەرانەی لە هەرێمی كوردستانەوە روو لە وڵاتانی ئەوروپا دەكەن، لەگەڵ گەیشتنیان پەشیمانی دایاندەگرێت و  بیر لە گەڕانەوە دەكەنەوە


بۆ گەیشتن بە ژیانێكی باشتر و دابینكردنی گوزەرانێكی شیاوتر، كۆچبەرانی كورد لەڕێی توركیا و بە بەلەمە كۆن و بێكەڵكەكان، پارەیەكی زۆر دەخەنە چنگی قاچاخییەكانەوە و رێگەی هات و نەهات بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا دەگرنەبەر. 
ئەم گەشتە لەگەڵ ئەوەی پڕ مەترسییە و زۆرێك لەو رێگەیەدا لەنێو دەریای ئیجە و دەریای سپی ناوەڕاستدا خنكاون و بوونەتە قوربانی، بەڵام هێشتا لای هەندێك رەواجی هەیە و رەچاوی مەترسییەكان، یان ئاكامی گەڕانەوە بە مایەپووچی ناكرێت، لەكاتێكدا رێككەوتنی دیپۆرتكردنەوەی زۆرێك لەو كۆچبەرانە كراوە كە داوای مافی پەنابەرییان رەتكراوەتەوە. 

دوایین كاروانی قوربانیانی رێگەی مەرگ
دوایین كاروانی قوربانیان لە كۆچبەرانی كورد، بەهۆی رووداوەكەی ئەم دواییەش، ژێرئاوكەوتنی یەختێكی كۆچبەران بوو لە نزیك كەناراوەكانی ئیتاڵیا كە نزیكەی 35 هاووڵاتی كوردیان تێدابوو.

بەدرییە حسێن

 

 
 لەو بارەیەوە بەدریە حسێن، ئەندامی لیژنەی كۆچ و كۆچبەران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە كوردستانی نوی-ی رایگەیاند: «ئەو كەشتییەی لەم چەند رۆژەی دواییدا لە كەناراوەكانی ئیتاڵیا ژێر ئاو كەوت، زۆرێك لە قوربانییانی كورد كە لە كوردانی رۆژهەڵات و باشووری كوردستان بوون، پشكی هەرەزۆری قوربانیانی رووداوەكەش بەر دەڤەری راپەڕین كەوت». 

ئەندامەكەی لیژنەی كۆچ و كۆچبەرانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، لەڕێی نوێنەراتییەكەی لە ئیتاڵیاوە كار بۆ گێڕانەوەی تەرمی ئەو كۆچبەرە كوردانە بكات كە بەهۆی رووداوی نوقمبوونی كەشتییەكەیانەوە لە نزیك كەناراوەكانی ئیتاڵیا گیانیان لەدەستدا، ئاماژەشی بە ئامادەكردنی یاداشتێك كرد كە بۆ هەمان مەبەست رادەستی حكومەتی عیراقی دەكەن. 
بەپێی زانیارییەكان، ئەو كۆچبەرانەی لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە، هەریەكەیان زیاتر لە 10 هەزار دۆلاریان داوە بە قاچاخچی، بەبی ئەوەی بگەنە  شوێنی مەبەست و ژیانئاواییان كرد و هەندێكیشیان تائێستا بێسەروشوێنن و تەرمەكەیان نەدۆزراوەتەوە. 

رێككەوتن بۆ دیپۆرتكردنەوەی كۆچبەران 
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەندامێكی لیژنەی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كوردستانی نوی-ی راگەیاند: «رێككەوتنێك لەنێوان حكومەتی عیراق و وڵاتانی ئەوروپادا كراوە بەمەبەستی دیپۆرتكردنەوەی ئەو كەسانەی پێدانی مافی پەنابەرییان رەتكراوەتەوە». 
ئەندامەكەی لیژنەی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت وتی:»ئەگەر ئەو رێكەوتنەی عیراق و وڵاتانی ئەوروپا نەكرایە، ئەوا ئێستا ڤیزای دیپلۆماسی و خوێندن و چارەسەریی پزیشكیش نەدەما، بەڵام رێككەوتنەكە رێگە بۆ گێڕانەوەی زۆرێك لەو پەنابەرە عیراقییانە خۆشدەكات كە روویان لە وڵاتانی ئەوروپا كردووە». 
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی:»وڵاتانی ئەوروپا، عیراق بە وڵاتێكی دیموكرات دادەنێن و پێیانوایە خەڵكی عیراق ئازادن و بە ئازادیی دەتوانن گوزارشت لە راوبۆچوونی خۆیان بكەن، وێڕای ئەمەش دۆخی ئابووریی عیراق باشە و وڵاتەكە تارادەیەك دوورە لە جەنگ و وێرانكاریی بەراورد بە پێشترو ئاستی بژێویی خەڵكەكەشی باشترە لە جاران». 

مایەپووچبوون 
بەبڕوای زۆرێك لە چاودێران زۆرێك لەو كۆچبەرانەی لە هەرێمی كوردستانەوە روو لە وڵاتانی ئەوروپا دەكەن، لەگەڵ گەیشنیان پەشیمانی دایاندەگرێت و  بیر لە گەڕانەوە دەكەنەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە دەستمایەی ژیانیان رادەستی قاچاخچییەكان كردووە، گوشار لەخۆیان دەكەن و هەوڵدەدەن لەگەڵ ژینگە نوێیە نامۆكەدا خۆیان بگونجێنن. 
لەگەڵ ئەوەی بۆ ماوەیەك ژیانێكی كولەمەرگی لە كەمپەكان بەسەردەبەن، هەریەكە و كەیسێك پێشكەش دەكات و داوای پەنابەریی دەكات لەو وڵانە، بەڵام بەهۆی زۆربوونی ژمارەی پەنابەرانەوە لە ئەوروپا، بە تایبەتی لە دوای جەنگی روسیا - ئۆكراینا، داواكاریی زۆرێك لە پەنابەران بۆ مانەوە لەو وڵاتانە رەتكراوەتەوە و ئێستا لە دڵەڕاوكێدا دەژین و پێیانوایە لەهەركاتێكدا بێت، پۆلیس هەڵدەكوتێتە سەریان و بەزۆر دیپۆرتییان دەكاتەوە، ئەمە واقیعی ژیانی زۆرێك لەو پەنابەرانەیە كە لە دوای ساڵی 2020-ەوە بە قاچاخ گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەوروپا و مۆڵەتی مانەوەی كاتییان پێدراوە. 
پەنابەرانی كورد لە وڵاتانی ئەوروپا، لەگەڵ بڕینی رێگەیەكی سەخت و پڕ لە ناخۆشی بۆ گەیشتن بەو خەونەیان، هەست بە مایەپووچی دەكەن و پێیانوایە ئەگەر بواری گەڕانەوە بۆ رابردوو هەبێت، دەستمایەكانیان لە كار و پڕۆژەیەكدا دەخەنەگەڕ و پشت لەو رێگەیە دەكەن كە پەشیمانی لەدوایە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان