د. هاوژین سڵێوه
كۆیه ئه‌و شاره‌ی هه‌ر له كۆنه‌وه كه‌لتور و ئاینی جیاوازی تێدا ژیاوه، به هه‌موو ئایینه‌كانیش تابلۆیه‌كی جوانی ره‌نگاوڕه‌نگیان نه‌خشاندووه، ئه‌و ئاوێته‌بوون و لێكنزیكبوونه‌وه‌یەش، بۆته هۆی یه‌كتر قبووڵكردن و پێشخستنی ئاستی هونه‌ریی شاره‌كه
كۆیه مێژوویەکی زیاتر له پێنج هه‌زار ساڵه‌ی هه‌یه و له سه‌رده‌می گوتییه‌كان ناوی هاتووه، له كۆندا سه‌ره‌ڕێی بازرگانی بووه و فێرگەی ئاینی و شوێنی خوێندن و زانست و زانیاری بووه، شاعیری باشی تێدا هه‌ڵكه‌وتووه، یه‌ك له كه‌ره‌سته‌كانی هونه‌ری چڕین شیعره، بۆیه ده‌یان شاعیری تیا هه‌ڵكه‌وتووه، ئاووهه‌وا و دیمه‌نه جوانه‌كه‌ی نه‌شئه‌هێن بووه، بۆئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندی تیا هه‌ڵبكه‌وێ و پڕ به گه‌رووی بچریكێنێ.
كۆیه ئه‌و شاره‌ی مێژووییه‌كی دوورودرێژی هه‌یه، هه‌ر له كۆنه‌وه‌ش كه‌لتور و ئاینی جیاوازی تێدا ژیاوه، به هه‌موو ئایینه‌كان تابلۆیه‌كی جوانی ره‌نگاوڕه‌نگیان نه‌خشاندووه، ئه‌و ئاوێته‌بوون و لێكنزیك بوونه‌وه‌یه، بۆته هۆی دروستبوونی كه‌لتووری پێكه‌وه ژیان و یه‌كتر قبووڵكردن و پێشخستنی ئاستی هونه‌ری و مه‌عریفی شاره‌كه.
(هیچ داب و ده‌ستوورێكی خۆشی و ناخۆشی خه‌ڵكه‌كه به‌بێ ئاواز و گۆرانی و گۆرانیبێژان مه‌یسه‌ر نه‌بووه، هیچ شایی و گۆوه‌ندی بووك گواستنه‌وه و ئاهه‌نگی شه‌واره و سونه‌تانه، بێ ساز و ئاوازی ده‌هۆڵ و زوڕنا یا بلوێر و شمشاڵ و گۆرانی خۆشخوانان نه‌گێڕدراوه و هیچ هه‌ڵقه‌یه‌كی زیكری سۆفیان و ئاهه‌نگی خوێندنه‌وه‌ی مه‌ولوودنامه‌ی پێغه‌مبه‌ر، بێ ئاواز و ده‌ف و ده‌نگی زوڵاڵی هونه‌رمه‌ند نه‌گێڕدراوه) «شاره‌زا، 1982: ل6»
هیچ قوداسێكی نێو پەرستگای جووه‌كان و كڵێسه‌ی مه‌سیحییه‌كان، بێ ئاواز و مه‌قام و هونه‌ر نه‌بووه، دواتر له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی دیواری پەرستگاکان ئه‌وا ده‌نگخۆش و به‌هره‌مه‌ندان بێ جیاوازی ئاینی تێكه‌ڵبوون و هونه‌ركاری خۆیان خستۆته‌ڕوو.
مه‌سعود محه‌مه‌د ده‌ڵێ: (ئه‌و دانیشتنه ئه‌دیبیانه‌ی سه‌رده‌می حاجی به‌كراغا و ئاهه‌نگسازی ده‌وری ئه‌مین ئاغا بوون، به‌لای باوه‌ڕی منه‌وه، كه وایكردووه مه‌لایه‌كی زلی وه‌ك حاجی مه‌لا عه‌بدوڵڵا بێته پێشه‌وایه‌ك له فنوونی مه‌قام ناسیدا، چونكه له سه‌ره‌ی عومرییه‌وه به‌رله‌وه بێته جێنشینی حاجی مه‌لا ئه‌سعه‌د زۆر جاران له‌و دانیشتنانه‌دا، به‌شدار بووه و دڵ و مێشكی به گوزارشتیانه‌وه مه‌شغوڵ بووه، به‌ڵێ مه‌جلیسی فه‌قێیان بێ گۆرانی و گه‌پ و ده‌نگی خۆش نییه، به نسبه‌ت حاجی مه‌لا عه‌بدوڵڵاوه كتێبخانه‌كه‌شی كتێبی مۆسیقا و مه‌قامی تێدابووه) «مه‌سعود محه‌مه‌د، 1973:ل 208-209»
واتا به‌ر له ئه‌خته‌ریش كۆیه پێشیینه‌یه‌كی باشی له هونه‌ر هه‌بووه، به‌ڵام له‌سه‌رده‌می ئه‌خته‌ر باشتر كاری بۆكراوه.
ئه‌مین ئاغا
(ئه‌مین ئاغا بۆخۆی شاعیرێكی هێژا بووه له كوردی و فارسی‌دا، به‌شێكی زۆری به‌یتی گۆرانی و به‌سته‌كان خۆی ده‌یهۆنده‌وه، ئه‌وه‌ی خه‌لقی دیكه‌ش هه‌ڵبه‌ستبان له‌پێش چاوی ره‌خنه‌گر و نیگای پڕ هونه‌ری ئه‌ودا تێپه‌ڕده‌بوو ئه‌وجا ده‌بوون به گۆرانی و ده‌خرانه قاڵبی مۆسیقاوه، بۆیه هه‌ڵبه‌ستی گۆرانییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كۆیە كه زاره‌وزار به ئێمه گه‌یوه زه‌وقێكی هونه‌ركارانه و واتای تازه و داڕشتنی بێ سابیقه‌ی تێدایه له‌چاو به‌ندی گۆرانی عاده‌تییه‌وه) «مه‌سعود محه‌مه‌د، 1973:ل 207» چونكه له‌و دیوه‌خانه ساز و باز ده‌كرا و رێكده‌خراو به‌رگێكی هونه‌ری جوانی به به‌رده‌كرا و لەسه‌ر بنه‌مای میتۆدێك و مه‌قامێكی دیارییكراو ده‌گوترا، چونكه مه‌قام وتن هونه‌ره و شاره‌زایی ده‌وێ، جیاوازه له‌وه‌ی كه بۆ خۆی به‌ندێك گۆرانییه‌ك ده‌ڵێ و مه‌قام قورس‌تر و پڕ ورده‌كارییه.
له‌و دیوه‌خانه‌ی ئه‌خته‌ر(نه‌ك هه‌ر به‌سته‌ی تازه هه‌ڵبه‌ستراوه، گه‌لێك له به‌سته‌ی گۆرانییه‌كانی پێش ئه‌و ده‌وره‌ش به‌هۆی كه‌وتنه‌كاری فێرگه‌ی مۆسیقاسازییه‌وه له به‌ر و دیوه‌خانی پیاو ماقوڵانی كۆیە كه مه‌ركه‌زه‌كه‌ی ماڵی ئه‌مین ئاغا بوو، ئه‌و گۆرانییه كۆنانه‌ش به‌رگیان نوێ كرایه‌وه، وه‌ك كۆرپه‌ی تازه له‌دایك بوو كه‌وته‌وه بێشكه‌ی به‌زم و ئاهه‌نگی دڵته‌ڕ و مۆسیقا دۆست و كه‌یف خوازه‌وه.) «مه‌سعود محه‌مه‌د،ل 1973: 208» كه‌واته ئه‌م دیوه‌خانه بۆته ناوه‌ندێكی زانستی گرنگ هه‌موو كه‌سێك نه‌یتوانیوه له‌وێ گۆرانی بڵێ، به‌ڵكو كه‌سی به‌توانا و نوخبه توانیویانه گۆرانی بڵێن.
(ئه‌مین ئاغا هه‌ڵبه‌ستی داده‌نا، ئاوازیشی بۆ داده‌نا، تیپه‌كه دوازده گۆینده پتربوون، له مه‌قام و به‌ستان ببونه سه‌رپشك، شه‌و دره‌نگ خواردنیان بۆ ده‌كرا، جگه له‌وه قاتی جوانی بۆ ده‌كردن، هه‌ندێ مه‌قام و به‌سته‌ی هه‌تا ئه‌م دوایه‌ش مابوون، حاجییه گه‌وره، حاجی قادری په‌ڕه‌كه‌ر، سێوه له بیریان مابوو.) «وریا ئه‌حمه‌د،ل 2020: 51»
له‌مه‌وه به‌ده‌رده‌كه‌وێ كه تیپه‌كه زۆر باش و ئاماده‌بووه و كۆڕسی تایبه‌تی هه‌بووه و مه‌قامبێژی باش مه‌قاماتیان وتووه، له هه‌مانكات له‌و دیوه‌خانه‌دا خەرجیان بۆ كراوه، هه‌ر له دابینكردنی پێداویستی مۆسیقا و خواردن و پۆشاك بۆ گروپه‌كه.
(دۆزینه‌وەی هه‌ر ده‌نگێك بۆ گۆرانی گوتن و به‌كارهێنانی به‌شێوه‌یه‌كی دروست، گرنگترین ده‌ستپێكه بۆ گۆرانی بێژ كه بتوانێت به تۆكمه‌یی و جوانی ده‌ربكه‌وێت و وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی سه‌ركه‌وتوو هه‌ژمار بكرێت.) ‹ئه‌سوه‌د، 2014:ل 60» ئه‌خته‌ر به‌دوای به‌هره‌مه‌ند و ده‌نگ خۆشه‌كان گه‌ڕاوه و كارئاسانی بۆ كردوون.
مامۆستا باكوری ناوێكی دیاری دونیای هونه‌ره له كۆیه و چه‌ندان مامۆستای تریش رۆڵیان هه‌بووه له پێشكه‌وتنی هونه‌ر له كوردستان و دنه‌دانی گه‌نجان
هونه‌ری گۆرانی و مه‌قام
پێشڕه‌وی سه‌ید برایم ده‌ڵێت: (له بواری هونه‌ریشدا ململانێی دیوه‌خانه‌كان كه كۆڕی گۆرانی و ئاهه‌نگ و به‌زمی شه‌وانی تێدا ئه‌نجام ئه‌درا، بۆیه ده‌بینین هونه‌ر گه‌یشته ئاستێكی پێشكه‌وتوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به حه‌یرانی لادێوه بێت ئه‌وه مه‌قام و به‌سته و ئاوازی شار بواری نه‌دا حه‌یران بگاته نێو شار.) « ته‌یب، ل 2008: 209»
بۆیه ده‌بینین له هونه‌ری گۆرانی و مه‌قام وتن كۆیه پێشكه‌وتووه. له كۆنه‌وه(سترانبێژی به‌توانای ناوچه‌كانی تری كوردستان كه په‌یتا په‌یتا روویان له كۆیه كرد و به‌شدارییان له بزووتنه‌وه‌ی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی ئه‌م شاره پڕ له هاتووباته‌ی كۆیه‌دا ده‌كرد) «شاره‌زا و ئه‌وانی تر:ل 2009: 230» ئه‌م ئاڵوگۆڕییه فیكریی و ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه، مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه، ئه‌و به‌ریه‌ككه‌وتن و ئاڵۆگۆڕییه هونه‌رییه هه‌بووه.
(له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا، له‌وكاته‌ی كه گه‌لێ زانای بلیمه‌ت و شاعیر و هونه‌رمه‌ندی هه‌ڵكه‌وتوو، كاربه‌ده‌ستی زانست و هونه‌رپه‌روه‌ری وه‌كو حاجی به‌كراغا(قاصد) 1785-1853و ئه‌مین ئاغای ئه‌خته‌ر(1839-1887ز)ی شاعیری هونه‌رمه‌ندی گه‌وره سه‌ریان هه‌ڵداوه، كه به‌درێژایی ته‌مه‌نیان كۆڕ و دانیشتنه‌كانی نێو دیوه‌خانه‌كانیان هه‌رده‌م گۆشه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ڕه‌سه‌ن بوون) «شاره‌زا، 1982:ل 8-9»
بوونی ئه‌و دیوه‌خان و مه‌جلیس و دانیشتنانه وایكردووه، ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ببوژێته‌وه، خۆ ئه‌وكات ته‌له‌فزیۆن و رادیۆ نه‌بووه، گه‌ر هه‌شبووبێ به‌و شێوه‌یه نه‌گه‌یشتۆته خه‌ڵكه‌كه، بۆیه ئه‌م كۆڕ و كۆبوونه‌وانه چێژێكی زۆری هه‌بووه، بۆته‌هۆی ده‌مه‌زه‌ردكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه كۆنه‌كان و له‌دایكبوونی به‌رهه‌می نوێ، له هه‌مانكاتدا نه‌وه كۆنه‌كان به نه‌وه‌ی نوێیان سپاردووه و ئوستاده‌كان، شاگرد و گوێگری زۆریان هه‌بووه. دیوه‌خانی ئه‌خته‌ر جێگای ناوه‌ندێكی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری بووه، رۆڵی كۆلیژێكی هونه‌ری بینیوه.
(جگه له‌و كه‌ڵه شاعیره هونه‌رمه‌ندانه، به‌ده‌یان به‌یت و گۆرانی به‌نرخی فۆلكلۆری به ئاوازی مه‌قامی ره‌سه‌نی كوردییه‌وه به‌سه‌ر زمانی (مه‌ڕێن)ی ده‌نگ خۆش و مه‌قامبێژه هاوچه‌رخه‌كانییه‌وه بوون و له دوایشدا كه‌وتوونه‌ته سه‌ر زمانی شاگرده زیره‌ك و هونه‌رمه‌ندانی وه‌كو(حه‌نا تۆما)ی ناودار به حه‌نیل و نه‌شئه‌تی ره‌شید ئاغا و حاجی گه‌وره و شێخ نه‌جمه‌دینی شێخ كه‌ریمی به‌رزنجی و حوسێنی 1888-1933ی شاعیری دڵته‌ڕی برای و (عه‌به‌ی چایه‌چی) و (ئه‌مینی سه‌مه‌ن) و (پوتێ) هه‌رده‌م ئاهه‌نگی به‌زم و شایی و كۆڕ و كۆبوونه‌وه ئاینییه‌كانی ئه‌و شاره زیندووه‌یان پێ گه‌رم و پڕجۆش و خرۆش كردووه.) « شاره‌زا، 1982: 10-11»
هونه‌رمه‌ند و مه‌قامبێژەکانی کۆیە
ئه‌م كۆمه‌ڵه هونه‌رمه‌ند و مه‌قامبێژه وه‌نه‌بێ هه‌مووی هاوته‌مه‌ن بووبن، به‌ڵكو زۆریان وه‌ك زنجیره توانیویانه له یه‌كتری بسێننه‌وه و كه‌م و زیادی بخه‌نه سه‌ری، لەناو مه‌سیحییه‌كانی كۆیه مه‌ڕبێن به ئوستادی مه‌قامات داده‌نرێ، دواتر، حه‌نیل(حه‌نیله خڕه)له سه‌ر ده‌ستی مه‌ڕبێن فێره هونه‌ری مه‌قامبێژی بووه، ئه‌ویش توانیویه‌تی كاریگه‌ری له‌سه‌ر سێوه‌ی هونه‌رمه‌ند دابنێ.
كه‌ریم شاره‌زا له زاری گۆرگیزی خواجه یوسفی كۆیی ده‌ڵێت: (مه‌ڕبێن له دیانه‌كانی شاری كۆیه بووه و كوڕی(قه‌شه شابیل)ی مامی باوكی(یاقوبه‌ی باسێ)ی موڕێس بووه) «شاره‌زا، 1982: ل11»مامۆستا كه‌ریم شاره‌زا، به رێگای باسی مه‌یدانی و لێدوانی زۆری خه‌ڵك زانیارییه‌كی زۆری وه‌رگرتووه.
(ئه‌و به‌یت و گۆرانییه كوردییه خۆشانه‌ی كه تا ئه‌و دواییه به‌سه‌ر زار و زمانی گۆرانی بێژه هه‌ڵكه‌وتووه‌كانی ئه‌و شاره‌ی كۆیه‌وه بوون، هه‌موویان هه‌ر خوڵقاو و زاده‌ی داڕشتن، یان نوێكردنه‌وه و رێكخستنی سه‌رده‌می ئه‌مین ئاغای ئه‌خته‌ر و مه‌ڕبێنی مه‌قامبێژی بلیمه‌ت بوون.) «شاره‌زا، 1982:ل 11-12»كه باسی هونه‌ری گۆرانی چڕین و مه‌قامبێژی ده‌كرێ، ناوی ئه‌خته‌ر و مه‌ڕبێن وه‌ك دووتای ته‌رازوویه‌ك پێكه‌وه دێن، چونكه ئه‌خته‌ر شاعیرێك و ئاوازدانه‌رێكی بلیمه‌ت بووه، دیوه‌خانه‌كه‌شی وه‌ك یانه‌یه‌كی هونه‌ری گه‌وره بووه، بۆیه ئه‌و كه‌شوهه‌وایه زۆر باش بۆ مه‌ڕبێن گونجاوه، كه هونه‌ره‌كه‌ی خۆی له‌نێو ئه‌و دیوه‌خانه بخاته‌ڕوو، چونكه به‌هره به‌ته‌نها گه‌شه ناكات و ناخرێته‌ڕوو، ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌یه‌كی باشی بۆ نه‌ڕه‌خسێنرێت، دیوه‌خانه‌كه‌ی ئه‌خته‌ر و ئه‌و كه‌شوهه‌وا هونه‌رییه‌ی كۆیه، مه‌ڕبێنی دروست كردووه.
محمه‌مه‌د تۆفیق وردی ده‌ڵێ: (مه‌ڕبێن ده‌نگێكی خۆشی سیحراوی بووه، كه شه‌و ڕاده‌شكا و بای شه‌ماڵ شه‌وانی هاوینی كۆیه، كۆیه‌ی فێنك كردووه، ئه‌و مه‌قامبێژه بلیمه‌ته به ده‌نگه دڵكێش و خۆشه‌كه‌ی مه‌قامی نیوه‌ی شه‌و و سه‌حه‌ره‌ی له دیوه‌خانی ئه‌خته‌ری شه‌یدای هونه‌ری كوردی ده‌گوت، هه‌موو دانیشتوانی شاری كۆیه له خه‌و ڕاست ده‌بووه‌وه و گوێیان له‌و ده‌نگه خۆشه‌ی مه‌ڕبێنی هونه‌رمه‌ند ده‌گرت) «شاره‌زا، 1982:ل 12-13»
واتا له‌و دیوه‌خانه‌دا تا به‌یانی گۆرانی و مه‌قامات گوتراوه، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی زۆربه‌ی خه‌ڵكی گوێی له ده‌نگه‌كه بووه، هۆكاره‌كه ئه‌وه‌بووه، زۆربه‌ی كۆیه له چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی نزیك یه‌ك بووه، ئه‌وكاتیش سه‌یاره و ژاوه‌ژاو نه‌بووه، بۆیه له‌شه‌واندا ده‌نگ باشتر مه‌وداده‌دات و ده‌ڕوات.
له باره‌ی مه‌ڕبێنی گۆرانیبێژ له شێوه‌ی ئه‌فسانه‌ش خه‌ڵك باس و خواسی خۆیان هه‌یه. یه‌عقوب مو‌سا ده‌ڵێ: (كاتێ مه‌ڕبێن له‌نێو ڕه‌زی كۆیه تێی ده‌چریكاند و مه‌قامی ده‌وت، بولبوول و باڵده به سه‌ر شانه‌كانی ده‌نیشتنه‌وه.) «یه‌عقوب مو‌سا، 2018»
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه خه‌ڵك ئه‌وهایان بۆ عومه‌ری مام عه‌بده‌ی حه‌مامۆك گێڕاوه‌ته‌وه(ئه‌و كاتی كه مه‌ڕبێن گۆرانی گوتووه ده‌نگه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده كاریگه‌ر بووه، له‌وكاته‌دا بولبوول و باڵنده ده‌نخۆشه‌كان ده‌وه‌ستاون خۆیان كڕ ده‌كرد و هه‌ستیان ڕاده‌گرت.) «دیده‌نی له گه‌ڵ: سه‌فین عومه‌ر، 15/4/2024»
مه‌ڕبێنی دڵته‌ڕ و ده‌نگ خۆش له‌سه‌رده‌مێك ژیاوه كه تۆماركرن نه‌بووه و به‌رهه‌مه‌كانی تۆمار نه‌كراون، مه‌زنی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ش ئه‌وه بووه، ئه‌میناغای ئه‌خته‌ر زۆر ڕێزی لێگرتووه.
(مه‌ڕبێن برایه‌كی له تافی لاوی‌دا جوانه‌مه‌رگ ده‌بێ، خه‌ڵكی كۆیه به دوكانداره‌وه ده‌ست له كار هه‌ڵده‌گرن و دوكانه‌كانیان داده‌خه‌ن و له دوای ته‌رمی ئه‌و جوانه‌مه‌رگه تاكو گۆڕستانی گوندی هه‌رمۆته ده‌ڕۆن و (مه‌ڕبێن)ی كۆست كه‌وتووش هه‌موو جلوبه‌رگی خۆی له خوم هه‌ڵده‌كێشێ و به‌پێش ته‌رمه‌كه‌ی ده‌كه‌وێ، كه ده‌نێژرێ، ڕووده‌كاته خه‌ڵكه‌كه و پێیان ده‌ڵێ: خه‌ڵكینه ئه‌مڕۆ بۆ دواجار له ژیانمدا گۆرانی ده‌ڵێم، جا فورسه‌ته هه‌ر گۆرانییه‌كی ئاره‌زووی ده‌كه‌ن، داوام لێبكه‌ن بۆتان بڵێم، چونكه له‌مڕۆ زیاتر گوێتان له ده‌نگی من نابێ، له دوای جوانه‌مه‌رگ بوونی برای شیرینم دڵم ناپشكوێ تا جارێكی دیكه گۆرانی بڵێم، جا تكایه له‌مڕۆ به‌ده‌ر نه ئێوه و نه ئه‌میناغای ئه‌خته‌ر داوام لێنه‌كه‌ن، ئیتر له دوای ئه‌و كاره‌ساته «مه‌ڕبێن» له خوێندن كه‌وتوو چیتر گۆرانی نه‌وت و مه‌یدانی ئه‌و هونه‌ره جوانه‌ی بۆ «حه‌نیل و پووتێ و عه‌به‌ی چایه‌چی» و له‌دوایشدا بۆ «سێوه»ی مه‌قامبێژی هونه‌رمه‌ند چۆڵ كرد) «شاره‌زا، 1982: 13»
ئه‌خته‌ر شاعیرێك و ئاوازدانه‌رێكی بلیمه‌ت بووه، دیوه‌خانه‌كه‌شی وه‌ك یانه‌یه‌كی هونه‌ری گه‌وره بووه و وەکو ناوه‌ندێكی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری بووه، رۆڵی كۆلیژێكی هونه‌ری بینیوه
کۆمەڵێک لەهونەرمەندانی شاری کۆیە
سێوە
له‌م وتانه‌ی كه‌ریم شاره‌زا كۆمه‌ڵێک شتمان بۆ دەردەکەوێت له‌وانه: ئه‌وكاتیش خه‌ڵكی كۆیه زۆر هونه‌ردۆست بوون و گۆرانیبێژ و مه‌قامزان جێگای فه‌خر و رێز بووه، هه‌ڵگرتنی داره‌بازه‌یه‌ك له گه‌ڕه‌كی دیانانی كۆیه‌وه بۆ گوندی هه‌رمۆته زیاتر له سێ كیلۆمه‌تر ده‌بێت، له هه‌مانكاتیش برایه‌تی و پێكه‌وه ژیانی موسوڵمان و مه‌سیحی له‌م شاره پیشانده‌دات، كه به‌ته‌نگ یه‌ك بووین و به‌شداری خۆشی و ناخۆشی یه‌كتریان كردووه. ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر بابه‌تی سێوه‌ی هونه‌رمه‌ند، دەتوانین بڵێین سه‌رده‌مه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی تربووه، چونكه هۆكاره‌كانی تۆماركردن په‌یدابووبوون بۆیه سێوه(ساڵی 1952 پێنج مه‌قامی له مه‌قامه ڕه‌سه‌نه‌كانی خۆی له ئێستگه‌ی ڕادیۆی عێراق به‌شی كوردی تۆمار كردووه، ئه‌مانه‌ن: «عه‌جه‌م: سه‌حه‌ر «و «حیجار: گوڵێ» و « به‌یات: عایشه گوڵ» و «حیجاز: به‌هار» له‌گه‌ڵ مه‌قامی شه‌نگ مێره‌م) «شاره‌زا، 1982:ل 21»به‌داخه‌وه مه‌قامی شه‌نگ مێره‌م به‌رده‌ست نییه، به‌هۆی تێكچوونی قه‌وانه‌كه‌ی.
هه‌ڵبه‌ته شاگردانی مه‌ڕبێن كه‌م نه‌بوون، یه‌ك له‌وان حه‌نیله خڕه بوو، ساڵی 2012 چاوپێكه‌وتنێكم له‌گه‌ڵ كه‌ریم شاره‌زا سازدا و وتی: (تا ساڵانی چله‌كانیش حه‌نیله‌خڕه‌م بینیبوو، كه‌سێكی سووره‌ی چاو قاوه‌یی و كورتیله و قه‌ڵه‌و بوو، ده‌م و چاوێكی جوان و گونجاوی هه‌بوو كه‌واو سه‌ڵته‌ی له‌به‌رده‌كرد، جامانه‌كه‌ی له شێوه‌ی دیانه‌كانی قه‌دیم ده‌به‌ست، واتا جامانه‌كه‌ی له شێوه‌ی جامانه‌كه‌ی سێوه‌ی هونه‌رمه‌ند بوو، به‌ڵام ساڵی مردنه‌كه‌ی نازانم و تۆمار نه‌كراوه) «سلیوه،2013: 148» دوای ئه‌و سێوه، ئینجا میناسی مه‌ڕبێن و مه‌ڕبێنی قه‌شه گۆرگیز، میخه‌ی یوسفی هه‌رمۆته‌یی و تا ده‌گاته مه‌ڕبێن سڵێوه ئه‌مانه زنجیرەیەکن له به‌هره‌مه‌ندانی مه‌سیحی كۆیه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر باش ناسراو به‌ده‌ركه‌وت و هه‌ندێک به‌رهه‌می بۆ تۆماركرا سێوه بوو.
(سێوه مه‌قامزانێكی زۆر به‌توانا بوو تا وایلێهات زاڵ بێت به‌سه‌ر مه‌قامی كۆن و تازه‌وه به به‌هره‌یی خۆی توانی ده‌سكاری ئاواز و مه‌قامه‌كانی بكات و بێ ئه‌وه‌ی له سنووری گشتی و بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و مه‌قامانه ده‌رچێت) «عه‌لائه‌دین، 2014: 354»ئه‌و له‌نێو كڵێسا‌ی ماریوسف له كۆیه، رۆژانه به‌شداری سروته ئاینییه‌كانی ده‌كرد و به‌رده‌وام بوو.
ساڵی1952، سێوه پێنج مه‌قامی له مه‌قامه ره‌سه‌نه‌كانی خۆی له رادیۆی بەغدا به‌شی كوردی تۆمار كردووه
باكوری
باكوری ناوێكی دیاری دونیای هونه‌ره له كۆیه، هه‌ر به‌خۆشی نه‌بووه، به‌ڵكو كاریگه‌ری له‌سه‌ر خوشكه‌كه‌ی هه‌بووه و هاتۆته بواری نواندن و كاریگه‌ری له‌سه‌ر جان تۆماس و چه‌ندان كه‌س و خزم و كه‌سی خۆیی و خه‌ڵكی تر هه‌بووه، باكوری ده‌ڵێ: (باوكم ئیسرائیل خه‌مۆ یۆنان له دێی «ساتیبه‌گ»ی سه‌ر به ویلایه‌ت، یا پارێزگای وانی توركیا، له ساڵی 1904 له دایك بووه. دایكم ئینیار لازار عه‌بدال، له دێی «خه‌راشك»ی سه‌ر به‌وانی توركیا له دایك بووه... باوكم و دایكم له‌كاتی هه‌ڵاتن له وڵاتی توركیا به‌ره‌و سنووری عێراق... هێشتا دایكم منداڵ بووه ده‌ورووبه‌ری هه‌شت ساڵ بووه، باوكم 8-10 ساڵێك له‌و به ته‌مه‌نتر بووه.) «باكوری، 2006:ل 19» باكوری كه‌سێكی زه‌ین روون بووه، زۆر به‌وردی بابه‌ته‌كانی تۆمار كردووه، وێنه‌ی كۆن و ده‌گمه‌نی په‌یدا كردووه، كتێبی ته‌مه‌نێك پڕپڕه له‌به‌ڵگه و روونكردنه‌وه‌ی گرنگ، دواتر ده‌ڵێ: (من و فلیپی برام له‌و قشڵه‌یه له‌دایك بووین، من له 5/11/ 1928 له دایك بوویم) «باكوری،2006:ل 21»
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته خۆم سه‌یری تۆماری ئاوه‌مۆر(تعمید)م كردووه، له كڵێسا‌ی مه‌ریه‌مه‌ی پاكیزه له هه‌رمۆته، ساڵی ته‌عمیدكردنه‌كه‌ی ساڵی 1928 نووسراوه. سه‌باره‌ت به سه‌ره‌تای به‌ده‌ركه‌وتنی به‌هره‌كه‌ی ده‌ڵێت:(زۆربه‌ی به‌یانیان له ڕیزی به‌یانیان مامۆستا «شه‌فیق» و مامۆستا «دنحا»منیان ده‌رده‌هێنا و له ناوه‌ندی حه‌وشه‌كه، له ناوه‌ڕاستی قوتابییه‌كان ڕاده‌وه‌ستام و سروود «نشید»ی عه‌ره‌بیم ده‌گوت. مامۆستایان هه‌موویان ده‌نگمیان له لا خۆش بوو. هه‌روه‌ها قوتابی «سه‌ید ئه‌نوه‌ر سه‌ید ئه‌حمه‌د به‌رزنجی» كه ئه‌و پۆلێك له‌پێش مندا بوو، ئه‌ویش ده‌نگی زۆر خۆش بوو. ئه‌ویشیان ده‌رده‌هێنا و له‌ناو ڕیزی به‌یانیان سروودێكی زۆر خۆشی هه‌بوو.) «باكوری، 2006:ل 89»
دواتر هه‌ڵده‌كشێ و باسی هونه‌ری ده‌ورووبه‌ری خۆی ده‌كات و ده‌ڵێت: (له كۆڕێكدا بیرمه خواجه سێوه واتا شه‌ماشه سێوه‌ی گۆرانی بێژ، له‌گه‌ڵ مه‌ڕبێن و باوكی «خواجه ئه‌وڕه‌ها» داده‌نیشتین، خه‌ڵكی زۆریش له ده‌ورمان، وه‌ك بازنه كۆده‌بوونه‌وه، ئینجا كاكه سێوه، كه مه‌ست ده‌بوو، ده‌نگی هه‌ڵده‌بڕی و مه‌قامی زۆر خۆشی ده‌گوت. من شه‌یدای ده‌نگی سێوه بووم، زۆر جار له جه‌ژنان، باوكم به‌یانی زوو هه‌ڵیده‌ستاندین و له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یبردینه كه‌نیسه و گوێمان له قوداسی جه‌ژن ده‌بوو. شه‌ماشه سێوه، به ده‌نگه نێرینه و نه‌براته جوانه‌كانی له قوڕگه‌ی كه ده‌یگوت بۆ ئه‌م ته‌رتیلانه خه‌ڵق كراوه، كه به ئاوازه ئاسمانییه‌كان سواغدراوه..... ئیتر له‌و كه‌نیسه‌یه، من وامده‌زانی كه‌سی تێدانییه جگه له سێوه، كه بۆ جه‌ژنی قیامه، ته‌رتیله‌ی «قوم شه‌پیر»ی ده‌چڕی، چاو نه‌ده‌ما، ژن و پیاو فرمێسك نه‌ڕێژن...ده‌یه‌ها سروودی ئاینی و ته‌واشیحم گوێ لێده‌بوو، له‌و خاڵ سێوه‌یه و له مناڵییه‌وه عاشقی ده‌نگی بوو بووم.) «باكوری، 2006:ل 91»
سه‌رچاوه‌ی ته‌قینه‌وه‌ی ئیلهامی باكوری ئه‌و كۆمه‌ڵه شتانه‌بووه كه خۆی ئاماژه‌ی بۆكردووه. دواتر به‌شداری خولی مۆسیقای كردووه له كه‌ركوك و دوای ئه‌وه‌ی كه بۆته مامۆستای زمانی ئینگلیزی له كۆیه، له ساڵی 1957 توانی تیپی مۆسیقای باواجی دابمه‌زرێنێ.
تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە
ئاره‌زوو ئیسماعیل مه‌نسوور ده‌ڵێت: (وێنه‌یه‌كی ئه‌رشیفی هه‌یه نووسراوه تیپی باواجی كۆیه، 1958 كۆمه‌ڵێ هونه‌رمه‌ندی تێدایه به‌خۆیان و ئامێره‌كانیان، له‌وانه: وریا قادر، سه‌ڵاح محه‌مه‌د، سه‌رداری باب سه‌ردار، باكوری... مامۆستا باكوری له پایزی 1957 گروپه‌كه‌ی دروست كردووه و ناوی لێناوه و ئیشیان كردووه، به‌ڵام ئاهه‌نگه‌كه‌یان له ساڵی 1958 كردووه) «دیده‌نی له‌گه‌ڵ مه‌نسوور، 29/5/2024»
ئه‌و باكوری به پێشه‌نگ ده‌زانێ، هه‌ركه‌سێكی تر یان گروپێكی تر هاتبێ به ئیدامه و به‌رده‌وامی ئه‌و زنجیره رۆشنبیرییه هونه‌رییه ده‌زانێ بۆیه ده‌ڵێ: (له ساڵی 1986 تیپی مۆسیقای حاجی قادری كۆیمان دامه‌زراند، له‌ساڵی 1988 شتمان تۆمار كرد، له ساڵی 1989 بڵاوكرایه‌وه، ئه‌و تیپه تیپێكی منداڵان بوو، تا ساڵی 1991 به‌رده‌وام بوو، واتا پێنج ساڵ به‌رده‌وام بوو، دواتر منداڵانی تر شوێنی ئێمه‌یان نه‌گرته‌وه، ئه‌و كات چوینه دهۆك 189 نمره‌مان له 200 هێنا ئه‌و 11 نمره‌مان له جل و به‌رگ لێشكا، چونكه پۆشاكه‌كانمان مۆحه‌د نه‌بوو، ئه‌و كات به‌و منداڵییه‌ی خۆمان مۆسیقای سه‌مای غه‌جه‌ری غانم حه‌دادمان لێدا، خه‌ڵكه‌كه زۆر سه‌رسام بوون، مامۆستا سه‌رداری باب سه‌ردار نه‌هاته سه‌ر ستێنج وتی: ده‌بێ هه‌مووی منداڵ بن. ئه‌وكات ته‌مه‌نی مۆسیقیم ده مانگ بوو و سه‌رۆكی منداڵه‌كان بووم)
واتا مامۆستا سه‌ردار و هاوڕێكانی سودیان له مامۆستا باكوری بینیوه و گه‌شه‌یان به بواری موزیك داوه له كۆیه، دواتر به نه‌وه‌كانی دوای خۆیان سپاردووه. ئه‌ندریۆس ئیسرائیل خه‌مۆ(باكوری) له ته‌مه‌نی سه‌ره‌تای گه‌نجی عاشقی كچێك ده‌بێ به‌ناوی ئه‌میره، كچه‌كه خه‌ڵكی كه‌ركوك ده‌بێ، دواتر ماڵی باوكی ئه‌میره له كه‌ركوك بار ده‌كات، ئه‌وكات وه‌ك ئێستا نه‌بوو، ته‌له‌فۆن هۆیەکانی په‌یوه‌ندییكردن كه‌م بوو، بۆیه گڕوتینی ونبوونی ئه‌میره زۆر ناڕه‌حه‌تی ده‌كات و له زۆر شوێن ده‌پرسێ كه‌س هه‌واڵی نازانێ، ئه‌م چیرۆكه‌ی خۆی بۆ مامۆستا مه‌جید ئاسنگه‌ر ده‌گێڕێته‌وه، مه‌جید ئاسنگه‌ر بابه‌ته‌كه ده‌كاته شیعر به‌مشێوه‌یه:
ئه‌میره‌كه‌م، دڵگیره‌كه‌م
به‌هارت لێ شه‌رمه‌زاره
گوڵی گیانه یەخسیره‌كه‌م
تیرت له دڵ سه‌دهه‌زاره سه‌دهه‌زاره
تۆ له‌دووری و من له دوورم
به‌م جۆره خۆشه دڵداری
ناچار له ئه‌شكم ئه‌بوورم
بێ گرین بۆشه دڵداری
باكوری ئاوازی بۆداده‌نێ و دواتر فوئاد ئه‌حمه‌د به گۆرانی ده‌یڵێ و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری ده‌بێ.
ده‌بینین چه‌ند جوان شته‌كان ئاوێته‌ی یه‌ك بوون بیرۆكه و ئاوازه‌كه‌ی هی باكورییه، شیعره‌كه هی مه‌جید ئاسنگه‌ره، فوئاد ئه‌حمه‌د چیڕیویه‌تی، كه‌واته مێژوو و هونه‌ری ئه‌م وڵاته ئاوێته‌یه له كه‌لتووری جیاواز. بۆیه ده‌توانین بڵێن مامۆستا باكوری له‌پاڵ مۆسیقا ژه‌نین و ئاواز دانان و تێكستیشی داناوه، خۆزگه سه‌رجه‌م شیعره‌كانی كۆده‌كراوه‌نه‌وه و ده‌كرانه دیوانێك یان نامیلكه‌یه‌كی شیعری. مامۆستا باكوری و چه‌ندان مامۆستای تر رۆڵیان هه‌بووه له پێشكه‌وتنی هونه‌ر له كوردستان و دنه‌دانی گه‌نجان، ده‌توانین بڵێن ئێستا له كۆیه چه‌ندان ناوی دره‌وشاوه رۆڵیان هه‌بووه له گۆرانی چڕین له‌وانه: هونه‌رمه‌ندی گه‌ل تاهیر تۆفیق، خالید دلێر، حه‌مه‌ده‌مین عه‌باس، مه‌لا ئه‌حمه‌ده كۆره، باقی حه‌لاق، ئه‌حمه‌دی مه‌لا، باكوری، ئه‌میری ره‌شیدی مام یه‌حیا، سامان تاهیر، ئازاد قادر، ئیسماعیل شه‌یدا، عه‌دنان جه‌مال، جه‌عفه‌ر عه‌بدولواحید ، عه‌بدوڵڵا ئیسماعیل، ئیبراهیم سابیر، گوشاد كه‌مال، رێبین جه‌مال،
ئه‌حمه‌د هاشم، سامان فاتح، ئیدریس مه‌لا حه‌كیم، سه‌خه‌ریا عیسا هه‌رمۆته‌یی، مه‌ڕبێن سڵێوه، سه‌لاح محه‌مه‌د(مام عه‌وڵا)، مه‌لا حه‌سه‌ن، هۆشمه‌ند زاهیر، میرۆز كۆیی، بێژه‌ن جه‌لال، بایز مسته‌فا، پشتیوان كاكل، پۆڵا سه‌عید، ده‌رباز جه‌لال...
سه‌باره‌ت به خانمانیش، كۆمه‌ڵێک خانمی كۆیه گۆرانی‌یان وتووه له‌وانه: دیمه‌ن جه‌لال جۆبار، شنۆ ئیبراهیم، نه‌بات قاسم، لانه جه‌لال ئلیاس، په‌یام عه‌بدولخالق، لێوژه جه‌لال، چرپه نه‌به‌ز، رێناس وریا، نه‌وا نه‌هرۆ، له‌نجه ئازاد، خۆزگه ئازاد.
سه‌رچاوه‌كان:
یه‌كه‌م: كتێب
-1 باكووری، ته‌مه‌نێك(گۆرانی و ئاواز و خۆشخوانی)، چ1، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، 2006
-2 تاهیر كرمانج، ژیان و هونه‌ر، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری، هه‌ولێر، 2017
-3 عه‌بدولخالق عه‌لائه‌ده‌ین، كۆیه...ناودارانی،چ1، چاپخانه‌ی مناره،هه‌ولێر، 2014
4/ كه‌ریم شاره‌زا، مه‌قامه‌كانی سێوه‌ی هونه‌رمه‌ندی كورد له ته‌رازووی ڕه‌سه‌نایه‌تیدا، 1982
-5 كه‌ریم شاره‌زا، نازم حه‌وێزی، عوسمان مه‌سته‌فا خۆشناو، مه‌جید ئاسنگه‌ر، كۆیه له‌ڕه‌وتی شارستانییه‌تدا، چاپخانه‌ی ڕۆشنبیری، هه‌ولێر، 2009
-6 مه‌سعود محه‌مه‌د، حاجی قادری كۆیی، ب. یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی كۆڕی زانیاری كورد، به‌غدا، 1973
-7 هاوژین سڵێوە د.، مێژووی هه‌رمۆته، چاپخانه‌ی زانا، سلێمانی، 2013
-8 وریا ئه‌حمه‌د، مێژووی گۆرانی و موزیكی ناوچه‌ی كۆیه1850-1950، چ1،چاپخانه‌ی زانكۆی سه‌لاحه‌دین، هه‌ولێر، 2020
دووه‌م: چاوپێكه‌وتن
-1ئاره‌زوو ئیسماعیل مه‌نسوور (دیده‌نی: هاوژین سڵێوە)، كۆیه ـ هه‌رمۆته، چوارشه‌ممه، 29/5/2024.
-2 دیده‌نی له‌گه‌ڵ سه‌فین عومه‌ر، 15/4/2024
وێنەکان لە پەیجی تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە و پەیجی کۆیە – مێژوو وەرگیراوە
تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە