قوباد تاڵەبانی بۆ بەرپرسانی ئیداریی چەمچەماڵ:

خزمەتكردنی هاووڵاتیان ئەولەویەتی كارەكانتان بێت

12:50 - 2024-07-01
کوردستان
82 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆك وەزیران، پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵی بەسەركردەوە، سەردانی مۆنۆمێنتی ئەنفالی كرد و دوای كۆبوونەوەشی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی سنوورەكە، وێستگەی كارەبای مۆبایلی چەرموو و نووسینگەی ژمارە پێنجی پاسپۆرتی ئەلیكترۆنیی سلێمانی-چەمچەماڵی، كردەوە.

بەسەركردنەوەی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، دوێنێ سەردانی چەمچەماڵی كرد و لە یەكەم وێستگەی سەردانەكەیدا، پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵی بەسەركردەوە، كە 78 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكراوە و بڕیاریشە لەماوەی 730 رۆژدا تەواوبكرێت.
لەبارەی پرۆژەكەوە، جێگری سەرۆك وەزیران، رایگەیاند: چەمچەماڵییەكان، چەندین ساڵە چاوەڕوانی تەواوكردنی ئەم پڕۆژەیەن و یەكێكە لە سەرەكیترین داواكارییەكانیان، بۆیە نابێت بەهیچ هۆكارێك كاركردن تێیدا بوەستێت و دەشبێت كۆمپانیای جێبەجێكار لەوادەی دیاریكراودا كارەكانی تەواوبكات.

كردنەوەی موزەخانەی پێشمەرگە شەهیدەكانی شەڕی داعش
لەمیانی سەردانیشیدا بۆ مۆنۆمێنتی ئەنفال، بە یادی هەموو شەهیدانی ئەنفال، تاجەگوڵینەی رێز و وەفای لە مۆنۆمێنتەكە دانا. دواتر موزەخانەی پێشمەرگە شەهیدەكانی شەڕی داعشی كردەوە، كە بۆ رێزگرتن لە گیانفیدایی پێشمەرگە و پاراستنی بیرەوەرییەكانی شەهیدەكانی شەڕی دژ بە داعش، دروستكراوە و جلوبەرگ و كەلوپەلە تایبەتەكانی شەهیدانی پێشمەرگەی تێدا هەڵگیراوە.
لە ئاماژەكردنیش بە گرنگیی موزەخانەكە، وتی: ئەم موزەخانەیە كارێكی بچووكە بۆ نیشاندان و پاراستنی قارەمانێتیی شەهیدانی پێشمەرگە، گیانفیدایی و لەخۆبوردوویی پێشمەرگە و شەهیدانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆردا ئەوەندە گەورەیە كە دەبێت نەوە لەدوای نەوە چیرۆكی ئەم قارەمانانەی كورد لەڕێگەی فیلم و نووسین و كاری هونەرییەوە بۆ هەموو خەڵكی جیهانی بگێڕنەوە.

كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری

لە كۆبوونەوەیەكیشدا لەگەڵ قائیمقام و بەرپرسانی ئیداریی، باس لە كێشە خزمەتگوزارییەكان و داواكارییەكانی دانیشتوانی چەمچەماڵ كرا و بۆ ئەوەش قوباد تاڵەبانی داوایكرد رێوشوێنە ئیدارییەكان بۆ جێبەجێكردن و راییكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان رێكبخەنەوە و زۆرترین ئاسانكارییان بۆ بكەن. وتیشی: ئێوە بەرپرسی خەڵك نین، بەڵكو خزمەتكاری خەڵكن، بۆیە دەبێت بەردەوام بەدەم جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خەڵكەوە بن و پابەندی یاساكان بن لە خزمەتكردنی هاووڵاتیاندا. جەختیشیكردەوە كە «ئامانجمان خزمەتكردنی هاووڵاتیانە و بۆ ئەم مەبەستەش هەر گۆڕانكارییەك پێویست بكات لە پۆستە ئیدارییەكاندا، دەیكەن». تایبەت بە گەشەپێدان و رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجانیش، تەئكیدیكردەوە كە «پێویستە بەرپرسانی ئیداری، هەوڵبدەن بۆ كارئاسانی و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و هانی وەبەهێنەرانیش بدەن لە چەمچەماڵ وەبەرهێنان بكەن».

كردنەوەی وێستگەی چەرموو و نووسینگەی پاسپۆرتی ئەلیكترۆنی

كردنەوەی وێستگەی كارەبای مۆبایلی چەرموو 132/11KV، وێستگەیەكی دیكەی سەردانەكەی جێگری سەرۆك وەزیران بوو، كە پڕۆژەكە بەبڕی زیاتر لە ملیارێك و 600 ملیۆن دینار جێبەجێكراوە و تاڕادەیەكی زۆر كێشەی ئۆڤەرلۆد لەسنوورەكەدا چارەسەردەكات، هەروەها نووسینگەی ژمارە پێنجی پاسپۆرتی ئەلیكترۆنیی سلێمانی-چەمچەماڵی كردەوە، كە لە دوو سەعاتدا مامەڵەی هاووڵاتی جێبەجێدەكرێت و دەبێتە خاوەنی پاسپۆڕت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان