کرێنشینان لە چاوەڕوانیی تەواوبوونی یەکەکانی نیشتەجێبووندا

10:49 - 2024-07-02
ڕاپۆرت
181 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ محەمەد تۆفیق نەورۆڵی


لە ساڵی 2013 وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوونی حكومەتی هەرێم، دەستی كرد بە دروستكردنی 10 باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە قەزای شارەزوور، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، كە حەوت باڵەخانەیان لە 84 یەكەی نیشتەجێبوون پێكهاتبوو وەك بەشی یەكەمی پرۆژەكە تەواو كران، بەڵام دوای نزیكەی 11 ساڵ چاوەڕوانی تا ئێستا بەسەر كەمدەرامەتان و كرێنشینانی قەزای شارەزووردا دابەش نەكراون، بەشی دووەمی پرۆژەكەش كە دروستکردنی سێ باڵەخانەیە و 36 یەكەی  نیشتەجێبوون  لەخۆ دەگرێت، بەهۆی نەبوونی بودجەوە ئیشکردن تیایاندا وەستاوە.

قایمقامی قەزای شارەزوور:  بەهۆی نەبوونی بودجەوە، نەتوانراوە باڵەخانەكانی کەمدەرامەتان و کرێنشینان تەواو بكرێن

رزگار غەفور قایمقامی قەزای شارەزوور بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەهۆی نەبوونی بودجە نەتوانراوە باڵەخانەكانی قەزای شارەزوور بۆ کەمدەرامەتان و کرێنشینان تەواو بكرێت، ئێستا لەگەڵ پارێزگار و بانك لە هەوڵداین بۆ ئەوەی حەوت باڵەخانە تەواو بووەكە خزمەتگوزارییەكانی بۆ جێبەجێ بکرێت.
وتیشی، لە قەزاکەدا ژمارەیەکی زۆر خێزان کرێچین و چاوەڕوانن یەکەکان تەواو بکرێن و بەسەریاندا دابەش بکرێت.

باڵەخانەكان تەنها خزمەتگوزاری ماوە
ئەندازیار جوتیار قادر جێگری بەڕێوەبەری گشتی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی بە کوردستانی نوێی راگەیاند: کۆمپانیای جێبەجێکار بەشی یەکەمی پڕۆژەکە کە پێکهاتووە لە دروستکردنی حەوت باڵەخانە کە 84 یەکەی نیشتەجێ بوون لەخۆ دەگرێت تەواو کردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجە خزمەتگوزاری بۆ نەکردون و بەشی دووەمی پڕۆژەکەشی راگرتووە کە دروستکردنی سێ باڵەخانەی دیکەیە و 36 یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرێت.
وتیشی: چەند جارێک کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا کردووە بۆ تەرخانکردنی بودجە بە مەبەستی تەواوکردنی هەنگاوەکانی دیکەی یەکەکان، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێکی ئەرێنی نییە، ئێستاش هیچ هەنگاوێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی لە ئارادا نییە بەهۆی نەبوونی بودجەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان