״حكومەتی هەرێم، پشتیوانی لە ئازادیی رادەربڕین و رەخنەگرتن دەكات״

10:25 - 2022-06-21
کوردستان
493 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لەگەڵ بەڕێوەبەری ژمارەیەكی زۆر لە دەزگاكانی راگەیاندنی كوردستان كۆبۆوە.
سەرەتا، سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەدا كە مەبەست لە كۆبوونەوەكە ئەوەیە گفتوگۆیەكی راشكاوانە لەگەڵ راگەیاندن و لەڕێگەی ئەوانیشەوە، لەگەڵ خەڵكی كوردستان بكەین بۆ بەرچاوڕوونی و خستنەڕووی زانیاری و روونكردنەوەی هەڵوێستی حكومەت لەبارەی چەندین بابەتی گرنگ. داواشی لە دەزگاكانی راگەیاندن كرد، كە هاوكار و یارمەتیدەری حكومەت بن بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی و رووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی. ئاماژەشی بەوەدا كە راگەیاندن ئەركێكی پیرۆز و گرنگی هەیە و پێویستە بە بەرپرسیارێتییەوە ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن.
دووپاتیشیكردەوە، كە حكومەتی هەرێم، پشتیوانی لە ئازادیی راگەیاندن و رادەربڕین و رەخنەگرتن دەكات بۆ چاكسازی و باشتركردن و بەرەوپێشبردنی بارودۆخی كوردستان، بەڵام لە هەمانكاتدا پێویستە راگەیاندن داكۆكیش لە پرسە نیشتمانییەكان و دەستكەوتەكان بكات، كە لە ئەنجامی قوربانیدانێكی زۆری خەڵكی كوردستانەوە، بەدەستهاتوون.

باسی لەوەش كرد كە كابینەی نۆیەم، زۆرترین زانیاری بڵاوكردۆتەوە و روونكردنەوەی پێویستی بە پەرلەمانی كوردستان و رای گشتی داوە.

لە درێژەی قسەكانیدا، سەرۆكی حكومەت، روونیكردەوە كە ئێمە لە ناوچەیەكی قەیراناوی و نائارامدا دەژین، لە ساڵانی رابردووشدا رووبەڕووی چەندین قەیران بووینەوە، وەك كۆرۆنا و قەیرانی تەندروستی و دارایی، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، ئێمە نەوەستاین و بەردەوام بووین لە جێبەجێكردنی پڕۆژە و چەندین چاكسازیمان لە سەرجەم بوارەكاندا كردووە، وتیشی: چاكسازی، پرۆسەیەكی بەردەوامە و كاتی پێویستە و ئامانجیش لەم چاكسازییانە، بنیاتنانی ژێرخانێكی بەهێزی ئابوورییە.
جەختیشیكردەوە، كە حكومەت هی هەموو هەرێمی كوردستانە و بەبێ جیاوازییش، خزمەتی هەموو پارێزگا و شار و ناوچەكانی كوردستان دەكات.
لەبارەی پەیوەندیی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی، سەرۆكی حكومەت دووپاتیكردەوە كە هەرێمی كوردستان، هەمیشە ئامادەبووە كێشەكان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەربكات، هەرێمی كوردستان ئەركەكانی جێبەجێكردووە و داواش دەكات مافە دەستوورییەكانی پێشێل نەكرێت.
لە كۆتاییدا سەرۆكی حكومەت، وەڵامی سەرنج و تێبینی و راسپاردەی ئامادەبووانی دایەوە و كورتەیەكیشی دەربارەی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لە بوارە جیاوازەكاندا خستەڕوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان