سەقامگیریی دارایی کۆمەڵگە

11:35 - 2024-07-02
ئابووری
310 جار خوێندراوەتەوە

هاشم غەمگین

ئەرکی سەرەکی سەرشانی هەر حکومەتێکە خۆی بە بەرپرسیار بزانێت بەرامبەر گەلەکەی و ژیانێکی شایستە و پڕشکۆ بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە دابین بکات.
لە رێی کارکردن لە کەرتی گشتی و فراوانکردنی دامەزراندن و بڕینەوەی مووچەوە بێت، یان فراوانکردنی دەرفەتی کارکردن لە کەرتی تایبەتدا، یاخود بڕینەوەی مووچەی سۆشیال و بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ ئەو هاووڵاتیانەی بێکارن، یان توانای کارکردنیان نییە.
جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە وا دەکات سەقامگیریی دارایی خێزان و کۆمەڵگە و دابینکردنی پێداویستییەکانیان زامن بێت و خۆشگوزەرانی بێتە ئاراوە.

هەر کاتێک سەقامگیریی دارایی خێزان و کۆمەڵگە دەستەبەر بێت ژینگەیەکی ئارام و تەندروستیان بۆ دەخوڵقێت

جموجۆڵی بازاڕ
باشترکردنی گوزەرانی هاووڵاتیان و جموجۆڵی ئابووری بازاڕ و سەقامگیریی ژیانی خەڵک بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە دابەشکردنی سیستمی مووچە لە وادەی دیاریکراوی خوێدا، ئەگەر بێت و دوا بکەوێت لە وادەی دیاریکراو، سەرباری نیگەرانییەکان کاریگەری لەسەر جموجۆڵی بازاڕ دەبێت، بەمەش کاسبکاران فرۆش و دەستکەوتیان کەم دەکات، هەروەها رەخساندنی هەلیکار و جوڵاندنی پڕۆژەکان و وەبەرهێنان و خستنەگەڕی کارگەی پیشەسازی سوودبەخش، هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بارودۆخی ژیانیان بەرەو باشتر بڕوات و هەلیکاریان بۆ بڕەخسێت و پێداویستییەکانی رۆژانەیان دابین بکەن و دەستکەوت و پاشەکەوت و قازانجیان هەبێت و لە رووی ئاسایشی ئابووریی خيزانییەوە خۆشگوزەران و سەقامگیربن.

نیگەرانیی کەم دەبێتەوە
لەبەر ئەوە حکومەتی هەرێم و نوێنەرانی کورد لە بەغدا دەبێت هەوڵی جددی بدەن و لەگەڵ حکومەتی ناوەند بگەنە رێکەوتنێک، تا چیتر مووچەی فەرمانبەران دوا نەکەوێت و لە فەوتاندن بپارێزرێت.
هەر کاتێک سەقامگیریی دارایی خێزان و کۆمەڵگە دەستەبەر بێت ژینگەیەکی ئارام و تەندروستیان بۆ دەخوڵقێت، تەندوتیژی و لادان و پێشێلکاریی کەمدەبێتەوە، هەموان سەرقاڵی کارو پیشەی خۆیان دەبن و لە سترێس و نگەرانی و بەدوور دەبن، لە کۆچی نایاسایی پڕمەترسی و جێهێشتنی وڵات بەدوور دەبن.
لە سایەی سەقامگیری داراییدا هاووڵاتیان هەفتانە گەشت و گەڕانی نێوخۆیی بۆ سەیرانگاکان دەکەن و
ساڵانە گەشت بۆ وڵاتانی دیکە دەکەن، بۆیە گرنگە ئەمساڵ کۆتایی گرفتی دواکەوتنی مووچە بێت و کاری جدی بۆ بەهێزکردنی داهات و سەرمایە و بەرهەمی ناوخۆ بکرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان