ئاسودەم بەوەی كە دەینووسم...

ناسك حەمەغەریب: سلێمانی پەپوولەیەكە بەسەر گوڵە شیعرەكانمدا دەنیشێتەوە

12:29 - 2024-07-02
دیدار
165 جار خوێندراوەتەوە

ناسك حەمەغەریب، شیعر دەنووسێت، خەڵكی شاری سلێمانییە و ماوەی 25 ساڵە لە ووڵاتی نەمسا دەژیت.
ناسك حەمەغەریب بە دوالاپەڕەی وت: سەرەتا لە ساڵی 1997 بەسادەیی دەستمكرد بە شیعر نووسین، تا ئێستا بیرم لەوە نەكردۆتەوە كە شیعرەكانم بژمێرم تا بزانم چەند شیعرم هەیە،  بەڵام دڵنیام لە 200 شیعر  زیاترە، شیعر لای من   ئارامی  رۆح و ئاسودەییە بۆ دڵ  
و لە هەمان كاتیشدا گەیاندنی پەیامەكان  بە شێوازێكی جوان و  رازاوە، بێگومان  نووسینی شیعر ئیلهامە بواری ناوێت بۆی بڕەخسێت.
ناسك وتیشی: جوڵەی شیعری وەك كۆڕ و كۆبوونەوەكانی هەر وڵاتێك  بە شێوازێكە و بەپێی زۆری و كەمی شاعیران و رۆشنبیرانی  نیشتەجێ، بەڵام لە نەمسا كۆڕ و كۆبوونەوە زۆر كەمە، مەگەر لە ڤیەننای پایتەخت ئەویش دەگمەنە، راستە بەردەوامم لە نووسین ، بەڵام تا ئێستا  خۆم بە شاعیر نازانم، چونكە ئەركی هەڵگرتنی ئەو نازناوە قورسە، بێگومان ئەوەی گرنگە كە ئاسودەم بەوەی كە دەینووسم، شیعرەكانم زیاتر سۆزدارین، ئەوەی من دەینووسم  ئاسودەیی بە رۆح و دڵم دەبەخشێت بۆیە زۆر لێكیان جیاناكەمەوە، یەكێك لەوانە شیعری( گەڕانەوە)یە كە ساڵی  2019  نووسیومە، سلێمانی لە شیعرەكانی مندا پەپوولەیەكە و بەسەر گوڵە شیعرەكانمدا دەنیشێتەوە، چەندین جار ناوم هێناوە  لە پارچە شیعرەكانمدا و چەند شیعرێكیشم بۆ نوسیووە.
ئالان محەمەد جەزا


بابەتە پەیوەندیدارەکان