یادەوەریی وەرزشی

ئیدارەی یانە هەر یاریزانەو 50 دیناریان وەك پاداشت داینێ لەبەر ئەوەی ئێمە یەكەمی گروپەكەمان بووین

12:58 - 2024-07-02
وەرزش
238 جار خوێندراوەتەوە
#سەڵاحی شێخ ئەمین و فەرەیدون ساڵح -نێرە

خەسرەو گورون


113

 
لە ژمارەكانی پێشووی باسەكانمدا، باسی دووەم یاریی گەڕانەوەمان بەرامبەر یانەی 1 ی حوزەیرانی شاری كەركوك كرد كە رۆژی 11/1/1991 كردمان، یارییەكە لەكەركوك بوو.

نزیكەی 5 مانگ هیچ راهێنان و یارییەكمان نەكرد، چونكە تیپەكەمان ئەستەم بوو كۆببێتەوە، بەڵام دواجار رۆژی 27/6/1991 وەك تیپی یانەی سلێمانی كۆبووینەوە، بەڵام سەرجەم یاریزانەكان ئامادە نەبوون

لە دوای ئەم یارییەوە سەرجەم خولەكانی یانەكانی عیراق راگیران ئەویش بەهۆی پرۆسەی ئازاد كردنی كوەیت لە لایەن هاوپەیمانانەوە و دواتر پاشەكشەی عیراق لە كوەیت كە بەتەواوی بارودۆخی عیراق شڵەژابوو، دواتریش ئەوەبوو راپەڕینە مەزنەكەی خەڵكی كوردستان و دواتریش كۆڕەو  رویاندا و نزیكەی 5 مانگ هیچ راهێنان و یارییەكمان نەكرد، چونكە تیپەكەمان بەئەستەم بۆ كۆدەكرایەوە، بەڵام دواجار رۆژی 27/6/1991 وەك تیپی یانەی سلێمانی كۆبووینەوە، سەرجەم یاریزانەكان ئامادە بوون جگەلە (رەفیق عەلی گۆڵچی و حەمەی هەڵەبجە و رزگار عەلی گۆڵچی و سەڵاحی شێخ ئەمین).
ئەو رۆژە یەكەم راهێنانمان كرد، پاش تەواو بوونی راهێنان، ئیدارەی یانە هەر یاریزانەو 50 دیناریان وەك پاداشت پێداین لەبەر ئەوەی ئێمە یەكەمی گروپەكەمان بووین، لەو بارودۆخەدا، یەكێتیی تۆپی پێی عیراقیش بڕیاری دەستپێكردنەوەی خولەكانی عیراقی دەركرد، بەپێی بڕیارەكە دەبوو ئێمە و موسڵ دوا یاریی خۆمان لەگروپەكەدا بكەین چونكە هەر ئەم یارییەمان مابوو بیكەین.
لە بڕیارەكەی یەكێتیی تۆپی پێی عیراقدا هاتبوو كە دەبێت رۆژی 24/7/1991 یارییەكە لەیاریگای زانكۆی موسڵ بكرێت، هەرواش بوو، یارییەكەمان ئەو رۆژە كرد، پێش وادەی یارییەكە بە كەموكوڕییەكی زۆرەوە تیپەكەمان كۆبووەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی دەبوو یارییەكە هەر بكرێت، یارییەكەش بۆ هەردوو لا هیچ گرنگییەكی نەبوو، چونكە هەردوو لامان بۆ قۆناغی داهاتوو سەركەوتبووین، تەنیا ئەم یارییە یەكەم و دووەمی گروپەكەی دیارییدەكرد. 
خوالێخۆشبوو عومەر حەمە كەریم سەرۆكی وەفدی ئێمەبوو،  عومەر خەتاب و حەمە بچكۆلیش راهێنەرانی ئێمە بوون، بەپلانی 4-4-2 یارییمان كرد، تیمێكی ناوبژیوانی لە بەغداوە هاتبوون بۆ بەڕێوەبردنی یارییەكە، تیپی موسڵ بە درێسی سوور و ئێمەش بەدرێسی سپییەوە یاریمان كرد، پێكهاتەی سەرەكی تیپەكەشمان بۆ ئەم یارییە بەمشێوەیە بوو:
*گۆڵپارێز: تاریق بوو لە هەولێر كە ئەو رۆژە هێنابومان بۆ ئەوەی تیپەكە تەواو بكەین.
*بەرگری: خەسرەو گورون-كاپتنی تیپ، نەوزاد مستەفا، هادی كەریم، فەرەیدون ساڵح -نێرە.
*ناوەند: خوالێخۆشبوو شاهۆ حەمە فەرەج، ئالان قادر، ئاسۆ قەلە، ئامانجی سەید برایم.
*هێرشبەر: حەمەی كەریم و بەختیار رەشید.
یارییەكەش بە بردنەوەی موسڵ 3-1 كۆتاییهات، گۆڵەكانی تیپی خاوەن یاریگا لە دەقیقەكانی 43 و 53 و 67 دا كران، خەسرەو گورونیش توانی تاكە گۆڵەكەی سلێمانی لە دەقیقەی 50 دا بە پەنالتی بكات.
بەم ئەنجامەش ئێمە وەك تیپی یانەی سلێمانی بە كۆكردنەوەی 10 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندیی گروپەكەدا وەستاین و موسڵ بە 13 خاڵ یەكەمی گروپەكە بوو، بەوەش سەركەوتنمان بۆ قۆناغی دووەمی یارییەكانی ئەم خولە مسۆگەر كرد، هەردوو راهێنەریش ئەم گۆڕانكارییانەیان كرد:
* داخل جەبار بۆ شوێنی ئاسۆ.
* كاژاو كەمال بۆ شوێنی هادی.
* جەعفەر تۆفیق بۆ شوێنی شاهۆ.
* یاسین بۆ شوێنی خەسرەو.
بەمشێوەیە ئێمە وەك تیپی یانەی سلێمانی بۆ یەكەمین جار لەمێژووی یانەكەدا لە قۆناغی یەكەمی خولی پلە دووی یانەكانی عیراقەوە گەیشتینە قۆناغی دووەمی یارییەكان و سەركەوتن و گەیشتن بە خولی پلە یەكی یانەكانی عیراق كە ئەوكات بەرزترین خولی تۆپی پێی یانەكانی عیراق بوو.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان