ئا: لیا جاف
تا ئێستا دۆسێی نەوتی هەرێمی كوردستان، گرێكوێرەی نێوان بەغدا و هەرێمە، هەرچەندە لە ساڵی 2013وە لە هەردوولاوە هەوڵ دراوە بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە، بەڵام هەوڵ و هەنگاوەكان بێ ئەنجام بوون.
لە دوای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیشەوە، وەزارەتی نەوتی عیراق فشارەكانی بۆ سەر كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێم چڕ كردۆتەوە، بەمەبەستی هەڵپەساردنی كارەكانیان و پابەندبوون بە بڕیار و راسپاردەكانی عیراق، بەپێی بەیاننامەیەكی ئەو وەزارەتەش، «ئەگەر لە ماوەی دوو مانگدا ئەو كۆمپانیا بیانیانەی كە وەبەرهێنان لە نەوتی هەرێمی كوردستان دەكەن كارەكانیان هەڵنەپەسێرن، ئەوە دەخرێنە لیستی رەشەوە».
دامەزراندنی دوو کۆمپانیا
لە بەرامبەردا، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بڵاوكراوەیەكەوە كە لە (31) لاپەڕە پێكهاتووە، روانگەی خۆی لەبارەی دۆسێی نەوتەوە دەخاتەڕوو و ئاماژە بەوە دەكات: حكومەتی هەرێم دوو كۆمپانیای گشتی دادەمەزرێنێت ئەوانیش: كۆمپانیای هەرێمی كوردستان بۆ نەوت و غاز (KROC) كە تایبەتمەند دەبێت لە بواری دۆزینەوە و دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت و غاز، هەروەها كۆمپانیای كوردستان بۆ بە بازاڕكردنی نەوت (KOMO) كە تایبەتمەند دەبێت بە بازاڕكردنی نەوت و دەكرێت لەلایەك هەماهەنگی لە نێوان هەردوو كۆمپانیاكەدا هەبێت، لە لایەكی دیكەشەوە ئەم هەماهەنگییە لەگەڵ كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی و كۆمپانیای سۆمۆ هەمان پەیوەندیی هەبێت، هاوكات لەگەڵ بوونی هەمان پەیوەندیی و هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم.
لە روانگەنامەكەی حكومەتی هەرێمدا ئەوەش روونكراوەتەوە: هەموو ئەمانە و تەواوكردنی سراكچەری كۆمپانیای سۆمۆ و هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ و كردنی بە دامەزراوەیەكی فیدراڵی، پێویست بە بڕیاری هاوبەش دەكات، كە دەبێتە مایەی ئەوەی هەرێمی كوردستان بەشدارییەكی راستەقینە لەو كۆمپانیایە بكات و پۆستی جێگری سەرۆكی كۆمپانیاكە بۆ ئەو بێت، هاوكات لەگەڵ بوونی دوو نوێنەری هەرێمی كوردستان لە بەڕێوەبردن و جومگەكانی كۆمپانیاكە، هەروەها هەرێمی كوردستان مافی رەتكردنەوە (ڤیتۆ)ی هەبێت سەبارەت بەو پرسانەی پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە.
چاوخشاندنەوە بە گرێبەستەكان
سەبارەت بە دۆسێی پابەندییە داراییەكانی پەیوەست بە دەرئەنجامی دۆسێی نەوت و غاز، بۆچوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوجۆرەیە كە بەردەوام بێت لە فرۆشتنی بڕی هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی هەمان كۆمپانیا بیانییەكانەوە، لەگەڵ پێویستی دووبارە چاوخشاندنەوە بە گرێبەستەكان لە رووی نرخ و لابردنی هەموو كۆت و ئاستەنگەكان كە كۆمپانیای سۆمۆ بەرامبەر بە پڕۆسەكانی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان دایناوە. هاوكات لەبارەی داهاتی نەوتی هەناردەكراو لەلایەن هەرێمەوە، پێویستە ئەم داهاتانە بۆ هەژمارێكی بانكیی بگوازرێتەوە كە هەرێمی كوردستان خۆی هەڵیبژێرێت و سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی بكات، هاوكات لە میانەیەوە گواستنەوەی دارایی بۆ هەرێمی كوردستان راستەوخۆ بێت، بۆ ئەوەی شایستەی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بدات، هەروەها ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، بگوازرێتەوە، وەك بەشێك لە پشكی بودجەی فیدراڵی، تا ئەو كاتەی كە بەشەكانی تری لە پشكی بودجەی فیدراڵی لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە بەدەست دەگات.
لە بەشێكی دیكەی روانگەنامەكەی حكومەتی هەرێمدا، ئاماژە بەو سەردانە فەرمییانەی وەفدی حكومەت كراوە كە لە ساڵی 2019وە بۆ دانوستان لەبارەی دۆسێی نەوتی هەرێم چوونەتە بەغدا و لەگەڵ كابینە حكومییەكانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عیراق كۆبوونەتەوە.
هەڵوێستی حكومەتی هەرێم
حكومەتی هەرێمی كوردستان جەخت لەسەر هەڵوێستی خۆی كردۆتەوە، بەپێی هەردوو نووسراوی ژمارە (1839) لە رێكەوتی (5/10/2020) و نووسراوی ژمارە (379) لە رێكەوتی (18/10/2020) كە جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەكاتەوە:
1 - رادەستكردنی ئەو داهاتەی لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوتی هەرێم هاتووە، هەروەها پشتبەستن بە حوكمی یاسای كارگێڕیی دارایی فیدراڵی ژمارە (6) بۆ ساڵی 2019.
2 - دەرچوواندنی یاساكانی (نەوت و غازی فیدراڵ، دابەشكردنی داهاتی فیدراڵ، كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی، كۆمپانیای فرۆشتنی نەوت).
3 - رادەستكردنی داهاتی دەروازە سنوورییەكان بەو رێژەیەی لە یاساكەدا بڕیاری لەسەر دراوە.
4 - دووپاتكردنەوەی پڕەنسیپی شەفافییەت و پشتبەستن بە حوكمی بڕگەی/ دووەم، بەندی/ ب لە مادەی (34)ی یاسای كارگێڕیی دارایی فیدراڵ ژمارە (6) بۆ ساڵی 2019.
5 - حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ لارییەكی نییە لەبارەی بەڕێوەبردنی گومرگەكان بەپێی حوكمی بڕگەی/ یەكەم لە مادەی (114)ی دەستووری عیراقی فیدراڵ.
6 - حكومەتی هەرێم وایدەبینێت ئەو بڕە پارەیەی حكومەتی فیدراڵ بە قەرز وەریدەگرێت، پێویستە رێژەیەكی دادپەروەرانەی لێ دیاری بكرێت بۆ هەرێمی كوردستان، ئەم پرسەش بە روونی لە مادەی (106)ی دەستووری عیراقدا جەختی لەسەر كراوەتەوە.
7- حكومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ پاڵپشتیكردنی حكومەتی فیدراڵ لە بواری وزەدا، بە هەردوو دۆسێی كارەبا و غازیشەوە، بەپێی ئەو رێكارە یاساییانەی هەردوولا لەسەری رێكەوتوون.