مووچە لە نێوان بیانووەكانی بەغدا و پابەندنەبوونی هەرێمدا

10:57 - 2024-07-03
ئابووری
121 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی / ئیدریس جەبار




مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، وێڕای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، تا ئێستاش گیرۆدەی مەرجی بەبانكیكردن (توطين) و درەنگ ناردنی لیستەكانە، كێشەی مووچەی هێزە ئەمنیییەكانیش خۆی لە نێوان درنگ وردبینیكردن و (كۆد و ناوەكان)دا دەبینێتەوە كە وایان كردووە مووچەی ئەو توێژە فراوانە بۆ ماوەیەكی زۆر دوابەوێت و كاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆی هەرێم دروستبكات. 
كێشەی دواكەوتنی مووچە، ئێستا لە هەرێمی كوردستان بووەتە پرسی رۆژ و خەڵكی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە، هەندێك كێشەكە لە پابەندنەبوونی حكومەتی هەرێمدا دەبینن، هەندێكی تر پێیان وایە بەغدا بیانوو بە هەرێم دەگرێت و هەر جارە بە هۆكارێك ناردنی مووچە بۆ هەرێم دوادەخات.   

كێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەكان
هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەبارەت بە كێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەكان بە كوردستانی نوێی راگەیاند:»لە رابردوودا كێشە و لێكتێنەگەیشتن هەبوو، بەڵام لە دوای ناردنی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەكان لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە، ئەم كێشەیە كۆتایی هات، وەفدەكانی هەرێمیش لە سەردانەكانیان بۆ بەغدا، لێكتێگەیشتنی باشیان لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی فیدراڵ كردووە بۆ تێپەڕاندنی ئەو كێشەیە، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئەوەیە كە كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەكی گشتی كۆتایی پێهات، ئەمەش لە دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ كە حكومەتی فیدراڵی پابەندكرد بە ناردنی مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم لە رێی بانكە فیدراڵییەكانەوە، تا چیتر خەڵكی نەبێتە قوربانی كێشە سیاسییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ، لە كاتێكدا ئەو كێشانە لە ئێستا و رابردووشدا بوونیان هەبووە». 

سەردانی وەفدەكان هەرێم و بیانووەكانی بەغدا  
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت:»سەردانی بەردەوامی وەفدەكانی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا بۆ یەكلایی كردنەوەی تەواوی كێشەكانە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ كە هەر تەنیا دۆسێی مووچە نییە و دۆسێی نەوت و دەرهێنان و بەبازاڕكردن و فرۆشتنی نەوتە، لەگەڵ چەندان بابەتی تر كە لە نێوان هەردوولادا گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت». 
هەرێم كەمال ئاغا پێی وایە:»لە رابردوودا وەزارەتی داریی و دیوانی چاودێری بەغدا وردبینییان لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستاندا كردووە، دووبارە وردبینیكردن لەو لیستانە جێگەی پرسیارە و وەك بیانوویەكیش وایە، چونكە ئەم لیستەی ئێستا لەبەردەستیاندایە، لە مانگەكانی رابردوودا وردبینی بۆ كراوە، بۆیە دەبێت دواخستنی مووچە و ئەم كارە رۆتینی و بڕوبیانوانە كۆتاییان پێ بهێنرێت، ئەركەكە لەو رووەوە لە ئەستۆی وەفدی حكومەتی هەرێمدایە تا ئەم بیانوانە ببڕن، گەر هۆكاری كێشەكەش حكومەتی هەرێمی كوردستانە، لە رێی یاسا و دەستوور و رێكەوتنەوە چارەسەر بكرێت و كۆتایی پێبهێنرێت، ئەگەر لە چوارچێوەی دەستی بەدەستیكردنی حكومەتی فیدراڵیشدایە، پێویستە ئێمە هەڵوێستی خۆمان هەبێت، چونكە ناكرێت كێشەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت». 

   
 بیانووی نوێ   
هەر لەو بارەیەوە، سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: «ئاشكرایە كێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەكان لە نێوان بەغدا و حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە رابردوودا لەوەدا بوو كە حكومەتی هەرێم نەیدەویست ناوی هێزە ئەمنییەكان بۆ بەغدا بنێرێت، بە تایبەت پێشمەرگە و ئاسایش و هێزەكانی تر، ئەوەبوو سەرەتا لە رێگەی كۆدەوە نێردرا، بۆ چارەسەكردنی كێشەكەش فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەردانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد و داوامان كرد، حكومەتی هەرێم ناوەكان هەر بە كۆد بنێرێت، لەبەر ئەوەی پێویستی بە كات دەبێت كە پێویستە وەزارەتی دارایی عیراق دووبارە بینێرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، تا دیاریی بكرێن و سەرجەم رێنماییەكان جێبەجی بكرێن و جارێكی تر حكومەتی هەرێم لیستەكان بۆ بەغدا رەوانە بكاتەوە، لەبەرامبەردا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رازیی بوو حكومەتی هەرێم ناوی هێزە ئەمنییەكان بە كۆد بنێردرێت، ئەوەبوو وەجبەیەكی مووچە هات كە لە رێی كۆدەوە بوو، دواتر حكومەتی عیراق داوای كردەوە لیستەكان بە ناوی سیانی بنێردرێن، هێندەی ئێمە ئاگاداربین ژمێریاریی هێزە ئەمنییەكان بە ناو لیستەكانی مووچەی بۆ بەغدا رەوانە كردووە». 
بە وتەی سروە محەمەد:»هەمیشە لەگەڵ داواكردنی لیستی نوێ، بەغدا داوای زانیاریی نوێ دەكات، جاری واش هەیە ئەو زانیارییە نوێیانە دەبێتە هۆی ئەوەی بیانووی نوێی بەدوادابێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا پێویستە هەرێمی كوردستان ژمێریارییەكانیان ئامادەبێت، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە هێزە ئەمنییەكانەوە هەیە، تا هەر داواكارییەك لەلایەن بەغداوە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان كرایەوە، دەستبەجێ وەڵامی ئەو داواكارییانە بدرێتەوە». 
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت: «هەر داواكارییەك كە لە بەغداوە بۆ هەرێم دەنێردرێت و هەرێم وەڵامی دەداتەوە، پێویستی بە كات هەیە و لانیكەم هەفتەیەكی دەوێت، ئێمە دەتوانین چۆن كێشەی مووچەی فەرمانەرە مەدەنییەكانمان چارەسەركرد، ئاواش كێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەكانیش چارەسەربكەین». 
ئەو پەرلەمانتارە پێشنیاز دەكات:»وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم، فەرمانگەیەك لە بەغدا دابنێت، تا نزیك بێت لە وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ، تا هەر داواكارییەك هەبێت، راستەوخۆ ئەوان بتوانن وەڵامی بدەنەوە و پێویستی بە رۆتین و ئەو كاتە زۆرە نەبێت»، دڵنیاییش دەداتە هێزە ئەمنییەكان كە كێشەكەیان بەرەو كۆتایی دەچێت و مووچەكانیان نافەوتێت. 


كێشەكە لە نێوان كۆد و ناودایە 

هەر لەو چوارچێوەیەدا، جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە كوردستانی نوێی راگەیاند:»نازانم كێشەكە كەمتەرخی هەرێمە یاخود بەغدا بیانوو دەگرێت، بەڵام كێشەكە لەوەدا خۆی دەبنێتەوە كە بەغدا داوای لیستی ناوی هێزە ئەمنییەكان دەكات و هەرێمی كوردستان كۆدی ناردووە، بەغدا دەڵێت چۆن مامەڵە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی خۆمدا دەكەم، هەمان مامەڵە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی هەرێمدا دەكرێت، هێزە ئەمنییەكانی عیراق ناوییان ناردووە و دەبێت هێزە ئەمنییەكانی هەرێمیش ناو بنێرێت، چونكە ئەوان ناتوانن بە پێی كۆد پارە بدەن كە نازانن پیاوە یان ژن، یان ناونیشانی كار و پیشەی چییە، ئەوان پێویستیان بە خشتەیەكی روونە كە تێیدا ناو و پلە و زانیاریی ئەو كەسە لەخۆبگرێت كە مووچە وەردەگرێت، ئەمە دەقی قسەی وەزیری دارایی حكومەتی فیدراڵە، كە پێی وتین: دەزگا ئەمنییەكانی وەك بەرگری و ناوخۆ و ئاسایشی نیشتمانیی و دژ تیرۆر و حەشدی شەعبی و هەواڵگری هەموو ئەوانە ناوییان لە وەزارەتی دارایی هەیە، ئێمە هیچ مووچەیەك لە عیراقدا نادەین بەبێ ناو، لەبەر ئەوە دەبێت هەرێمیش ناوەكان رەوانە بكات». 
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە پێویستی دەزانێت، حكومەتی هەرێم خۆی یەكلایی بكاتەوە لەو بابەتەدا، یان ناوەكان بنێرێت، یان رێكەوتنێكی راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدراڵ بكات و رازیی بكەن بەوەی ناكرێت ناوەكان بنێرن و ئەو بابەتە كۆتایی پێبهێنن، چونكە ناكرێت هەموو مانگێك ئەم هێنان و بردنە بەردەوام بێت و خەڵكی ئازاری پێبگات، دەبێت هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ كۆتایی بەم كێشەیە بهێنن. 

 



بابەتە پەیوەندیدارەکان