گەشتوگوزاری راپەڕین پێویستی بە خزمەتگوزارییە

10:44 - 2022-06-21
ڕاپۆرت
878 جار خوێندراوەتەوە
دۆڵی شەهیدان لە سەنگەسەر فۆتۆ: ئاسۆ قادر

 راپۆرتی/ جێگر خدر

لە سنووری ئیدارەی راپەڕین زیاتر لە 70 ناوچەی گەشتیاری هەن، بەڵام کەمی خزمەتگوزاری  وایکردووە رێژەیەکی کەم گەشتیار رووی تێبکەن.

گەشتوگوزاری چوار وەرزە
جیاوازی کەشوهەوای چەند ناوچەیەکی ئیدارەی راپەڕین رێگەی بۆ گەشتیاری چوار وەرزە خۆشکردووە، بەجۆرێک جگە لە بەهار و هاوین بۆ وەرزەکانی پایز و زیستانیش شوێنی شیاوی گەشتیاریی هەن، ئێستا سەرکەپکان و بێتواتە و سەنگەسەر و هەڵشۆ، هەروەها مەرگەش چەندین شوێنی دڵرفێن و رازاوە سروشتی جوانیان هەن، دەخوازێت گەشتیار رووی تێبکەن، بەڵام وەک گەشتیاران ئاماژەی پێدەکەن، نەبوونی رێگەوبانی شیاو و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی گەشتیاری وەک؛ هۆتێل، مۆتێل، کەپر، بازاڕی گەشتیاری، لەو جێگەیانەدا نییە، ئەمەش وایکردووە کەمتر گەشتیار روو لەو ناوچانە بکەن.
تاڤگەی دۆڵی شەهیدان لە ناحیەی سەنگەسەری پشدەر، یەکێکە لەو شوێنە دڵگیرانە لەو سنوورە، دیمەنێکی سەرنجراکێشی هەیە و گەشتیار حەزی پێیەتی، بەڵام وەک بێگەرد، کە لە سلێمانییەوە بۆی هاتووە باسی لێوەدەکات نەبوونی خزمەتگوزاری ماندوێتی نەحەساندۆتەوە»رێگەیەکی ناخۆش بوو، زیاتر لە دوو سەعات بەرێگەوەبووین تابگەین بە ئێرە، شوێنێکی دڵگیر و جوان، مرۆڤ حەز دەکات تێیدا بمێنێتەوە، بەڵام خۆ نەهۆتێل نە ڤێلا، نە جێگەیەکی مانەوەی لێنییە، ناچارین بگەڕێینەوە و دواجاریش ماندوێتی چێژی گەشتەکەمان ناهێڵێت».
هەروەها لە ئیدارەی راپەڕین زیاتر لە 350 ناوچەی شوێنەواری هەن. وەزارەتی شارەوانی پلانی هەیە بۆ دروستکردنی مۆزەخانە و داوایان لە حکومەت کردووە تاوەکو بودجەی تایبەت بۆ دروستکردنی مۆزەخانەکە تەرخانبکات.

راپەڕین چاوی لە گەشتیاری دەرەکییە
جگە لە سەیرانکەری ناوخۆی ئیدارەی راپەڕین، لە شارەکانی دیکەی هەرێمیشەوە گەشتیار دێن بۆ ئەو ناوچە گەشتیاریانە، بەڵام رێژەیان کەمە، گەشتوگوزاری راپەڕین چاوی لەوەیە خەڵکی زیاتر بێن، بە تایبەت گەشتیاری ناوەڕاست و خوارووی عیراق، بەو پێیەش ناوچەکە هاوسنووری کۆماری ئیسلامی ئێرانە، دەکرێ گەشتیاری ئێران و شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش رووی تێبکەن، ئارام پیرۆت بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری راپەڕین دەڵێت» ساڵانی رابردوو گەشتیارێکی زۆر لە شارەکانی رۆژهەڵاتەوە، هەروەها گرووپی گەشتاری عەرەب، جگە لە شارەکانی دیکەی نێوخۆی هەرێم دەهاتنە ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان، بەڵام کەمی خزمەتگوزاری هانی نەدان گەشتیاری زیاتر رابکێشن و بگرە زۆر کەمیکرد». 
ئارام پیرۆت باس لەوەشدەکات، ئەوان پەیامی خۆیان بە سەرووی خۆیان، دەستەی گەشتوگوزار و ئیدارەی راپەڕین گەیاندووە، کەمیی خزمەتگوزارییەکان هانی گەشتیار نادات، پێویستی بە کارکردنی جدیە، لە راپەڕین نزیکەی 70 شوێنی گەشتیاری هەن، کە دەکرێ هاندەرێکی باشبێت بۆ بوژانەوەی ئابووری ناوچەکە، هاتنی رێژەیەکی زۆری گەشتیار داهاتی ئیدارەکە زیاتر دەکات، هەلی کاری باش بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە و ناوەندی شارەکانیش دەڕەخسێنێت.

پلانی گەشتاریی
راگواز دانیشتووی رانیەیە، دەڵێت پێویستە لایەنی پەیوەندیدار پلانی بۆ گەشتیاری لەو سنوورە هەبێت، بکرێتە کەرتێکی دەوڵەمەند و سوودێکی زۆری ئابووریشی هەبێت» بە تەنها لە سنووری دەربەندی رانیە چەند شوێنێک هەن پێویستە پڕۆژەی گرنگی گەشتیاری تێدا دروستبکرێت، لە دەوروبەری ئاوی دەربەند چەند پڕۆژەیەکی مانەوە دروستبکرێن کە بەتایبەت لە وەرزی بەهار و هاویندا وادەکات گەشتیارێکی زۆرتر رووی تێبکات».
راگواز ئاماژە بە نەورەسەکانی نزیک دەربەند دەکات، هەموو ساڵێك لە سەرەتای وەرزی هاویندا باڵندە نەورەسەكان لە ناوەڕاست و خوارووی عیراقەوە، لە گردی (دوو گرتكان) لە ناو دەریاچەی دەربەندی رانیە دەگیرسێنەوە و ژمارەیان نزیكەی 120 هەزار باڵندەی نەورەسە» نەورەسەکان دەهێنێ بکرێتە شوێنێک کە دەرفەتی سەیرکردنی ئەو دیمەنە جوانانە بۆ گەشتیار بڕەخسێت و گەشتیارێکی زۆرتر رووی تێبکەن».
لە سەرەتای وەرزی بەهارەوە»گوڵاڵە سوورەکانی دەربەندی رانیە» دەرکەوتن، کە دیمەنێکی جوان و سەرنجراکێشی هەبوو و خەڵکانێکی زۆر بۆ بینینیان و وێنەگرتن سەردانیان دەکرد، ئەم سەردانیکردنە چەند هەفتەیەکی خایاند، بەڵام خاوەنی زەوییەکە بۆ نەهێشتنی هاتنی ئەو خەڵکە زۆرە، زەویەکەی کێڵا، پێروو کە خۆی زیاتر لە جارێک سەردانی ئەو شوێنەی کردبوو، نیگەرانیی خۆی دەربڕی کاتێک ئەو سروشتە جوانە سوودی لێوەرنەگیرا و کێڵرا» دەبوو لایەنی پەیوەندیدار هۆشیارییان بە خاوەن زەویەکە بدایە، ئەو گوڵاڵە سوورانە سوودی دارایی باشی بۆی دەبێت و پلانی بە گەشتیارییکردنیان بۆدابنایە».
جیا لەچەند هەوڵێکی سەرەتایی خاوەن موڵکەکانی شوێنە گەشتیارییەکان، حکومەتی هەرێم وەک پێویست ئاوڕی لەو کەرتە نەداوەتەوە، لە کاتێکدا زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو کە سروشتی جوان یاریدەی داوە، گەشتیاریی وەک ئەڵتەرناتیڤی نەوت و کانزاکان داناوە و باری دارایی وڵاتی بە ئەندازەیەکی زۆر پێباش کردووە.

#گەشتوگوزار

بابەتە پەیوەندیدارەکان