دیمەنی ناشیرینە و کێشەی هاتووچۆشی دروستکردووە...

بەدواداچوون بۆ شوێنی کاسبیی كۆنەفرۆشانی هەولێر

09:30 - 2024-07-04
ڕاپۆرت
326 جار خوێندراوەتەوە
#بازاڕی کۆنەفرۆشانی نزیك مزگەوتی شێخ مستەفا

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

بازاڕی كۆنەفرۆشانی هەولێر سەرەڕای چەند جارێك گواستنەوەی شوێنەكەی، بەڵام یەكێكە لەكۆنترین بازاڕەكانی شارەكە كە كەلوپەلی كۆنی ماڵانی تێدا دەفرۆشرێت، پێشتر لە نزیك بازاڕی شێخەڵڵا بوو، دواتر گواسترایەوە بۆ ئەو شوێنەی ئێستای كە نزیكە لە مزگەوتی شێخ مستەفا، ئەوەی دەبینرێت بازاڕێكی بێسەروبەرەیە، شوێنی فرۆشتنی کەلوپەلەکان بە ئاسن دروستکراوە جگە لەوەی بەشێکی تر لەسەر مێز و عەرەبانە دەفرۆشرێت، بەهۆی ناڕێکی شوێنی فرۆشتنەوە، قەرەباڵغییەكی زۆر لە ناوچەكەدا دروست بووە، هەروەها دیمەنێكی ناشیرینی بە گوزەرەكە داوە و كێشەی بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەكانی ئەو ناوچەیەش دروستكردووە.
جەعفەر محەمەد هاووڵاتییەكی هەولێرە دەڵێت: راستە ئەو بازاڕە بۆ فرۆشتنی شتی كۆنەی ماڵان بەكاردێت، بەڵام ناشكرێت بەو شێوە خراپە بەڕێوەبچێت كە قەرەباڵغییەکی زۆری دروست کردووە، لایەنی بەرپرس دەتوانێت لە شوێنێکی سەرداخراوی مۆدێرندا ئەو فرۆشیارانە کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی هەریەک لەلای خۆیەوە کەلوپەل بڵاونەکاتەوە.
ئاسۆ حەمەد ماوەی نۆ ساڵە لە بازاڕی کۆنەفرۆشانی هەولێر دوکانی هەیە دەڵێت: سەڕەرای ئەوەی جێگەكانمان بەشێوەیەكی باش دروست نەكراوە، شوێنەکەمان خزمەتگوزاری نییە و زەوییەکەی کۆنکرێت نییە، بەڵام لەترسی ئەوەی شوێنەكەمان لێ نەسەننەوە قسەناکەین، لە ساڵانی رابردوو دوكانەكەم بە 20 هەزار دۆلار كڕیوە، كاسبكاریشی تێدایە بە یەك ملیۆن دینار دوكانی بەكرێ گرتووە، ناشزانین ئەو موڵكە هی كێیە.
وتیشی: بەهۆی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان بازاڕمان خراپە، لەبەرئەوەی لە رابردوودا زۆربەی کڕیارانمان ئەوان بوون، هەروەها کردنەوەی بازاڕی کۆنەفرۆشی لە چەند شوێنێکی تری هەولێر کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر کارەکانمان دروستکردووە.

 

شارەوانی یەكی هەولێر: لە بەرنامەدایە بازاڕی كۆنەفرۆشان بۆ شوێنێكی تر بگوازینەوە

 

فرۆشیارێکی تری کۆنە لە بازاڕەکە وتی: چەند جارێك لایەنی پەیوەندیداری حكومەتمان ئاگادار کردووەتەوە کە خزمەتگوزاریمان بۆ بکەن، بەڵام هیچیان بۆ نەکردین، هەرچەندە ترسمان هەیە بەبیانووی جێنەجێکردنی خزمەتگوزاری شوێنەکەمان لێ وەربگرنەوە و بیکەنە باڵەخانەی بەرز، دواتر بە نرخی گران پێمان بفرۆشنەوە، یان لە دەرەوەی شار بازاڕمان بۆ دروست بکەن.
لە بازاڕەکەدا نزیکەی 100 دوکانی کۆنەفرۆشی هەیە، کە بژێوی دەیان خێزانی لەسەرە. 
سەبارەت بە شوێن و كارەكانی ئەو كاسبكارە كۆنەفرۆشانەی نزیك لە مزگەوتی شێخ مستەفا، سەرچاوەیەك لە شارەوانی یەكی هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەو كەسانەی دوكان و كابینەیان لەسەر ئەو پارچە زەوییە دروستكردووە سەرجەمیان زیادەڕەوییە و هیچ لایەنێك بەوانی نەداوە و ئەگەر دەشڵێن كڕیویانە با بەڵگەی كڕینەكانیان بهێنن كە نییانە.
وتیشی: زەوییەكە هی كەسێكە لەو شارە نەوەك هی حكومەت، ئەو دوكاندارانەش ماوەی زیاتر لە بیست ساڵە دوكان و كابینەیان لەو شوێنە كردۆتەوە و ئێستا شارەوانی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر لە بەرنامەیاندایە لە داهاتوودا چەند بازاڕێكی میللی وەك پایسكیل فرۆشان و ماتۆڕفرۆشان و كۆنەفرۆشان بۆ شوێنێكی تر بگوازنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان