لە ئاکرێ، دۆندرمه‌ بە تام و چێژی کوردەواری

09:33 - 2024-07-04
ڕاپۆرت
311 جار خوێندراوەتەوە
ئەزموونی تێکەڵکردنی شیری خۆماڵی لەگەڵ پێکهاتەی دۆندرمه‌دا

راپۆرتی/ ئه‌یاز هه‌ركی 

دۆندرمه‌ی ئاكرێ ماوەی 65 ساڵە بە شیری بزن و شه‌كر بە شێوەیەکی کورده‌واری و سروشتی دروست دەکرێت، تامێکی خۆماڵی و جیاوازی هەیە و هیچ مادده‌ و بەرهەمێکی تری تێدا بەکارناهێنرێت. بۆیە سروشت و ناوبانگی خۆی پاراستووە و رۆژانە گەشتیارێکی زۆر بە تایبەت بۆ خواردنی دۆندرمه‌ سەردانی ئاكرێ دەکەن.
عه‌لی ئاكره‌یی هاووڵاتی وتی: دڵخۆشین شارەکەمان بەناوبانگە بە دۆندرمەی خۆماڵی و چەند بەرهەمێكی دیکەی کوردەواری، کاتێک میوانێک دێتە لامان بەوپەڕی متمانەوە دەیبەین بۆ خواردنی دۆندرمەی خۆماڵی، هەرکەسێک سەردانی ئاكرێ بکات و لە دۆندرمەکەی نەخوات وابزانێت سەردانی شارەکەی نەکردووە.
بیرهات گه‌شتیارێكی قه‌زای ئامێدییە بۆ خواردنی دۆندرمە هاتووەتە ئاکرێ و وتی: تامێکی خۆشی کورده‌واری هەیە و جیاوازە لەو دۆندرمانەی لە رابردوودا خواردومن.

 

خاوەنی دۆندرمەی ئاکرێ: دۆندرمه‌كه‌مان لە شیری بزنی خۆماڵی دروست دەکرێت

چۆنیەتی دروستکردنی
له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌شیر سه‌لمان خاوه‌نی دۆندرمه‌ی ئاكرێ وتی: ساڵی 1958 کاتێک باوکم و جومعە عەلی لە خزمەتی سەربازی گەڕاونەتەوە، لە مقێم ـ بازاڕی کۆنی ئاکرێ دەستیان کردووە بە دروستکردنی دۆندرمە کە ئێستا هیچیان لە ژیاندا نەماون. لە سەرەتاوە تائێستا دۆندرمه‌ بە ئامێری کۆن و كۆتانی دار دروست دەکرێت و زه‌حمه‌تێكی زۆری پێوه‌ ده‌بینین تا ئاماده‌ ده‌كرێت، لە کۆندا وه‌رزی زستان لە شاخه‌كانی ئاکرێ بەفر کۆدەکرایەوە هه‌ڵده‌گیراو لە هاویناندا دۆندرمەی پێ‌ دروست دەکرا.
وتیشی: دۆندرمه‌كه‌مان لە شیری بزنی خۆماڵی و شه‌كر بەشێوازێكی سروشتی دروست دەکەین و تامێکی خۆماڵی و جیاوازی هەیە، هه‌روه‌ها هیچ مادده‌ و بەرهەمێکی تر بەکارناهێنین. بۆیە رۆژانە هاووڵاتیان و گەشتیارێكی زۆر لە هەموو شارەکانی کوردستان و عیراقه‌وه‌ بۆ دۆندرمە خواردن سەردانمان دەکەن.
 ئاماژەی بەوەشکرد، دۆندرمەکەمان خواستێكی زۆری له‌سه‌ره‌ و به‌شێوازی تایبه‌ت نێردراوه‌ بۆ زۆربه‌ی شارەکانی عیراق و گەیشتووه‌ته‌ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپاش.
ئاكرێ بە بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی خۆماڵی و کورده‌واری ناوبانگی دەركردووه‌ و له‌ زۆر بواردا تایبه‌تمه‌ندی كورده‌واری خۆی پاراستووه.‌

 

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان