فێنکی بە قسەکانم دەبەخشێ .. شەپۆلت

09:04 - 2024-07-04
ئەدەب و هونەر
126 جار خوێندراوەتەوە

بورهان بەرزنجی

 
ڕوباری من
لە پەنجەکانمەوە گۆرانیت دەچڕێ و
تینوێتیم ڕاودەنێ ،
لە قەراغتا جەستەم داخ دەکا .. لمی سۆزت .
وێنەم دەکێشێ و
پرچی درێژی خۆشەویستیت دەمپۆشێت و
فێنکی بە قسەکانم دەبەخشێ .. شەپۆلت .
کراسی تازەی باوەشتم پێ لەبەردەکا و
کەمانچەی دڵت
باوەشێنی ئاوازەکانم دەکا .. کزەبای ئەوینت .
لیخنی ئاوم خۆی ڕووت دەکاتەوە و
وێنەکانی جەستەت قسەم بۆ بکەن
خۆم ئەتەکێنم لە خەم .
لەسەر تەنافی چاوەکانم
باڵندەی خۆشەویستیت بنیشێتەوە ،
گوێم هەڵئەخەم هەگبەکانی پڕ بکەیت لە جریوەت .
هێلانەم تۆی
لە سەر قۆڵی شۆستەکانی هەولێر دەخەوم .
منارە دەکەم بەسەرینم و
گەڵای خۆشەویستیت بەجەستەما بدروو ،
عەورەتی بێ تۆیی زۆر قورسە
تانووتی درەختەکان دەمکوژن.
وەرە کانیاوی شێتی ئەم ئەوینەم بتەقێنە ،
کانی کوێر کوا دەبێتە گۆرانی بێژ کوا .
وەرە بمنووسە
لە سەر بەرد
لە سەر دیوارەکانی شار و دێ و
شاخ و دەشت .. بمنووسە
شەرم مەکە بمنووسە .
وەرە بمخۆرەوە با لە ناختا خەوێکم لێکەوێ .
قاچت لامەدە
بەر سەری شیعرم بکەوێ پاک دەبمەوە لە کوناحی دابڕان.!
پینەی دیدارە دڕاوەکانی ژیانم بکە ،
نەوەک
شیعرەکانی جەستەت
نەتوانن شمشاڵی ڕۆژگاری ئەم عیشقەم بژەنن .
لەسەر ڕانی ئەم کانییەت سەرم دانێ ،
پەنجەی ماچت بە قژما بهێنە ،
دەبارێم
لافاو ئاسا بێ شەرم دێمە حەوشەتان و
وەک بیلالی حەبەشی .. بانگی خۆشەویستی
دەدەم .!

بابەتە پەیوەندیدارەکان