بێستون سابوراوایی
چوومە پەنای گاشە بەردێ
پرسیم کەی باران بەبەردێ؟
وتی ئەوکاتەی کە بەردیش
لەگەڵ ناخی خۆی بەشەڕدێ . .
سەردانێکی پیرەدارێک
بردمی بۆ یادی جارێک
ئەو جارەی تازەنەمام بوو
چاویان تێ بڕیبوو شارێک. .
رووبارێک بوو بوو بەهاوڕێم
،بێ ئەوەی تێبگا من کێم
کە زانی شوانی بەردانم
شەپۆلیدا و زویر بوو لێم . .
شەوێک میوانی ئاگر بووم
،هەر ویستیشم لای ئەو بنوم
نەمزانی چۆن ئەوێی جێهێشت
ناچار بەگژ دووکەڵا چووم. .
گوێم لە چپەی ڕەشەبا بوو
ئەیوت خۆت بێدەنگ بکە و بنوو
کە زانی هەر داناچەمێم
بردی هەرچی وشەی هەمبوو . .
خاک و خۆڵێک دایکمی برد
بۆ کاروانان کردی بەپرد . .
هەر ڕێبوارێک لێی پەڕیەوە
پارچەیەکی لەو پردە برد . .